شاعیری گەورەی کورد هێمن، لە باسی یەکەم رۆژی دەستپێکی قوتابخانەیدا، دەڵێ: «من له ژیانم دا رۆژی ڕه‌ش و تاڵم زۆر بوون، به‌ڵام ڕۆژی ڕه‌ش و تاڵترم له‌و ڕۆژه نه‌دیوه که چوومه مه‌دره‌سه. مامۆستاکه‌م که خۆی کورد بوو و دوایه‌ش تێگه‌یشتم فارسی باش نازانێ، به فارسی تێی راخوڕیم هیچی لێتێنه‌گه‌یشتم. هاوده‌رسه‌کانم که هه‌موویان له من باوخۆشتر بوون پێم پێکه‌نین، زۆر به خۆم دا شکامه‌وه. ماوه‌یه‌ک به شه‌و له بن لێفه‌دا له ترسی مه‌دره‌سه ده‌گریام و به‌یانی به قرخه‌مه‌ره‌سی ده‌چوومه‌وه...».
به‌خۆشه‌ویستکردنی قوتابخانه لای مناڵان به شێوه‌یه‌ک که شه‌وانه به خه‌نده‌وه چاوه‌ڕوانی ڕۆژی ئایندهی قوتابخانه‌یان بکه‌ن، دەبێت یەکەم ئەرکی سەرەتای قوتابخانە بێت، نه‌وه‌ک وه‌ک مامۆستا هێمنی شاعیر ترسی قوتابخانه وایلێبکات که نه‌خوازێت ڕۆژێکی تر ڕوویتێبکاتهوه،
قه‌ده‌غه‌کردنی خوێندن به زمانی دایک چه‌ندین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م مناڵ و قوتابیدا داده‌نێت. به‌هره‌یان لێزه‌وت ده‌کات و هه‌ستی بڕوابه‌خۆبوونیان ناهێڵێت.
ڕێکه‌وت نیه، کاتێک له کوردستان زمانی خوێندن له عه‌ره‌بییه‌وه، له دوای به‌یاننامه‌ی 11 ی ئازاری ساڵی 1970 بۆ زمانی شیرینی کوردی گۆڕدرا، ژماره‌ی قوتابیانی کورد به‌راده‌یه‌کی زۆر له‌به‌رچاو له قۆناغه‌کانی ئاماده‌یی و له زانکۆکان‌دا به‌رزبۆوه و زیادیکرد. مناڵی کورد بڕوای به خۆی په‌یدا کرد و تامی سه‌رکه‌وتنی کرد و خونچەی توانا و بەهرەکانی گەشانەوە.
به توانایی له زمانی دایکدا و توانای خوێندنه‌وه و نوسین به‌م زمانه زامنی پاراستنی نه‌ته‌وه و کلتور و ئه‌ده‌ب و مێژووی ئه‌و گه‌له‌یه. ئه‌م ڕاستیه‌ش لای نه‌یارانی کورد زۆر ئاشکرایە هه‌ر بۆیه یه‌که‌م هێرش که کردویانه‌ته سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد قه‌ده‌غه‌کردنی زمانه‌که‌ی بووه.
پێش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام، له به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆی سوید، ده‌رباره‌ی پرسی کورد له تورکیا دا، کوردێکی باکوور وتی ئێمه ده‌مانه‌وێت کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و زمانی کوردیش وه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی تورکیادا به فه‌رمی دانیپێدابنرێت. به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وه‌ی که له ده‌ستووری ئێراقدا دانیپێدانراوه. ڕۆژنامه‌نوسه سویدیه‌که وتی: «به‌ڵام کوردی ئێراق دووچاری ئه‌و هه‌موو چه‌وسانه‌وه و زوڵمه بوون به‌ده‌ست ڕژێمی ئێراقه‌وه تۆ چۆن ده‌ته‌وێت کورد له تورکیا وه‌کو ئه‌وان بێت؟».
بۆ کوردێک ئاسانه تێبگات که قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی دایک چ کاریگه‌رێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر مان و نه‌مانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌یه. زۆرینه‌ی کوردانی باکوور، به تایبه‌تی کوردانی ناوچه‌ی کۆنیا، که وه‌ک هێزی کار له ساڵانی حه‌فتاکاندا بۆ ئه‌وروپا، به تایبه‌تی سوید و ئه‌ڵه‌مانیا هاتن، توانای خوێندنه‌وه و نوسینیان به زمانی کوردی نه‌بوو و ته‌نانه‌ت وه‌کو هێزی کاری تورکی ناونوسکران و بۆ ئه‌وروپا هاتن. ئه‌م کوردانه له ئه‌وروپا خۆیان فێری زمانی کوردی کرد و هه‌ستی کوردایه‌تییان له ئه‌وروپا گه‌شه‌ی سەند.
گەر کەمیینەیەک خاوەنی زمانێکی پێشکەوتووی خۆی نەبێت تواندنەوەی لە کلتووری زۆرینەدا بێگومانە.
پارێزگاریکردنی زمانی دایک له له‌بیرچوونه‌وه و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی گرنگترین هۆکاره بۆ مانه‌وه و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک. مرۆڤ به‌هۆی زمانی دایکەوە پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌ده‌ستده‌هێنێت. له ڕێگای زمانه‌وه به مێژوو و کولتووری نه‌ته‌وه‌یی خۆی ئاشناده‌بێت. زمانی دایک بناغه‌یه‌که بۆ پێشکه‌وتنی که‌سایه‌تی و بیری تاکه‌که‌س، کلیلێکه بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی کلتوری باووباپیران و ئه‌ده‌ب و مێژووی نه‌ته‌وه.
