پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا وەک یەکەم حزب کە جووڵاندنەوەی چەکداریی لە ساڵی (1961)ەوە بەناوی قۆناغی شۆڕشی ئەیلول دەستپێکرد و گشت میللەتی کورد، جگە لە هەندێ لە کۆمۆنیستەکان بەیەک دەنگ بە توانایەکی زۆرکەم و ورەیەکی بەرزەوە بە دروشمی کوردایەتی پشتگیریی لەشۆڕش کرد، چونکە کۆدەنگیی سەرۆکی پارتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەبوو.
لەدوای گفتوگۆیەکی سەرنەکەوتووی وەفدی شۆڕش لەگەڵ بەغدا، لە ساڵی 1964 ڕای جیاوازی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی پدک (مەلا مستەفا) سەری هەڵدا و جۆرێک لەدژایەتی و تاکڕەوی و کەلەڕەقی و قینی تاسەر ئێسقانی سەرۆکی پارتی مەلا مستەفا دەرکەوت بەرامبەر بە 12 ئەندامی مەکتەب سیاسی .
ئەم تاکڕەوییەی مەلا مستەفا و قین هەڵگرتنە لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی وەک سەرۆک خێڵێک سەری هەڵدا، نەک سەرۆکی پارتێکی سەدەی بیست!. لێرەوە مەلا مستەفا نەیتوانی چیتر خێڵەکی بوونی خۆی بشارێتەوە، لەڕاستیدا بۆئەو زۆر ئەستەم بوو پشت بکاتە ڕابووردووی خێڵەکی خۆی کە تیا گەورەبووە، هەرلێرەوە ماڵ وێرانی کورد دەستپێدەکات، ئەم ڕقە خێڵەکییەی مەلامستەفا تۆوی دووبەرەکییەکی مێژوویی لە باشوورداچاند تا کار گەیشتە سەنگەر گرتن لە یەکتر لەجێی ڕووبەروبوونەوەی دوژمنی سەرسەختی کوردان، ئەم بێهێزی شۆڕش بەغدای هاندا شەرعیەت بدات بە کورد کوشتن با تاوانی جیاوازی وەک حلفی بەغداد، سەنتۆ و ئەمریکا و ئیسرائیل... تا کارگەیشتە هێنانی حەرەس قەومی و جاش و پیاوانی بەعس و دروستکردنی سوپای تشرین کە لەعەرەبی بەعسی شۆڤێنیی عێراق و سوریە دروستکرابوون.
لە ساڵی 1970 (مەلا مستەفا) بەیاننامەی ئازاری ئیمزاکرد، هەرلەگەڵ بەعسیەکان!، لەدژی باڵی مەکتەبی سیاسی. لە ساڵی 1974 بەبیانووی پاشگەزبوونەوەی بەعسیەکان و دەست تێکەڵکردنی ئاشکرای محمد ڕەزا شای ئێران لەگەڵ مەلا مستەفا بۆ بەرژەوەندی ئێران و تیرۆرکردنی ئەندامانی پدک ئیران و فشارخستنە سەر حکومەتی بەعس لە بەغدا، هەربۆیە لە ئەنجامدا بەغدا شەڕی شۆڕشی ئەیلولی بەفیتی شای ئێران لە 1974 دەست پێکردەوە، میللەتی کورد ئەمجارەش بەگوڕو تینێکی زۆرەوە چانسێکی دیکەیان دا بە مەلا مستەفاو لەدەوری شۆڕش کۆبوونەوەو شەڕی نابەرامبەری خوێناوی نزیک 2 ساڵەی کورد و بەعس درێژەی کێشا تا ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان سەدام و شای ئێران. ئیتر مەلا مستەفا لەدوا دیداری بێ بەرهەمی شای ئێران بە هاوەڵی د.محمود عوسمان دەستی لەبنی هەمبانەکە دەرچوو هەر لە تارانەوە ئاشبەتاڵی ڕاگەیاند و ئەم جارەش هەموو کوردی نائومێدکردەوە .
لەدوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 ئەو(بەرەی کوردستانی)یە فشۆڵەی لە دوای ئەنفال و کیمیا باران ڕاگەێندرابوو وەکو شەرعیەتیی شۆڕشگێڕی پێی هاتنەوە ناو میللەت تا پێکەوە هەڵبژاردنێک رێکبخرێت و پەرلەمانی کوردستان لە 1992 هەڵبژێرن، لە ساختەکاری یەکی زەق و لە بەرچاوی حکومەتی بەغداوە لە موسل و شێخان و سنجار دۆرەوە بەپاص خەڵکیان دەهێنا بۆبادینان و شارۆچکەکانی هەولێر بەشناسنامەی ساختەوە بۆ دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان، تائەنجامی ساختەو نادروستی ئەوهەڵبژاردنە مێژوویییە قەتماغەی برینە کۆنەکانی 1964ی هەڵدایەوەو جارێکیتر تۆوی دووبەرەکی هێنایەوە ناو ماڵی کورد، گورزێکی کەمەرشکێنی دا لە بزوتنەوەی کورد و کوردایەتی و پرۆسەی حوکومڕانی کورد کە ڤایرۆسی 50 بە 50ی لێیداو دژایەتی ناتەندروستی شەڕەپەڕۆو پارچە پارچەبوونی جەستەی کوردی لێکەوتەوەو تا کار گەیشت بە شەری ناوخۆ، پاشان دووئیدارەیی، کەتائەمڕۆش کورد باجەکەی ئەدا. ئەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانییەی دوای ئاشبەتاڵ کە ئاواتی هەموو کورد بوو لەهەموو پارچەکانی کوردستان، چووە ژێر باری مۆرکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەک پاشکۆ هەندێک پۆست لە کورسی دەسەڵات و دەستکەوتی ماددی بەدەست هێنا بەڕێژەی پەنجا بە پەنجا بەگومانەوە!... بەڵام ینک لێرەوە باوەڕی میللەتیان دۆڕاند! بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی دوایدا میللەت سزای یەکێتیی داو کردی بە دووهەمی تەواو! کەپێشتر یەکەمی دووبارەبوو.
بۆهەڵبژاردنەکانی دواتر بزووتنەوەی گۆڕان ئەم هەڵەیەی (ینک)ی قۆستەوەو بەویستی جەماوەر سواری سەرملی گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان بوو، چونکە ڕق و ناڕەزایی گەل دژ بە بنەماڵە و ماڵی مەلا مستەفا بوو دەستی کرد بەدژایەتی ئاشکرای پدک و حکومەتەکەی پدک، تاتوانی دەنگی زۆربەی میللەت و یەکەم بهێنێت!
بەڵام کاتێک گۆڕان چووە ناو حکومەتەکەی پدک چەند پۆست و پایەیان وەرگرت و ئەمیش کەوتە بەر نەعلەتی میللەت بۆیە میللەت لە دوا هەڵبژارن گۆڕانی وا سزادا کە لە ئەنجامدا گۆڕان نەیتوانی تاکە کورسییەکیش بەدەستبهێنێت و سفر هیج بەدەستەوە ناردیەوە ماڵەوە !
