ڕووەکی وەک ئایین و ئایدۆلۆژی

چەند یادداشتێک دەربارەی ڕۆمانی «ڕووەکی»

یەک/ حەکایەتی ڕووەکی کۆنتر لە هەموو حەکایەتەکانە: کاتێک خودا ئادەم و حەوای لە بەهەشتدا خەڵق کرد و بە جووتە بەنێو بەهەشتدا دەهاتن و دەچوون، خودا تەماشای کردن و ئەمری کرد لە بەروبوومی درەخت و باخەکان بخۆن. ئادەم و حەوا یەکەمین ڕووەکین.

دوو/ بە گشتی دوو جۆر ڕەوایەت لە ڕۆماندا هەن؛ یەک ئەو ڕەوایەتەی کە لە ئۆبژەیەکی حازربەدەست و ڕۆژانەیی کەڵک دەبینێت و بناخەی خۆی لەسەر بینا دەکات. لەم شێوەدا، بە سوودوەرگرتن لە چۆنێتی و تەکنیکەکانی گێڕانەوە، ئاستی ڕۆژانەیی و سواوی بابەتەکان بەرز دەکرێتەوە، گۆشە و پێدراو و تێدراوەکان بە جۆرێک دەنوێنرێنەوە و پێشان دەدرێن، مۆدێرن بن و ئەمڕۆیی. کارەکانی «فلووبێر، فیتز جێراڵد، هەمینگوەی» لەم خانەیەدا جێ دەگرن. جۆرێکی تر لە ڕەوایەت ئەساسەکەی لەسەر ئایدیایەک بونیاد دەنێت سەیر و غەریب، ناباو و پەڕدەست؛ کارەکانی «کافکا، خوان ڕۆڵفۆ، کالڤینۆ و مارکیز» لەم خانەدا جێ دەگرن.
هان کانگ، ژنەڕۆماننووسی کۆری، سەر بە جۆری دووەمە.

سێ/ «یۆنگ هێ بەیانییەک لە خەوە ئاڵۆزەکەی بەخەبەر دێت و دەبینێت بووە بە ڕووەکی.» بەڕاست، مەودا و دووری کافکا و هان کانگ، وردتر: گریگۆر سامسا و یۆنگ هێ، یان «کەوڵاوکەوڵ» و «ڕووەکی» چەندە؟
«ڕووەکی» ڕووداوە.
ئەم ڕۆمانە تێما و ئایدیایەک پەرە دەدات تاریک و لێڵ، دنیایەک کەشف دەکات، ترسێنەر و تۆقێنەر. «ڕووەکی» بە شیددەت ترسێنەر و تۆقێنەرە. «ڕووەکی» ڕەوایەتی خەسان و حەسرەتە. فۆبیا و ماخۆلیای ژنێکە تەنیا، تەنیا وەک مەریەم. بە گوتەی محەمەد مەحموودیان: «ئەم ڕۆمانە وەک نارنجۆک، نەک تەنیا لە زەینی خوێنەر، بەڵکوو لە تەواوی بوونیدا دەتەقێتەوە.»
ئەم ڕۆمانە بە باسکردن و قێزەونکردنی گۆشت و خوێناو و لینجاو، دەیەوێت بمانکات بە ڕووەکی؟ مەیلی گۆشتخۆریمان تێدا هەبا بکات و بسڕێتەوە؟ ئەمە غایەت و پێشاندانی گۆشتخۆرە وەک دڕندە و فاسد؟ ستایشکردن و بە باڵاگوتنی ڕووەکە و ڕووەکی؟ بە بۆچوونی من نەخێر، ئەم ڕۆمانە وەڵامدەرەوەی هیچکام لەو پرسیارانە نییە، هاوپێ لەگەڵ ئەو پرسیارانەی سەرەوە، سەرتر دەڕوات، گەمە و ڕیسک و تێکەولێکەیەکی ترسناکتر و وەحشیانەتر دەکات. «ڕووەکی» دەیەوێت ڕووەکخۆری وەک چەمک و ئایدیایەک بنوێنێت، دەیەوێت بڵێت ئەو دنیا ناسک و توورت و بە ڕواڵەت مەعسوومە، هێندەیش مەعسووم و ناسک و خاوێن نییە، بەڵکوو پڕە لە چاڵ و هەڵنووتان و خزین، ناسکی و سەوزی و تەڕی درەختەکان: لاسک، قەد، گەڵا، گوڵ و گۆپکەکان، کە جیا لە جوانی، سەرچاوەی خۆراکین و ژینگەپارێز، لە توێکڵەکەیاندا، لە ناخیاندا، دنیایەکی تاریکتر هەیە، جەنگەڵێک قیژەی نوستوو، مرۆڤ تەنیا ئەو دەمە دەتوانێت درکیان بکات، کە دەگاتە دۆخی کەوڵاوکەوڵ و لەخۆدەرچوون. «ڕووەکی» دەورکەرەوەی هەموو ئەم پلۆتانەیە لە پیچیدەترین فۆڕمدا.

