د.توانا
کاتێ مێژووی دوورونزیکی گەلان دەخوێنیتەوە ناتوانی تەنها تەماشاکەر بیت و ڕەخنەی توند لە سەرۆکی ئەوسیستەمە نادادپەروەرو دواکەوتووانەی جیهان نەگریت کە بەڕاستی تائەمڕۆش ئەو دەسەڵاتدارانە لەناخەوە هەستی مرۆڤی هوشیار ئازار دەدەن و بەشێکی زۆری ڕق وقینی مرۆڤایەتیی بۆخۆیان کۆدەکەنەوە، زۆرتر لەناویاندا بە چاوێکی قێزەون تەماشای سەرۆک خێڵە دڕندەکانی وەک: "جەنگیزخان، هۆلاکۆ، تەیمورلەنگ" دەکرێت کە دژ بە مرۆڤایەتیی کاری دڕندانەیان ئەنجامداوە، هەروەها لە مێژوویی نوێ و سەرەتای سەدەی بیست زۆر بەڕقەوە سەیری سەرۆکە دکتاتۆرەکان دەکرێت وەک: "هیتلر، ستالین، مۆسۆلینی، فرانکۆ، پینۆشێ...".
لەم ناوچەیەیی خۆشمان "مستەفا کەمال، شای ئێران، صدام حوسێن، خومەینی، قەزافی، حافز ئەسەد" و زۆری دیکە... کە تەنها ناوهێنانیان دەبنە مایەی ڕق و توڕەیی خوێنەر.
1- سەیرە .. ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان شانازی بەخێڵەکەیەوە دەکات و هەموو هەنگاوەکانی تەنها بەیەک ئاڕاستە کاردەکات بەرەو پیرۆزکردنی بنەماڵەو خێڵەکەی خۆی بەسەر پدک وحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەتا بەسەر هەمووگەلی کورد وبەشەکانی دیکەی کوردستان!.
دەستەڵاتیش لە ساڵی 1992 بەدواوە بەرەو دکتاتۆری ڕەهایی بە بنەماڵەیی بوون مل دەنێ...!.
لە کاتێکدا لەئەوروپاو ئەمریکای دۆستانی سەرۆک ڤێرژنی پێنجەمی ئینتەرنێتG5 بەڕێوەیە، لەم بەشەی کوردستانی خۆشمان ئێستا وا نەوەی چوارەمی ئەم بنەماڵەیە ئامادە دەکرێت، زۆر بەگەرمی خەریکن کاری تیا دەکەن، وا G4 بنەماڵە چەکەرەیان کردووە و سەریان دەرهێناوە!
2- زۆر سەیرە... یەکێتی هەمیشە کادیران و لایەنگرانی خۆی لەسەر ئازادی، مافی مرۆڤ و دیموکراسی گۆشکردوە و پەروەردەیان دەکات، ڕووی ڕەخنەکان لە پدک بوو کە بنەماڵەن وخێڵەکین، کەچی وا ئەمڕۆ پاش خەباتێکی خوێناوی نزیک بە 46 ساڵ (یەکێتیی)یش ئێستا حوکمی بنەماڵەیی لاپەسەندە و پاش هەوڵێکی زۆر کەنەیتوانی حوکمی بنەماڵە لەپارتیدا بگۆڕی وا خۆشی بڕیاریدا حوکمی بنەماڵەیی پەیڕەوبکات!.
3- لەمانەش سەیرتر... گۆڕان کە سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکان لەم دوو بنەماڵەیە بووبوو و ڕەخنەی زۆر توندی لە هەردوو بنەماڵە دەگرت تا دەنگێکی زۆری ناڕازی شەقامی کوردستانی کۆکردەوە..وا ئەمڕۆ ئەوانیش ڤایرۆسەکە ڵێیدان و وا کوڕەکانی کاک نەوشێروان کە باوکیان سەرۆکی گۆڕان بوو، ئێستا بوونەتە بەخاوەنی بزوتنەوەی گۆڕان وگردەکەش!
*ئەم وتارە بۆچوونە نووسەرە