لەدوا هەڵبژاردن نەوەی نوێ توانی دژ بەماڵی مەلامستەفا ژیرانە ئەسپی خۆی تاوبدات (9) کورسی لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبێنێت بەڵام ئەمانیش وا ڕۆژی 2022/3/26 کەدەستی خستە ناودەستیی پارتی و لەگەڵ ماڵی مەلا مستەفا ڕێکەوت و چەند ملیۆن دۆلاری دەست کەوت، بەڵام کەلێنێکی گەورە کەوتە ناو بزووتنەوەی نەوەی نوێ و زەنگی مایەپوچی و مەرگی سیاسی خۆی ڕاگەیاند... پرسیارە گەوهەرییەکە ئەمەیە :
کەی حزبەکانی باشووری کوردستان تێدەگەن؟
ئێمە ئەگەر وورد و لۆژیکیانە ئەم هاوکێشە و وەرچەرخانانە بخوێنینەوە دەگەینە ئەم ئەنجامانە: میللەت وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێکەوتنی ستراتیژیی و شەراکەتی بازرگانی نیە لەگەڵ پارتی، وەک گۆڕانیش بەدوای پلەوپۆستی دوای سفری فاریزەوە نین، وەک (نەوەی نوێ)ش تاڵان فرۆشی ناکەن!
لە باشووری کوردستان میللەت بێ دەسەڵاتە، بەڵام کورد وتەنی "جارێک هەڵتخەڵەتاندم خۆابتگرێت، ئەگەر بوو بە دووجار خواخۆم بگرێت !".
ئێستا دوای ئەوەی چەند جارێک کڵاوی نراوەتە سەری لەلایەن بازرگانەکانی شۆڕش... ئێستا میللەت ژیرەو تێدەگات و لە یارییەکە باش تێگەیشتووە! لەڕاستیدا دەمێکە شەقامی کوردی بەرەی خۆی جیا کردۆتەوەو بە ڕاشکاوی ڕای خۆی داوە و بوێرانە لەهەڵبژاردنەکاندا قسەی خۆی زۆر ڕاستگۆیانە دەکات، بۆیە لەناخەوەو بەئاشکراش تووڕەیە لەماڵی مەلا مستەفا، تەنها ئەوکەس و لایەنە لای میللەت خۆشەویستن کە بەرەنگاری ماڵی مەلا مسەفا دەبێتەوەو بەتووندی دەوەستێتەوە!
حوکم وهەڵسەنگاندنی میللەت بۆ حیزبەکان بەم شێوازەیە :
1- تاچەند لەگەڵ سیاسەتی ماڵی مەلا مستەفا بیتو بیانهێنیتە نێو کایە سیاسییەکان و شەراکەتیان بکەیت، ئەوەندە لای میللەت دوژمنایەتی دەکرێیت وسزا دەدرێیت !
2- تۆ چەند دژ بەماڵی مەلامستەفابیت ئەوەند دەچیتە پێشەوە !
3- پێوەری ڕێژەی دەنگەکانت لای میللەت بەگوێرەی وەستانەوەت وبەرەنگاری و دژایەتیتە بۆماڵی مەلامستەفا.
4- بەرەی میللەت بەدەنگی بەرز هاواردەکەنو دەڵێن ئێمە کوردین و دژبە شۆڕشی چەواشەو داگیرکەرانی کوردستانین ئەو داگیرکەرانەی ماڵی مەلامستەفا کلکی لەگەڵدا گرێداون لە قۆناغە جیاوازەکان بوونەتە درێژکراوەی سیاسەت و پلانی تورکیا و ئێران و عێراق بەڕەنگ و شێوازو بەهانەی جیاواز بە مەبەستی قۆرخکردنی گشت جومگەکانی دەسەڵات بۆهەڵسوراندن ولەناوبردنی شۆڕش.
میللەت دژی سیاسەتی ماڵی مەلا مستەفایە چونکە ئەوەی لەگەڵ پارتی ڕێک بێت بەلای میللەتەوە بەدوژمنی کوردایەتی ئەژمار دەکرێت .
گەر بەووردی بڕوانینە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان دوای ساڵی 2003 پێوەری دەنگهێنانی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان زۆر بەئاشکرا هەژموونی ئەم هاوکێشەیەی (تۆ تاچەند دژ بەماڵی مەلا مستەفای یان تاچەند لەگەڵیانی یا پەسنی سیاسەتیان دەکەیت و شەریکیانی !) بەڕوونی پێوەیان دیارە!
د.توانا-ئاڵمانیا
2022/4/9