چوار/ بێ گەڕانەوە بۆ تیۆری خەون و چەمکی ناخودئاگایی فرۆید، خوێندنەوە و قسەکردن دەربارەی ئەم ڕۆمانە، ناقیسە و ناتیۆریک. فرۆید بە ناسین و دەستنیشانکردنی هەندێک هێزی تاریک و ترسناک لە مرۆڤدا، بە نموونە: خەون، هێزی مەرگ، جەبری دووبارەکردنەوە، گەڕانەوەی ئایدیا سەرکوتکراوەکان و... توانی بەشێکی زۆر لەو هێزە وەحشەت و ڕامنەکراوانەی ناو زەینی مرۆڤ دەستنیشان و پێناس بکات. لە تیۆری فرۆیددا بەشی زۆر لە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ لە دۆخی نائاگایدا دەمێننەوە، واتە تاک سەبارەت بە ئایدیا مەترسیدار و کێشەسازەکانی ناو زەینی ئاگادار نابێت و ئایدیا و فکرە نەخوازراوەکان لە ڕێی ئیگۆ و بە فەرمانی سووپەرئیگۆ سەرکوت و کەپت دەکرێنە ناخودئاگایی و پەک دەخرێن. ئایدیا سەرکوتکراوەکان لە ڕێی خەون و کابووس و قسەبزڕکاندن و پەیڤە هەڕەمەکی و لەدەمدەرچووەکان و شێوەکانی نووسین و هونەر سەر دەردەهێننەوە و دێنەوە.
بنچینەی ڕۆمانی «ڕووەکی» خەونە. خەونێکی سەرکوتکراو و لەدەستچوو. بیرمان نەچێت هەر فرۆید خەون بە «گوزارشت لە تێرکردنی ئارەزوو» دادەنێت. بەو پێیەی ئارەزووەکان دژ بە واقیعن، بەردەوام سەرکوت و دەچەپێنرێن. ڕووداوەکان لە «ڕووەکی»ـدا لەسەر خەونێک بیچم و شێوە دەگرن، خەونێکی خۆفناک لە جەنگەڵستاندا؛ ڕۆیشتن بەناو گۆشت و خوێندا و ڕێگەیش، ڕێگەی هات و نەهات. لە «ڕووەکی»ـدا کایەکردن بە فانتازیا و خەیاڵ، لە بەرزترین ئاستدان، لە هەمان کاتدا ترسناکترینیش. ئەم ڕۆمانە سووریالییە؟ ڕیالیزمی جادووییە؟ یان ڕیالیزمی کابووس و تۆقین؟ ڕاستی، هیچیان نییە و هەموویشیانە. ئەمە ڕەوایەتکردنەوەی ڕۆژی مەحشەرە لەسەر زەوی، لە تراژیکترین شێوەدا. قەسیدەیەکە لە چەشنی «وێرانەخاک»ـی ت. س. ئیلۆت و «وەرزی سەهۆڵبەندان»ـی ڕەفیق سابیر. «ڕووەکی» ڕۆمانێکە ڕادیکاڵ و یاخی. خەونی ئەوەی هەستیت و نەختەنەختە ببیت بە درەخت، خەونێکە هەم سەیر و هەم سەمەرە. دەبوو ناونیشانی ئەم ڕۆمانە لەبری «ڕووەکی» «بەدرەختبوون» بێت. بەدرەختبوون لە ڕێی خەونەوە. بەڵام خەون بۆ ئەوەی ببێت بە واقیع و دوور نەکەوێتەوە لێمان، پێویستە بەخێوی بکەین و بیپارێزین، هەمان ئەو کارەی یۆنگ هێ لە پێناو خەونەکەیدا دەیکات و تووشی زەبر و توندوتیژی و لە ئاخر جاریشدا ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی، دەبێتەوە. خەونەکان لە جێیەکی دوورترەوە دێن، وەک چۆن ئالێن بەدیوو هەمان ئەو جێیە دوورترە بە سەرچاوەی هاتنی شەڕ و خراپە دەزانێت. ئەمە وەفاداریی و باجدانە لە پێناو خەوندا، با شەڕ و خراپەکان تەواوی ژیانیشمان فەوت و فەنا بکەن.

