لەو دەمانەی گەنجێك بۆ فێربوونی هونەری شێوەكاری بەشێوەیەكی ئەكادیمی لەشاری رەواندوزەوە دەگاتە شاری سلێمانی، ساڵ ساڵی ئەو دەمە بوو كە پەیمانگە لە سەرەتاكانی گەشتنی خوێندكارەكانیدا بوو، هێشتا هەموو قۆناغەكان خوێندكاری نەبوو، ئا لەو دەمانەدا (رزگار فەقێ عەوڵا) دەبێتە خوێندكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی و دەبێتە هاوڕێی سەرجەم خوێندكارەكانی تر.
رزگار بە ئەزموونە جیاوازەكاندا تێدەپەڕێت و ئەنجام تەجریدو دواتریش تەجریدی تەعبیری دەكاتە شێوازی كاری خۆی و تەمەنی كاری هونەری لەسەر ئەم قوتابخانە هونەرییە بنیاد دەنێت، لەهەمانكاتدا تابلۆكانی بەدرێژایی ئەو تەمەنە پڕ رەنگ بووەو كۆلاجیش بەشێكی تری پێكهاتەی تابلۆكانی بووە، بەم شێوەیە تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە ئەو تایبەتمەندییەی لەخۆگرتووە كە بە ئاسانی لەناو تابلۆكانی تردا بتوانرێت بناسرێتەوە.
هەر چەندە هونەرمەند بۆ دیاریكردنی شێوازی كاركردنی خۆی لە تەعبیری تەجریدیدا ئەوە نەبووە وەكو ئەوەی هەندێكجار دەڵێن چوون بەرەو تەجرید هەڵهاتنە لە واقیعییەت، بەڵكو خۆ دۆزینەوەی ئەو بووە بۆیە تەمەنێك لە كاری هونەری خۆی بەخشیووە بەم ستایلەو خۆی تیا بینیوەتەوە هەربۆیە توانیوێتی ببێتە خاوەنی داهێنانێكی تایبەت بەخۆی، هەروەها هەرگیز جۆری ماتریاڵیش نەبۆتە هۆكارێك بۆ راگرتنی كارەكانی یان دووركەوتبێتەوە لەداهێنان و نوێگەی لەكارەكانیدا، ئەو سەرەتا بە رەنگی زەیتی و دواتر پاستیل و لەكۆتا قۆناغی كاركردنیدا ئەكریلیك بووە گەیەنەری پەیامەكانی تا دوا كیشانی دوایەمین تابلۆكانی، هەربۆیە لەدیداریكیدا سەبارەت بە ئەكریلیك دەڵێت (ئەكریلیك رەنگەكانی زیاتر جوانترو گەشترن، هەروەها لەرووی خاوێنییەوە زیاتر پاكترن لە رەنگەكانی تر، چونكە بە ئاو دەگیرێتەوەو بۆنی نییەو هەروەها زوو وشك دەبێتەوە)، هەروەها لەهەمان دیداردا سەبارەت بە ئەندازەی گونجاو بۆ تابلۆكانی دەڵێت (من بە هەموو قەبارەیەك كارمكردووە، بەڵام زیاتر حەزم لە قەبارەی 100x70 چونكە قەبارەیەكی ئێجگار جوانەو لە جیهانیشدا بە قەبارەی زێڕین ناسراوە)1
رزگار فەقێ عەوڵا بە تەنها نیگاركێشێك نەبووە، بەڵكو ژەنیارێكی تایبەتی ئامێری عود بووەو زۆر كات لە بۆنەكاندا بەم ئامێرە بەشداریكردووە، لەهەمانكاتدا شارەزاییەكی باشی لە بواری خۆشنووسیدا هەبووە بە تایبەت لە بواری خەتی روقعەو بە جۆرە خەتەكانی تریش بەرهەمی هەیە هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی لە زۆرێك لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا كار بكات، لەهەمانكاتدا كاری دیزاینی زۆرێك لە كتێبە جیاوازەكانی نووسەرانی كوردی كردووە، هەروەها ئەمانە هەمووی پێكەوە كەسایەتییەكیان بنیادناوە كە ناوی رزگار فەقێ عەوڵایە كە بەداخەوە رۆژی 17/11/2021 بۆ دواجار ماڵئاوایی لە خێزان و هاوڕیان و كاری هونەری كرد.
بایۆگرافی رزگار فەقێ عەوڵا
- 1964 لە شاری رواندز لە دایك بووە.
- 1984-1985 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە.
-1981 یەكەم پیشانگای تایبەتی لە شاری رواندوز كردۆتەوە.
- 1982 پیشانگای هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند سەلام نەورۆز كردۆتەوە
- 1992 دووەم پیشانگای تایبەتی لە هەولێر كردۆتەوە.
- خاوەنی 10 پیشانگای تایبەتە.
- بەشداری زیاتر لە (89) پیشانگای هاوبەشی كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات (هەولێر- سلێمانی – دهۆك – رواندوز – كۆیی – بەغدا – موصل – بەسرە - ئیران – توركیا – سوریا – بەریتانیا – ئەلمانیا – فەرەنسا – جۆرجیا).
- دیزاینی زۆربەی گۆڤارو رۆژنامە كوردییەكان كردووە.
- مۆنیتڤی بۆ زۆربەی شاعیرو چیرۆكنووسە كوردەكان كردووە.
- چەندان تابلۆی كۆمپیوتەری هەیە ، ساڵانە پیشانگای پۆستەری بۆ یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهید كردۆتەوە. بەشداری یادەكانی ئەنفالی كردووە، چەندان بابەتی هونەری لە گۆڤارو رۆژنامە كوردیەكان بلاو كردۆتەوە.
- ساڵانێكی زۆر بەرێوەبەری گۆڤاری (گەپ) ی كاریكاتێری بووە.
-دواتر بووە مامۆستا لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر ، بەشی شێوەكاری.
- ئەندامی كارای سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، و كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كوردستان-لقی هەولێر بوو.
بەختیار سەعید
Apr 13, 2022
سەرچاوە: gelawej