ئاراستەی خوێندن و دیدی زانست لە کۆمەڵگەی کوردیدا

 

اد. رۆژگار حەمید عەلی، مامۆستای زانکۆ
د. رۆژگار حەمید عەلی

 

نازانم ئاراستەی تێگەیشتنی تاکی عێراقی بە کورد و عەرەبەوە بۆ زانست و خوێندن بەرەو کوێ دەڕوات، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی ‌هەڵگری بڕوانامەی زانستین، لە خودی چەمکی زانست تێنەگەیشتوون، بۆیە دڵنیانیم لەوەی هەڵگری کۆمەڵێک بڕوانامەی هەڵواسراوی سەر دیوار، مانای تێگەیشتوویی ئەو کەسە بێت لە بابەتێکی زانستیی دیاریکراو، یاخود یارمەتیدەری بێت لە بەکارهێنانی ئەو زانستە لە بەڕێکردنی کاروباری رۆژانەی خۆی و خەڵک، یان دۆزینەوەی هەلی کار، یاخود هەر داهێنانێک کە لە نێوەندە زانستیە جیهانییەکاندا دەنگ بداتەوە، تەنانەت تێناگەم بۆچی تاکی عێراقی، لە زانکۆ دەخوێنێت! سیستەمی خوێندن لە عیراق بە گشتی (بە کوردستانیشەوە) لەوە دەچێت تەنیا بریتی بێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاری نەوەک فێرکردنی بیرکرندەوە و داهێنان، لە کاتێکدا بنچینەی خوێندن لە وڵاتانی پێشکەوتوو، زیاتر دەوەستێتە سەر بیکردنەوەی عەقڵانی و رەخنەگری (Logical and critical thinking) کە لەڕێگەیەوە ئەو هەموو داهێنانە هێنراونەتە کایەوە کە ئەمڕۆ دەیانبینین، هەر لە دۆزینەوەی کارەباوە تاوەکو ئێکس رەی، ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، کەشتیی ئاسمانی و ئەو هەموو دەرمانانەی رۆژانە ژیانی خەڵک رزگار دەکەن، پێشکەوتنەکان لە وڵاتان بە جۆرێکن، کە تاکە کەس بووەتە خاوەنی پڕۆژەی ناردنە دەرەوەی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ، بە رای من، پێویستمان بە هەڵوەستەیەکی جدی هەیە، بۆچی لای خۆمان ئەو هەموو خاوەن بڕوانامە زانکۆییە هەن، کەچی هیچ دۆزینەوەیەک لە کۆمەڵگەکانی ئەو ناوچەیە نییە؟ 

هەرچی دۆزینەوە هەیە، لەسەر بنچینەیەکی زانستی دۆزراوەتەوە، زانستیش بەم شێوەیە کار دەکات: تیۆرێکت هەیە، کاری بۆ دەکەی و دەیسەلمێنیت، یاخود بە درۆی دەخەیەوە، هیچ هەست و سۆزێکی تێدا نییە، پەیوەندیی بە بیروباوڕەوە نییە، کاتێک جۆهانز کیپلەر، گەیشتە ئەو ئەنجامەی هەسارەکان وەک زەوی لە خولگەیەکی هێلکەییدا بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە، یەکسەر قبووڵی بەڵگەکانی کرد، کە تا ئەوپەڕی، پێچەوانەی بیروباوەڕی بوون، زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی، نەوەک هەر ناتوانن شتێکی وەک مۆبایل، فڕۆکە یان مانگی دەستکرد دروستبکەن، بەڵکو ناتوانن بە رێکوپێکی بەکاریشیان بهێنن.

باسکردنی بابەتی زانستی لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی بەشێوەیەکی نەزانانە، بە بێ سنوور بەربڵاوە، بەتایبەت لە سۆشیاڵ میدیا، زۆربەی خەڵک ماف بە خۆیان دەدەن باسی زانیارییەکی زانستیی زۆر دیاریکراو بکەن، بێ ئەوەی زانیارییان لەسەری هەبێت، یان لێی شارەزابن، لەوە دەچێت تاکی کورد، هەستیاریی لەگەڵ وشەی 'نازانم'ـدا هەبێت، یاخود پێی شەرم بێت، خۆم پسپۆڕییەکەم دەرمانزانییە و لە ساڵانی نەودەکانەوە خەریکی نووسین و وەرگێرانم لە چەندین بواری زانستی بەشێوەیەکی گشتی، بەدواداچوونێکی باشیشم هەیە، ئینجا زۆر رێگە بە خۆم نادەم بۆ نموونە باس لە وێنە تازەگیراوەکانی گەردوون و تەلەسکۆپی جەیمس وێب بکەم، تا بکرێت، خۆم بەدووردەگرم، چونکە پسپۆڕیی من نییە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێ زانیاری رێگە بە خۆیان دەدەن لە سۆشیال میدیادا قسەی لەسەر بکەن، بە جۆرێک مرۆڤ نازانی چی بڵێت؛ بانگخوازێک دەڵی 'ئەوەی ئەو تەلەسکۆپە وێنەی گرتووە لە قورئان باسکراوە' و، ئایەتێکیشی بە پۆستەکەیەوە لکاندبوو، هاوڕێیەکی چەپیش نووسیبووی 'ئەو تەلەسکۆپە یەکەم هەنگاوە بۆ لەنێوبردنی خورافیات'، برادەرێكی رۆژنامەڤانیش کە بۆ یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە دیارەکان دەنووسێت، نووسیبووی 'درۆکانی ناسا و فێڵکردن لە خەڵک.' واتا هەموو حوکمەتی ئەمریکی بە ناساوە، دەیانەوێت فێڵ لەو برادەرە بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە و فێڵەکەیانی ئاشکرا کردووە!  هەر چۆن سەیری سۆشیاڵ میدیا بکەی، ریکلامی ڤیدیۆیی چەندین بە ناو دەرمانی گیایی دێتە بەرچاوت، کە گوایە چارەسەری هەرچی نەخۆشیە بێچارەسەرەکان هەیە، دەیکەن و، پشتی زانکۆی هارڤارد و کامبرێج و هەرچی تاقیگەی پێشکەوتووەی دەرمان هەیە، لە سوێد و بەریتانیا و ئەمریکا شکاندوویانە! سەدان نموونەی دیکەش.

کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو شتێک زیاتر پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی زانستییە، پێویستە خەڵك لەوە تێبگەیێنرێت؛ هەڵگری بڕوانامە، مانای رۆشنبیریی کەسەکە نییە و، (بڕوانامە) مافی ئەوەی پێنادات لەسەر هەموو شتێک قسە بکات، چونکە 'دوژمنی راستەقینەی زانین' هەروەک مارتن لوسەرکینگ دەڵێ 'نەزانین نییە، بەڵکو وەهمی زانینە، هەستکردن بە زانابوونە، لە کاتێکدا هیچ نەزانی.' پێویستیشە ئەم هۆشیارکردنەوە لە ئەلف و بێوە دەستپێبکات، لە پرسیارە زۆر سادەکانەوە دەستپێبکات، چونکە خەڵکانێک هەن، کە مامۆستای زانکۆشن، کەچی تائێستاش بڕوایان وایە؛ زەوی تەختە و مرۆڤ گەشتی بۆ سەر مانگ نەکردووە! تائێستا زۆربەی هەرە زۆری تاکی کورد، وادەزانێ زانست بابەتێکی بڕوائاسایە، یەکەم هەنگاوی پێوست بۆ ئەم کێشەیە، راستکردنەوەی ئاراستەی میدیاکانە، پێویستە میدیاکان بەگشتی بەرەو هۆشیارکردنەوەی زانستی ئاراستە بکرێن، کەسانی پسپۆر و شارەزا بهێنرێنە پێشەوە و بکرێنە دەمڕاستی باسکردنی بابەتی زانستی لە میدیا و کەناڵەکاندا، میدیاکان پێویستە راوێژکاری زانستیان هەبێت و خۆیان بە دووربگرن لە گەورەکردنی بابەتی نازانستی، کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا هیچ بەهایەکی نییە.

خوێندنیش بەجۆرێک ئاراستەبکرێت، کە بۆشاییە پراکتیکییەکانی نێو کۆمەڵگە و جیهانی ئەم سەردەمە چارەسەر بکات و، چەمکی زانست بۆ قوتابییان و مامۆستایان روونبکاتەوە، نەوەک بۆ وەرگرتنی بڕوانامەیەک بێت، کە تەنها بۆ پتەوکردنی کەسایەتی و سی ڤی سوودی هەبێت، بەجۆرێک کە وا دەکات خوێندنی زانکۆ بریتی بێت لە پرۆسەیەکی بەفیڕۆدانی کات و وزەیەکی زۆر و، دروستکردنی حاڵەتێکی سایکۆلۆژی بۆ دەرچووان کە تادەمرن، نەتوانن لەو کۆت و بەندە فیکریە دەربازیان ببێت، چونکە خەڵك لە کوردستان و عێراقیش بە هەمان شێوە، هەر لە وەهمی ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا دەژین، کە سەردەمێک بوو بڕوانامە بەهای خۆی هەبوو و داهاتووی تاکی مسۆگەر دەکرد، بەڵام ئەم سەردەمە کۆتایی هات، هەروەک نووسەری ناوداری عراقی عەلی وەردی دەڵێ 'سەردەمی ئەفەندیبوون کۆتایی هات'، بۆیە زۆر بە پێویستی دەزانم؛ دایک و باوکان لە میدیاکانەوە لەبارەی داهاتووی منداڵەکانیان هۆشیار بکرێنەوە، پێش ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان هیچ بڕیارێک لەبارەی دیاریکردنی ئەو بەشەی لێی دەخوێنن، بدەن.

لە ئەمریکا، کە یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، بەپێی دوایین توێژینەوە 37.7٪ـی خەڵکەکەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرزتریان هەیە، لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەشدا خەڵک پێش بڕیاردان لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە بۆ بڕیارەکانیان دەکەن، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو توێژینەوانەی داهاتووی هەر بەشێکی زانستی بە وردی لێکداوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، من لەگەڵ ئەوەدا نیم هەموو کەسێک خوێندنی زانکۆ تەواو بکات، خەڵک پێویستە هانبدرێن کە پەیمانگە و ئامادەییە پیشەییەکان تەواو بکەن و، زوو دەست بە کارێک بکات لەبری ئەوەی خۆی بخاتە رێگەی خوێندنێکی بێ داهاتوو، کە هیچ سوودێک بە خۆی و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی ناگەیەنێت.

سەرچاوە : ڕووداو