ڕۆمانی "گەندەڵی" هەڵدانەوەی سەرقاپی زێرابەكە

ڕۆمانی "گەندەڵی" نوێترین ڕۆمانی ڕۆماننوس "ئیسماعیل حەمەئەمین"ە، ئەم ڕۆمانە وەك ڕۆماننوس لە دیواری فەیسبوكی خۆی نوسیوویەتی: مێژوویی گەندەڵی كوردیی و دونیایە، دیووی دووهەمی گەندەڵی و وردەكارییە تراژیدۆكۆمیدییەكانێتی لەزاری پاڵەوانە سەرەكییەكەیەوە "مۆپسی پاشا" سەگە ئازیزەكەمانەوە،  ئاوا مۆپسی پاشا ڕاپێچی وردەكارییەكانی گەندەڵی كوردیی و گەندەڵی دونیامان دەكات، گەشتێك چەند پێدەكەنین، ئەوەندەش دڵتەنگ و لێڵ دەبین.
 ئەم ڕۆمانە بە پەرەگرافێكی شانۆگەری چەتەكان-ی  شاعیری ئەڵمانی فریدریخ شیللەر دەستپێدەكات كە یەكێك لەپاڵەوانەكانی دەڵێت: دیسپۆتكان، زاڵمەكان، بۆچی هەن؟ بۆچی دەبێت هەزارەها خەڵك خۆیان لەبەردەم میزاجی ورگی تەنیا كەسێكدا ملكەچ بكەن، بۆچی دەبێت چارەنوسیان پابەند بێت بە باوبژی ورگ و تڕوتسەكانییەوە؟ 
فەرموون لەگەڵ پەرەگرافێك  لە ڕۆمانەكە

«ئاوەها من، مۆپسی پاشا، لە‌ڕێگەی (خاڵە گەورە)وە كە ‌دەساڵ زیاترە لە قەڵەویدا قاچەكانی خۆی نەبینووە و گۆرەوویی بۆ لەپێ ناكرێت و دوو ساڵیش زیاترە‌ قنگی خۆی بۆ پاك ناكرێتەوە و قەیتولێك یان جارجارە مەكتەب سیاسیەك قنگی بۆ پاكدەكاتەوە، وەكیتر دایبی تایبەت بە خۆی هەڵدەگرێت. منێك لەگەڵ ئەم پیاوە میهرەبانەدا ژیاوم، هەموو ئەم چیرۆكانە دەگێڕمەوە كە ئەو بۆی گێڕاومەتەوە و ئەوەشی كە خۆم بەسەریدا كەوتووم. هەرچەندە دەشزانم كە چیرۆكەكانم دەبێتە ماڵ وێرانی و ئاشكراكردنی سەدەها حەیاچوونی ناشرین لەم دەڤەرەدا».
شایەنی باسە لە ساڵی 2020 ئیسماعیل حەمەئەمین ڕۆمانێكی بڵاوكردەوە بەناوی "گۆشەگیری"، ئەم ڕۆمانە و ڕۆمانە نوێیەكەی (گەندەڵی) لەسەرجەم كتێبخانەكانی كوردستاندا دەستدەكەوێت.

 

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