چوارەمین دیداری شیعری كوردی یۆتۆبۆری لە سوید بەڕێوەچوو

چوارەمین دیداری شیعری كوردی یۆتۆبۆری بە بەشداریی شاعیران و نووسەرانی كورد لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

چوارەمین دیداری شیعری كوردی "یۆتۆبۆری"  Goteborg لە لایەن كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی یۆتۆبۆری، بە بەشداریی شاعیران و نووسەرانی كورد و بە ئامادەبوونی گرووپی دەفی ژنانی یۆتۆبۆری بە هاوكاری موزیكزانی كورد ئاسۆ دیلان بە ئامێری عوود لە هۆڵی فۆڵكت هیووس Folkets Hus Hammarkullen لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

یەكێك لە خاڵە بەرچاوەكانی ئەم رووداوه ئەدەبییه ئامادەبوونی نووسەری گەورەی كورد مامۆستا "عەبدوڵڵا سەراج" له هەر دوو ڕۆژیی دیدارەكەدا بوو.

شەماڵ ئیبڕاهیم زادە وەكوو پێشكەشكارێكی سەركەوتوو چوارەمین دیداری شیعری كوردی یۆتۆبۆری بەڕێوەبرد و هونەرمەند رێبین رەشید كاری دیكۆر و رووناكی ئەنجامدا و هەروەها كاروباری تەكنیكیش لە ئەستۆی نەوزاد باهرەوە بوو.

هونەرمەند عزەت رەئووف وتاری دیدارەكەی خوێندەوە و لە رێوڕەسمی كۆتاییشدا محەمەد قادر لە دەستەی بەڕێوەبەریی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی یۆتۆبۆری خەڵاتی رێزلێنانی بەسەر بەشداربوواندا دابەشكرد.

بەرنامەكانی رۆژی یەكەمی چوارەمین دیداری شیعری كوردی یۆتۆبۆری بە بەشداریی گرووپی دەفی ژنانی یۆتۆبۆری دەستی پێكرد و سابیر سدیق میوانی تایبەتی ئەم دیدارە بوو و بەشداربووانی ئەم رۆژەش بریتی بوون لە، داناز عەبدوالڕەحمان، بنار كەولۆز، رەسوڵ سەفەریانی، كەژاڵ جەلال و خاڵە حەمە.

بەشداربووانی رۆژی دووهەمی ئەم رووداوە گرینگە ئەدەبییەش بریتی بوون لە: بەكر حەبیب، گۆران سدیق، رۆژا ناسر، یاسین مەحموود، سۆزە بەرزەنجی، هیوا رەسوڵ و ئاكۆ محەمەد سابیر.

 

 

سەرچاوە: pukmedia