پێشانگەی کەلوپەلە دەستییەکان لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵات ماوەی دوو ساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نەبوو، بەڵام ئەمساڵ بە هەوڵی چالاکڤانانی بواری پیشە دەستییەکان، جارێکی دیکە لە رۆژانی پشووی نەورۆزدا، رێکخرایەوە.
لەو پێشانگەیەدا هەموو جۆرە پیشەیەکی خۆماڵی، میوەی وشککراوی هاوین، جلوبەرگی کوردی، تورشیات، گوڵی سرووشتی و ئەو کەلوپەلە دەستییانەی خەڵکی شنۆ دروستیانکردوون، نمایش دەکرێن و لەلایەن دانیشتووانی شنۆ و گەشتیارانەوە پێشوازییەکی زۆریان لێدەکرێت.
زۆربەی بەشداربووانی پێشانگەکە ئەو ژنانەن کە خۆیان سەرپەرشتی خێزانن و لەڕێگەی پیشە دەستییەکانەوە بژێویی ژیانیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن. ئەوانیش وەکو پیاوان هەوڵیانداوە بۆ کردنەوەی پێشانگەی ئەمساڵ.
زۆربەی ئەو ژنانەی بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە، لە ماڵی خۆیان کەلوپەلە دەستییەکان دروستدەکەن. ئەوان گلەیی لە نەبوونی پاڵپشتیی حکومی بۆ گەشەپێدان بە کارەکانیان، نەبوونی بیمە لەو کەرتەدا دەکەن و گرانبوونی چەند هێندەیی نرخی کەلوپەلیش بە هۆکارێکی دیکەی ساردوسڕیی بازاڕی ئەو پیشەیە دەزانن.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترین هەلی کار بۆ ژنان رەخساوە و رێژەی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا بەراورد بە پیاوان 15%یە. ئەم جۆرە پێشانگەیانە دەکرێت هەلێک بن بۆ کەمکردنەوەی ئەو رێژەیە.
سەرچاوە: rudaw