که‌ركوك... دیداری مه‌قامات خولی عه‌لی مه‌ردان به‌ڕێوه‌ چوو

به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ندی مۆزیكژه‌ن "نه‌سیر شه‌ممه‌" و به‌سپۆنسه‌ری "پڕۆژه‌ی شاری نیشته‌جێبون له‌ كه‌ركوك"، ده‌زگای ڕۆشنبیریی و هونه‌ری كه‌ركوك به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان و لقی كه‌ركوكی  سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی عیراق و په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كه‌ركوك، سێشه‌ممه‌ 8 ی ئازاری 2022 دیداری مه‌قاماتی كه‌ركوك "خولی عه‌لی مه‌ردان" به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌ردار زه‌نگه‌نه‌ سه‌رۆكی ده‌زگای ڕۆشنبیری و هونه‌ری كه‌ركوك به‌ PUKmedia ی ڕاگه‌یاند: بۆ یه‌كه‌مجاره‌ دیداری مه‌قامات "خولی عه‌لی مه‌ردان" له‌ هۆڵی سه‌نته‌ری كه‌ركوك به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی كه‌ركوك وكوردستان به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌چێت .

 وتیشی: ژماره‌یه‌ك له‌ مه‌قام بێژانی كه‌ركوك به‌ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكان به‌گۆرانی و مه‌قاماتی كوردی و عه‌ره‌بی وتوركمانی به‌شداری له‌و دیداره‌دا ده‌كه‌ن وه‌ك ڕێزگرتن له‌ مامۆستای مه‌قامات خوالێخۆشبو عه‌لی مه‌ردان كه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ بواری گۆرانی ڕه‌سه‌ن و مه‌قاماتدا .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نوره‌دین جاف لێپرسراوی ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان به‌ PUKmedia ی ڕاگه‌یاند سێشه‌ممه‌ به‌رنامه‌ی دیداری كه‌ركوك بۆ مه‌قامات "خولی عه‌لی مه‌ردان" به‌ سه‌ردانیكردنی شوێنه‌واره‌كانی سه‌ربه‌قه‌ڵای دێرینی كه‌ركوك له‌لایه‌ن لیژنه‌ی باڵای دیداری عه‌لی مه‌ردان و میوانه‌كان ده‌ستپێده‌كات و پاشنیوه‌ڕۆش ده‌ست به‌ چالاكیه‌كانی مه‌قاماتی كوردی وعه‌ره‌بی وتوركمانی له‌لایه‌ن گروپه‌ به‌شداربووه‌كان ده‌كرێت و له‌كۆتایشدا قه‌ڵغانی ڕێزلێنان دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر به‌شداربوان، نوره‌دین جاف سوپاسی ئه‌ولایه‌نانه‌ی كرد كه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بوله‌ سازدانی دیداری كه‌ركوك بۆ مه‌قامات "خولی عه‌لی مه‌ردان".

 

 

سەرچاوە: pukmedia