پێنج/ لە تیۆرەکانی کۆمەڵناسیدا جۆرێک توندوتیژی هەیە، بە ناوی «توندوتیژی بێدەنگی». ئەم شێوە دەتوانرێت لە دۆخی زینداندا درک بکرێت: ئەو کاتەی هەموو ئەگەر و گومانەکان لەسەر دداننان بە ناوێک، ڕستەیەک وەستاون. یۆنگ هێ ژنێکە بێدەنگ، ناڕازی و خامۆش، تەنانەت ئەو کاتەیش لەبەر هەڕەشە و زەبری نامرۆڤانەی باوکدایە بۆ خواردنی گۆشت، هێندە نزم و لەرزۆک دەڵێت: «ناخۆم.» بە ئاسانی دەتوانرێت فەرامۆش بکرێت و بخلیسکێتە چاڵی لە بیرچوونەوەوە. یۆنگ هێ لە دۆخی متبوون و سکوونەتدایە، ئەو بە دوو چاوی بەتاڵ و ڕووخسارێکی ساردەوە لەپێش ئێمە ڕاوەستاوە، عەشق و ترس و ئایینەکەی (ڕووەکی)، لە ناخدا هەڵگرتووە. بۆ ئەوەی دەنگی یۆنگ هێ ببیستین دەبێت مەشق لەسەر سرتە و سرپەی پێی مێروولە بکەین. بەڵام چی لەو هەموو توندوتیژی و گرژی و لێکگیران و تێکگیرانە بکەین؟ چی لەو دەنگ و جەنگ و ڕەنگە شەیتانیانە بکەین، کە ئینج‌بەئینجی ڕۆمانەکەیان ئابڵووقە داوە؟ چی لەو ئاژەڵە حەشەری و موخەدیرانە بکەین لە کەوڵی مرۆڤدا پەلامار دەدەن و قەپ دەگرن؟ ئەو ئاخوئۆف و گان و تەکان و لێدانانە چی؟ دەرفەتی تێنەگەیشتن و پێنەگەیشتن ئاسانە. هەنگاوەکان شلن و شکاو، ڕەنج و ئازاریش نەبڕاوە. ڕێگر و پێگرەکان زۆر، تاسە و خەونەکانیش دوور و دوورتر، بەدیهێنان و پێڕاگەیشتنیان زەحمەت و زەحمەتتر.

