کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "ڕشتەی کوردەواری" لە شاری مەریوان

 کومیتەی تەنزی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان، کۆڕێکی بۆ پەردەلادن لەسەر کتێبی "ڕشتەی کوردەواری" ساز کرد، لەم کۆڕەدا کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٠٩/٠٢دا بەڕێوە چوو، خاڵۆ ڕەووف کە پێشکەشکار بوو، قسەیەکی خۆشی کرد بە دەسپێکێکی پڕ لە بزە بۆ کۆڕەکە و ئامادەبووانی بۆ گوێکرتن لە وتار و باسەکان ئامادە کرد.

 کۆڕەکە بە پەیامی کومیتەی تەنزی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان دەستی پێ کرد، محەمەد خەیاڵ، پەیڤکاتۆرنووس و ئەندامی کومیتەی تەنز، پەیامەکەی ئەنجومەنی سەبارەت بە کۆڕەکە خوێندەوە، کە لە پەیامەکەدا باسی ئەوە کرا کە فۆلکلۆر ئاوێنەیەکە کە ئەکرێ ئێستا و ڕابردوو و داهاتووی خۆمانی تێدا ببینن.

لە بەشێکیتر پەیامەکەدا وترابوو: "قسەی خۆش لە کوردستاندا باو و برەوی هەبووە و هەیەتی و بە هۆی زۆریی کەسەکانەوە، ناتوانین لێرەدا ئاماژە بە کەسە قسەخۆشەکانی کوردستان بکەین، تەنانەت ئاماژەکردن بە ناوی ئەو قسەخۆشانەی کە لە مەریوان و سەوڵاوا و هەوراماندا ژیاون یان ئەوانەی ئێستایش ماون و چەپک چەپک قسەی خۆش ئەبەخشنە بیسەران و هۆگرانی قسەخۆشەکانیان، کات و دەرفەتێکی زۆری ئەوێ، کێ ئەتوانێ بە بیستنی ناوی کەسە ژیر و قسەخۆشەکانی مەریوان و ناوچەی سەوڵاوا و هەورامان و بیستنی دەنگ و قسە خۆشەکانیان، بزە نەیگرێ؟ با هەوڵ بدەین بە کۆکردنەوەی ئەو قسە خۆشانە و چاپکردنیان، هەم پێکەنین بکەینە دیاری بۆ داهاتوو، هەم ئاوێنەیەکی باڵانووێنیان پێ بدەین بۆ بینینی خۆیان و ئێمە و ڕابردووی نەتەوەکەمان؛ وەک چۆن زانایەکی ژیری وەک عەلائەدینی سەجادی یەکەم ئاوێنەی دا لە یەخەی مێژوومان تا لەوێوە ڕشتەیەک لەو مروارییە ڕەنگامانەی نێو کەلتوورمان بکاتە بزەی بۆ سەرلێوی مرۆڤی کورد".

 پاش پەیامی کومیتەی تەنز، سەید ئیسمائیل حسەینی باسی کتێبی "ڕشتەی کوردەواری" و گرنگیی قسەی خۆشی لە نێو گەلاندا کرد، ڕێزدار حسەینی کە پێشتر لە بواری فۆلکلۆردا کاری کردووە، بە وردی قسەی کرد و ئاواتی خواست زۆر کتێبیتر وەکوو "ڕشتەی کوردەواری" چاپ و بڵاو بکرێتەوە و ئاواتیشی خواست مەریوان بکرێ بە پایتەختی تەنز و قسەی خۆش لە کوردستاندا.

لە درێژهی بەرنامەکەدا، پەیامی ڤیدیۆیی شاعیر و لێکۆڵەر سەعید نەجاڕی ناسراو بە"مامۆستا ئاسۆ" بڵاو کرایەوە، بەڕێز نەجاڕی باسی گرنگیی کۆکردنەوەی فۆلکلۆر و بەتایبەتی قسەی خۆشی کرد و باسی چەند دڵسۆزێکی کرد کە لەم بووارەدا کاریان کردووە و پاشان باسی " ڕشتەی کوردەواری"ی کرد و دەستخۆشیی لە عوسمان سەمەدی، کۆکەرەوەی "ڕشتەی کوردەواری" و بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە کرد.

پاش وتەکانی بەڕێز نەجاڕی، عوسمان سەمەدی، خاوەنی کتێبی "ڕشتەی کوردەواری"، باسی چۆنێتیی کۆکردنەوەی قسەخۆشەکانی ناو کتێبەکەی کرد. بەڕێز سەمەدی، چەند نموونەیەکی لە قسەخۆشەکانی ناو کتێبەکەی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە و پێکەنینی خستە هۆڵەکەوە.

دوای بەڕێز سەمەدی، قادر ئازمەند کە بە ڤیدیۆ بەشداریی کۆڕەکەی کردبوو، بە وردی باسی گرنگیی كۆکردنەوەی قسەی خوش و ئەزموونەکانی خۆی کرد لەو بوارەدا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە نابێ هێچ شتێک، وەک نەریت و عەیبە و...، ببێتە بەربەست و ڕێگرمان لە کۆکردنەوەی قسەی خوشدا.

درێژەی کۆڕەکە سپێردرا بە سروە ڕەحمانی و ناوبراو لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی کتێبەکەی کرد و بە کتێبێکی پێویستی زانی، بەڕێز ڕەحمانی "ڕشتەی کوردەواری"ی بە وردی خوێندبوەوە و ئاماژەی بە هەندێک لایەنی بەهێزی کتێبەکە کرد.

دوایین کەس کە باسی کتێبەکەی کرد، محەمەد بەهرامی بوو کە شانۆکار بووە و شارەزایی لە هونەرەکانی تریشدا هەیە، بەهرامی وێڕای پۆلێنبەندیی کتێـب بە دانان، وەرگێڕان، کۆکردنەوە و لێکۆلینەوە، باسی گرنگیی کۆکردنەوەی فۆلکلۆری کرد و ئاماژەی بە چەند بەرهەمێکی ئەدەبیی گەورە کرد و وتی ئەمانە بە کەڵکوەرگرتن لە فۆلکلۆر نووسراون، ڕێزدار بەهرامی باسی زمانی لە فۆلکلۆردا بەگشتی و لە قسەی خۆشدا بەتایبەتی هێنایە گۆڕێ و پاشان باسی زمانی کرد لە "ڕشتەی کوردەواری"دا

دوایین بڕگەی کۆڕەکە، کۆمەڵێک پەیڤکاتۆر و باسێکی کورت بوو سەبارەت بە "کۆڕی پەیڤکاتۆر"ی سەر بە کومیتەی تەنزی ئهنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان، کە له لایەن ڕێناس جەهانی و ڕۆژدا وەلەدییەوە خوێنرایەوە.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا، کۆکەرەوەی "ڕشتەی کوردەواری" و چەند کەسێکیتر بانگهێشت کران بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبەکە و پاش پەردەلادانەکە، کۆڕەکە کۆتایی هات.

 

سەرچاوە: کەناڵی ناوەندی نووسەرانی کوردستان