یه‌کێک له‌و هۆکاره گرنگانه‌ی که جوله‌که‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه پاراستوه زمانی عیبرییه. جوله‌که‌کان زۆر هوشیارانه زمانه‌که‌یان کرده یه‌کێک له بنه‌ما گرنگه‌کانی پێناسه‌ی خۆیان وه‌ک نه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له کۆڕ و کۆبونه‌وه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیشدا به‌شانازییه‌وه زمانی عیبریان بەکاردەهێنا و به‌کارده‌هێنن.
به‌توانایی له زمانی دایکدا، له کاتێکدا که زمانی دایک له وڵات‌دا زمانی فه‌رمی خوێندن بێت، مه‌رجی سه‌ره‌کیه بۆ سه‌رکه‌وتنی قوتابی لە خوێندندا. قوتابی له ڕێگای زمانه‌وه زانست و زانیاری له ماتماتیک و مێژوو و جوگرافیا و فیزیک و ... به‌ده‌ستده‌هێنێت. دیاره ئامانجی خوێندنه‌وه‌ش تێگه‌یشتنه له‌وه‌ی که مرۆڤ ده‌یخوێنێته‌وه.
یه‌کێک له گرنگترین هۆکاری سه‌رکه‌وتنی قوتابیانی بۆ نموونە فینله‌ندا، به وته‌ی شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده ده‌گه‌رێته‌وه بۆ شێوازی کارکردنی قوتابخانه‌کانی فینله‌ندا له سێ ساڵی یه‌که‌می قۆناغی بنەرەتیدا لەسه‌ر خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن به زمانی دایکی خۆیاندا. ئیننهر لینگڤیست پرۆفیسۆر له زمانی ئیسپانی له زانکۆی لوند له سوید، ده‌نوسێت: «له فینله‌ندا له سێ ساڵی سه‌ره‌تای قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا گرنگییه‌کی زۆر به تێگه‌یشتن له خوێندنه‌وه ده‌ده‌رێت، ئه‌مه‌ش بناغه‌ی سه‌رکه‌وتنی قوتابیه فینله‌ندیه‌کانه له وانه‌کانی ماتماتیک و زانستهسروشتیهکاندا».
دروستکردنی ژینگه‌یه‌کی گونجاو له قوتابخانه‌کانی کوردستاندا بۆ هاندانی قوتابیان بۆ خوێندنه‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی خه‌زێنه‌ی وشه لایان سه‌ره‌تایه‌کی گرنگه له پشتگیری قوتابیان بۆ باشترکردنی تێگه‌یشتنیان له‌و تێکست و کتێبانه‌ی که له وانه جیاوازه‌کاندا ده‌یخوێننه‌وه. بۆ نموونە ده‌کرێت له هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کدا بۆ خوێندنی وانه‌ی زمانی کوردی هۆڵێکی تایبه‌ت ته‌رخانبکرێت که ته‌نیا وانه‌ی زمانی کوردی تیادا بخوێنرێت. ده‌توانرێت ئه‌م هۆڵی پۆله وه‌ک کتێبخانه‌یه‌کی بچووکی لێبکرێت، دیوانی شاعیران و کتێبی نوسه‌ران و ڕۆژنامه و گۆڤاری تیادا بێت، و دیواری هۆڵه‌که به دێڕه شیعری شاعیره نیشتمانپه‌ره‌ره‌کان بڕازێنرێته‌وه. ژینگه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه هانده‌رێکی گرنگه بۆ زیاتر خوێندنه‌وه و پاراوکردنی زمانی قوتابیان.
خوێندنەوە، بیروهزری مرۆڤ بەرین دەکات. هاوسۆزی بۆ کێشەو گرفتی کەسانی دیکە دەخوڵقێنێت. دیدی بۆ دیاردەکانی کۆمەڵگە فراوان دەکات. هاوکاتیش خوێندنه‌وه‌ی زۆر دەبێتە هۆکاری ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له خه‌زێنه‌ی وشه‌دا، کە ڕاسته‌وخۆ ئاسانکاری له‌سه‌ر تێگه‌یشتن بۆ خوێندنه‌وه دروستدەکات.
زۆر لیکۆڵینەوەش دەریانخستوە کە بە توانایی لە زمانی دایکدا، دەبێتە هۆی بەئاسان فێربوونی زمانی دیکە. واتە ئەو کەسانەی کە زمانی دایکیان پێشکەوتووە بە ئاسانی فێری زمانە بیانیەکان دەبن.
شیرینکردنی زمانی کوردی لای نه‌وه‌ی نوێ و به‌توانایی زمانی دایک له ڕێگای ئه‌و کتێب و نوسینانهشەوە ده‌بێت که ده‌خرێنه به‌رده‌م منداڵان و قوتابیانی کورد. ئه‌سترید لیندگرێن (1907-2002) کهڵهنوسهری به‌ناوبانگی سویدی و شاژنی ئه‌ده‌بی مناڵان، کتێبه‌کانی به به‌رده‌وامی چاپده‌کرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زمانی کتێبه‌کانی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و زمانی نه‌وه‌ی نوێ‌دا دا بگونجێنرێت و ئه‌و په‌یامه گرنگانه‌ی که له نوسینه‌کانیدا هه‌یه واتای خۆیان له‌ده‌ستنه‌ده‌ن و هه‌ر به شیرینی و دروستی بگەنە منداڵان.
هه‌وڵدان بۆ پاراستن و گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی زمانی کوردی ئه‌رکێکی گه‌وره‌ی نیشتمانیشه.
سروه نوری ئه‌زیز