شەش/ سێکس بەشێکی زۆر لە ڕووبەری ڕۆمانەکە داگیر دەکات؛ سێکسی حەشەری: پۆڕنۆ. سێکس، بە تەنیشت مەرگ و عەشقەوە، سێیینەیەکن، بە دەرکێشانیان لە ئەدەب و هونەر، هەموو کردەیەکی داهێنەرانە یەکسان بە سفر دەکەنەوە. سێکس باسێکە تەنانەت پاش مەرگیش مشتومڕەکان بە شوێن خۆیدا ڕاکێش دەکات: «مافی سێکسکردنی مردوان» تێرمێکی سلاڤۆ ژیژەک‌ـە. ژیژەک پێی وایە مرۆڤەکان، ئەوانەی دڵنیایی مردنیان مسۆگەرە، بەر لەوەی بەتەواوی بمرن، بە بەخشینی ئەندامەکانیان بە کەسانی تر، مافی سێکسکردن دەستەبەر دەکەن: کاتێک کەسانی تر ئەندامانەکانی کەسە مردووەکە وەردەگرن و لە درێژەی ژیانیاندا کردەی سێکس ئەنجام دەدەن، ئەندامەکانی مردووەکە لەو پڕۆسەیەدا بەشدار دەبن. ئەو شەهوەت و شێتییەی لەم ڕۆمانەدا هەیە، لە قێزەونترین فۆڕمدایە، بە جۆرێک دەتوانین ناوی سێکسی لەسەر هەڵبگرین و ناوی ئەتککردنی لێ بنێین. لێرەدا سێکس لە چێژ و تەنانەت خۆخاڵیکردنەوەیش تێدەپەڕێت و دەبێت بە توندوتیژی و ئیبادەکردن. یۆنگ هێ وەک نوێنەری ژن لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی پیاوسالاردا، ئەکت و نمایندەی کاڵای سێکسی و فیتشزم و ئامێرێک بۆ ڕەحەتبوون دەکات. لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکەدا ئەم باسە دەگاتە جێیەکی بێزەوەر و هێڵنجدەر. کاتێک یۆنگ هێ لەگەڵ مێردی خوشکیدا جووت دەبێت، لە ڕاستیدا ئەمە نە سێکسە و نە پێکەوەنووسان، بەڵکو هەریەک لەم دوانە بە شوێن شتێکی ترەوەن لە یەکدا. نووسینەوەی شەرحە نایابەکەی ئالێن بەدیوو بۆ ئەم تێزەی ژاک لاکان: «پەیوەندی سێکسی بوونی نییە.» لە کتێبی «ستایشی ئەڤین»ـدا، دەرفەتی تێگەیشتنی زیادتر دەڕەخسێنێت: «لاکان بیرمان دەخاتەوە لە سێکسواڵیتەدا، لە ڕاستیدا، هەر کەس تا ڕادەیەکی زۆر بە خۆیەوە خەریکە و ئاگای لای خۆیەتی، گەر بکرێت وەها باسی بکەم. لەشی ئەویدی نێوکۆیە، ئەمە ڕاستە، بەڵام لە کۆتایی کاردا، لە دواییدا چێژی هەر کەسێک بۆ خۆی دەبێت. سێکس لە باتی یەکگرتن، جیایی و دابڕان دەهێنێت. با ڕووت و پێکەوەش نووسابن، ئەمە تەنیا وێنەیەکە، نواندنەوەیەکی خەیاڵییە. ڕاستییەکە ئەوەیە چێژ یان ژوویسانس بەرەو دوورترتان دەبات، زۆر دوورتر لە ئەویدی. ڕیاڵ یان واقیعی نارسیسیک یان خۆپەرستانەیە، بەند و پەیوەندییەکە خەیاڵییە. کەواتە ئاکامەکە لای لاکان ئەمەیە کە پەیوەندیی جنسی یان سێکسی هەر بوونی نییە. ئەو فۆرموولە هەرای نایەوە، چونکە لەو کاتەدا هەموو کەس باسی «پەیوەندیی جنسی» دەکرد. ئەگەر سێکس پەیوەندیی جنسی تێدا نییە، ئەڤین ئەو شتەیە کە بۆشایی نەبوونی پەیوەندیی جنسی جوبران دەکاتەوە. لاکان بە هیچ شێوە ناڵێت کە ئەڤین پەیوەندییەکی جنسییە شێوەی گۆڕیوە، بەڵکوو دەڵێت پەیوەندیی جنسی نییە، دەڵێت کە ئەڤین لە جێی ئەم نا-پەیوەندییە دێت. ئەمە ئێجگار سەرنجڕاکێشترە. ئەم ئایدیا پاڵی دەنێت کە بڵێت لە ئەڤیندا سووژە هەوڵدەدات لە «بوونی ئەویدی» نزیک بێتەوە. لە ئەڤیندا سووژە خۆی تێدەپەڕێنێت، دەچێتە ئەولای خۆپەرستی یان نارسیسمەوە. لە سێکسدا تۆ لە ڕێ و بە نێوکۆی ئەویدی لە دواییدا لەگەڵ خۆت لە پەیوەندیدایت. لێرەدا ئەویدی لە خزمەتی ئەوەدایە تۆ ڕاستەقینەی چێژی خۆت بدۆزیتەوە. بە پێچەوانەوە، لە ئەڤیندا، ناوکۆیەتیی ئەویدیی لە خزمەتی خۆیدایە و لە خۆیدا گرنگە: بەریەککەوتنی ئاشقانە لێرەدایە: لێرەدا تۆ بە نیازی گرتنی ئەویدیت بۆ ئەوەی کە ئەو لەگەڵتدا ببێت، بوونێک بەو جۆرەی کە خۆی هەیە.»
«ڕووەکی» لە غیابی ئەڤیندا دەگوزەرێ.

