خانه‌ی عیراق بۆ جلوبه‌رگ فیستڤاڵی كانییه‌كانی جوانی رێكده‌خات

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی جیهانیی ژنان و جه‌ژنه‌كانی به‌هار دوێنێ دووشه‌ممه‌ 28- 3- 2022، له‌شاری به‌غدای پایته‌خت فێستیڤاڵی (كانییه‌كانی جوانی) له‌خانه‌ی جلوبه‌رگی عیراق به‌ڕێوه‌چوو، فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن عیماد جاسم بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وارو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانه‌ی جلوبه‌رگ به‌وه‌كاله‌ت كرایه‌وه‌.

سه‌ره‌تای ڤیستڤاڵه‌كه‌ كه ‌له‌هۆڵی جه‌واهیری له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو به‌كردنه‌وه‌ی بازاڕێك كه‌له‌باخچه‌كانی خانه‌كه‌ رێكخرابوو ده‌ستیپێكردو چه‌ندین كاری ده‌ستی ژنانی ده‌ستڕه‌نگین و داهێنه‌ری له‌ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كه‌ له‌خۆگرتبوو، پاشان گه‌ڕانێك به‌هۆڵی واستی و بازاڕی خانه‌كه‌دا كرا.

به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، به‌ڕێوبه‌ری گشتی خانه‌كه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تێیدا هاتبوو، ئه‌نجامدانی ئه‌م ئاهه‌نگه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ جه‌ژنی جیهانیی ژنان و جه‌ژنه‌كانی به‌هارو ژنان هه‌میشه‌ پشكی گه‌وره‌یان له‌پێشكه‌وتن وگه‌شه‌سه‌ندنی وڵاتاندا هه‌بووه‌ له‌میانی به‌شداریكردنیان له‌بونیاتنانی نیشتمان و چه‌سپاندنی كلتوورو جوانی و داهێنان له‌ژیانی گه‌له‌كاندا.

پاشان پوخته‌یه‌ك له‌مێژووی ژیانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ خانه‌نشینانه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ سه‌رده‌مانێك سه‌رپه‌رشتی ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی خانه‌ی جلوبه‌رگی عیراقیان كردووه‌، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌شی نمایشه‌كان له‌خانه‌كه‌ نمایشێكی جلوبه‌رگیان به‌ناونیشانی (چه‌ند ره‌نگێك له‌وڵاته‌كه‌م) ئه‌نجامدا له‌بیرۆكه‌و ده‌رهێنانی مه‌حمود ره‌جه‌ب كه‌تێیدا ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانی خوێندنگای میوزیك و بالێ به‌شدارییان له‌نمایشه‌كه‌دا كردبوو كه‌به‌ سه‌رپه‌رشتی و راهێنانی مامۆستا زینه‌ ئه‌كره‌م بوو.

هونه‌رمه‌ند حسین فه‌جر چه‌ند پارچه‌ میوزیكێكی جوانی پێشكه‌شكرد كه‌ گوزارشتی له‌ سه‌رجه‌م شه‌به‌نگه‌كان ده‌كردو جگه‌له‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندین پارچه‌ میوزیكی دیكه‌ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی دایك، له‌لای خۆیه‌وه‌ خوێندكار ماری عه‌مار ژه‌نینێكی جوانی له‌سه‌ر ئامێری پیانۆ پێشكه‌شكرد، له‌كۆتایی ڤیستڤاڵه‌كه‌دا بڕوانامه‌ی رێزلێنان به‌خشرایه‌ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌رو ژنانی داهێنه‌ر له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كه‌.

 

 

سەرچاوە: pukmedia