راوێژكاری پێشوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبارەی قسەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی:
" هەڕەشەكانی ئەردۆغان لە كورد تەنها گوتارێكە ئاڕاستەی جەماوەرەكەی دەكات و ئایندەی ئەو ناوچانەی هەسەدە كۆنتڕۆڵی كردوون دۆخێكی تایبەتیان دەبێت، لە نمونەی هەرێمێكی سەربەخۆ".
كازم وائیلی، راوێژكاری پێشوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سوریا لەبارەی قسەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا کە وتی " كوردەكانی سوریا دەبێت چەك دابنێن یان لەگەڵ چەكەكانیان دەیانێژین"، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نوسیویەتی " لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، جگە لە گوتارێك كە ئاڕاستەی جەماوەرەكەی و لایەنگرانی كردووە لە سەركردایەتی نوێی سوریا، هیچی ترنیە".
بە وتەی ناوبراو بوونی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەیوەستە بە بوونی سوپای ئەمریكا لەسەر خاكی سوریا، هەسەدە هاوبەشەییەكی ئەمنیی_سەربازی هەیە لەگەڵ ئەمریكیەكان، بەوپێیەی پارێزەری زیندان و كەمپە قەرەباڵغەكانە كە هەزاران تیرۆرستی داعشی تیادایە.
هەروەها لە نووسینەکەدا دەڵێت" هەسەدە تاكە لایەنە لە سوریا كە لەڕووی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەییەوە هیچ پەیوەست بوونێكی نیە بە داعشەوە، ئەوەش وایكردووە ببێتە جێی متمانەی واشنتۆن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچە گرنگانە بەلای ئەمریكاوە، لە ئایندەشدا بۆ ئیسرائیل، بۆ كورتكردنەوەی مەودای نێوان رۆژهەڵاتی فورات و ئێران، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت پێگە گرنگەكان لەناو قوڵایی ئێران بكاتە ئامانج".
ئاماژە بەوەشدەکات کە بەهۆی ئەوەی ئەمریکا متمانەی بە سەركردایەتی نوێ نیەو ئەوەی رودەدات لە ئایندەدا لە پرۆژەكانیدا ئەوەیە ناوچەیەك هەبێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق بێت.
راوێژكاری پێشوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە" ئایندەی ئەو ناوچانەی هەسەدە كۆنتڕۆڵی كردوون دۆخێكی تایبەتیان دەبێت، لە نمونەی هەرێمێكی سەربەخۆ، كە پەیوەندی لەگەڵ سوریا تەنها هاوبەشی جوگرافی دەبێت و توركیا ناتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا هێرشبكاتە سەر ئەو گروپانە كە لەرووی سەربازی و سیاسی و ئابورییەوە ویلایە یەكگرتووەكان پشتیوانیان".
سەرچاوە : سپی میدیا