حەوت/ مامەڵەکردن و بینینی جەستە وەک کێڵگە و درەخت، لە خاڵە زەق و زۆپەکانی ڕۆمانەکەن. «ڕووەکی» لە سێ گۆشەنیگاوە دەگێڕێتەوە: مێردی یۆنگ هێ، مێردی خوشکی یۆنگ هێ، خوشکی یۆنگ هێ. هەرچەند ڕۆمانەکە کەمترین دەرفەت بە فلاشباک دەدات، بەڵام لە ڕێی ئەو سێ گۆشە لە گێڕانەوەوە، هەریەک بە نۆرەی خۆی، بەشێوەیەکی تەنک و لێڵ، بەشێک لە کێیەتیی ئەو و ئارەزووی بۆ بوون‌بەدرەخت‌ ئاشکرا دەکەن. لە یەکەمدا، مێردەکەی بە گێڕانەوەی گەشتێکی سەرەتای بە جەستەیەی یۆنگ هێدا دەمانبات، یۆنگ هێ هەر لە سەرەتاکانەوە حەزی بە ستیانبەستن نەبووە و بە «تەنگ‌بەمەمک‌هەڵچنین»ـی زانیوە، پاشان خۆڕووتکردنەوەی لەناو ماڵدا و پاشتریش لە دەرەوە. لە دووەمدا، مێردی خوشکەکەی بە وێنەکێشانی درەخت و گەڵا و سەوزایی لەسەر جەستەی یۆنگ هێ، گێڕانەوەی تاسە و ترسی جووتبوون [لەگەڵ درەختێکدا] پێشان دەدات. لە سێیەم گێڕانەوەدا خوشکەکەی باس لەو گۆڕانە سەیر و نامۆیە لە جەستە و ڕۆحی یۆنگ هێدا دەکات: دەنگی جەنگەڵ و بارانی، لە سەرەتاوە گۆشتنەخواردن، پاشان هیچنەخواردن، عادەنەبوون و کشانەوە لە سێکس. تا دەگاتە ئەوەی ڕستە ترسناک و مەحاڵەکان بڵێت: «پێویستم بە خواردن نییە، پێویستە ئاوی جەستەم بدەم.» و جەستەم بخەمە بەر خۆر بۆ ڕۆشنەپێکهاتن! ئەمە ئایینە و ئایدۆلۆژیا، تەقسێکە پیرۆز، بەجێهێنانی فەرائیز و عیبادەتە، با کتێبێکی ئاسمانیش نەبێت و پەیڕەوپڕۆگرامێک، ئەمە داکۆکیکردن و خۆقوربانیکردنە بۆ ئایدیا و ئایینێک، هەڵبەت لە کەشیکی خەمۆک و خامۆشدا. یۆنگ هێ سەرکێشی بە ژیانی خۆیەوە دەکات، وەک هەمیشە دەوروبەر تێناگەن، دکتۆرەکان چین، لە چی دەگەن؟ جگە لەوەی هەموو کزی و لێڵییەکانی نیگا و جەستە تەرجەمەی داوودەرمان، دەرزی، ئارامکەرەوە و کالوونا و... بکەن. قسەکانی یۆنگ هێ بە نیسبەت ئەوانەوە جگە لە وڕێنەی نێوان خەو و وشیاری، شتێکی تر نییە: «من لەسەر دەستەکانم ڕاوەستاوم و قاچەکانم بە حەواوەن؛ گەڵاکان لەسەر جەستەم دەڕوێن، ڕەگەکان لە دەستەکانمەوە گوڵ دەگرن... بە ناخی زەویدا ڕۆ دەچن، تا عەرد هەبێ، تا عەرد هەبێ... ئەرێ، لاقەکانم بڵاو دەکەمەوە، چونکە ویستم گوڵ لە ناوگەڵمەوە خونچە بکا؛ پان‌پانێ بڵاویان بکەمەوە. ل٢٠٨»

هەشت/ سەبارەت بە زمانی وەرگێڕانە کوردییەکە، ئەگەر لە هەندێک شوێن و بڕگە خۆمان ببووێرین، بۆ نموونە ئەو شوێنانەی تێیدا دیمەکان توند، خێرا، پارانۆید و ترۆمان، ڕیتم تیایاندا بەرزە و شێتانە، شایەد زمانی وەرگێڕانەکە بەو قوەت و ئیمکانییەتە دەرنەهاتبێت، دەنا بە گشتی وەرگێڕانێکە تۆکمە و سەرکەوتوو، بەتایبەت لە خیانەتکردن بەو ئایدیا زاڵەی کە پێی وایە زمان دەبێت پەتی و سفت‌ولووس و بژارکراو بێت، ئایدیایەک، کە پارێزەرانی زمان، بە ناوەڕۆک و قەوارەیەکی زڕ و بەتاڵ، بەردەوام وەک تەور و چەک بەکاری دەهێنن. یەکێکی تر لەو خاڵانەی کە ئەرێ و بەرچاوە، وەرگێڕ لە ڕاوێژ و تۆنی وتووبێژەکان، پەنای بردووەتە بەر زمانی خەڵکانی ئاسایی نێو کۆڵان و بازاڕ، زمانێکی عامییانە و تێکەڵوپێکەڵ و ڕژاو، ئەمەیش کارێکی کردووە خوێنەر زووتر و ئاسانتر پەیوەندی لەگەڵ ڕۆمانەکەدا بگرێت.

نۆ/ ئەم یادداشتە بە گوتەیەکی میلان کۆندێرا پاساو و دادەخەین: «عەقڵی ڕۆمان عەقڵی بەردەوامییە: هەموو کارێکی هونەری وەڵامی کارێکی هونەریی پێشووترە، هەموو کارێکی هونەری سەرجەم ئەزموونی پێشووتری لەخۆ گرتووە.» «ڕووەکی» وەڵام و درێژەدەری کۆنترین حەکایەتە؛ حەکایەتی ئادەم و حەوا، ئەو کاتەی لە بەهەشتدا بوون و ڕووەکی.

سەرچاوەکان:
*ڕووەکی. هان کانگ. و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان. چاپی یەکەم. ناوەندی غەزەلنووس، ساڵی ٢٠١٦.
*لێکدانەوەی خەونەکان. سیگمۆند فرۆید. و. لە ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد. لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو، چاپی دووەم٢٠٠٨.
*هونەری ڕۆمان. میلان کۆندێرا. و. لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ. بڵاوکراوەی چاپ و پەخشی سەردەم. ٢٠٠٨.
* وتووێژێکی کراوەی نێوان نیکۆلا تروون و ئالێن بەدیوو، و. لە فەڕەنسییەوە: مەنسوور تەیفووری. سایتی نووچە.
*سینەما و دەروونشیکاری، و. لە ئینگلیزییەوە: محەمەد بەهرامپوور. سایتی ئاماژە.
*فلسفە در زمانە حاضر. الن بدیو و سلاوی ژیژک. ترجمە: فواد حبیبی و کمال خالق پناه. ١٣٩٢.
* نقد و بررسی رمان گیاهخوار. اثر هان کانگ. محمد رفیع محمودیان، سایت رادیو زمانە.

 بەختیار حەمەسوور

Feb 26, 2022

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