به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه باوه‌كه، سیسته‌می پیاوسالاری ته‌نیا له‌سه‌ر "قه‌ده‌غه‌كردن" به‌ند نیه، به‌ڵكو "ڕێپێدان" ژێرخانه شاراوه و ڕاگرهكهیهتی، به جۆرێك كه ده‌توانین بڵێین له‌م سیسته‌مه‌دا یاسا پهتریاركییهكان بۆ شكاندن داده‌نرێن؛ داخوازی "مه‌كه" و داخوازی "بكه" هاوكات و هاوده‌م چنراون. به‌ڵام ئاشكرایه خواستی ژێرپێخستنی یاساكان به‌ڕوونی له فه‌زا ڕهمزییهكهدا ناوترێت هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه خواستی پاراستنی یاساكان زه‌ق ده‌كرێته‌وه. به‌ڵكو له‌م حاڵه‌ته‌دا پرۆسه‌یه‌كی دیكه قووت ده‌بێته‌وه كه سلاڤۆی ژیژه‌ك پێی ده‌ڵێت "قه‌ده‌غه‌كردنی قه‌ده‌غه". ئه‌م زاراوه‌یه ئاماژه به فریوێكی ڕه‌مزی ده‌كات، فریوێك كه كاركردی واقیعیی هه‌یه و وه‌زیفه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیداریشی ئاوایه: خۆ وایه به‌شاراوه‌یی كۆڕاییهك له‌سه‌ر ژێرپێخستنی "قه‌ده‌غه"كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه به‌ڵام كه‌س نابێت وه‌ك مناڵی چیرۆكه‌كه ساویلكانه ڕووتبوونی كۆمه‌ڵگا ده‌ربخات. ته‌نانه‌ت گه‌ر مه‌سه‌له‌كه له‌م یان له‌و سیسته‌مدا قه‌تیس نه‌كه‌ین و شارستانییه‌ت وه‌ك گشتێك وه‌ربگرین، ئه‌وا پێشوه‌خته لای زیگمۆند فرۆید شرۆڤه‌یه‌كی گرنگ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌بینین كه بۆچی مرۆڤه‌كان به‌فیعلی زۆر سه‌ختگیر و مكوڕانه قه‌ده‌غه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پیادهناكهن، لانیكه‌م له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا و دوور له چاوی خه‌ڵكه‌وه، بۆچی سه‌رپێچی له یاساكان هه‌میشه جمكی سه‌پاندنی ڕێساكان بووه، دواجار چۆنچۆنی سه‌رپێچی له هه‌ناوی خودی گوێڕایهڵبووندا هه‌ڵكۆڵراوه؟ واته گه‌ر بهخێچی له هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤه‌كان بڕوانین، هه‌ر پرسیاری ڕاده‌ستبوون به ڕێسا نوسراو و نهنوسراوهكان زه‌ق نابێته‌وه به‌ڵكو پرسیاری مه‌حاڵبوونی ئه‌م ڕادهستبوونهش.
به وته‌ی وی، شارستانییه‌ت نه‌ك ئازادییه‌كی زیاتری بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه به‌ڵكو به‌راورد به دۆخی پێش-شارستانی ئازادییه‌كی كه‌متریشی تێدایه (بێ شك ئه‌مه‌ش مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی مه‌حاڵ بۆ دۆخی پێش-شارستانی نیه، چونكه دواجار ئازادییه گریمانه‌ییه‌كه‌ی ئه‌وده‌م هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی نه‌بووه). به‌س به‌وپێیه‌ی ژیانی ده‌روونی مرۆڤ به گوێره‌ی "پره‌نسیپی چێژ" ڕێكخراوه، بۆیه مرۆڤه‌كان هێنده‌ش به‌سانایی ده‌ستبه‌رداری پاڵنه‌ره چهپێنراوهكانیان نابن: "... هه‌موو كه‌س ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتیش بێت، ئه‌م دۆخه قابیلی كارپێكردن نه‌بووه. ته‌نیا كه‌سه لاوازه‌كان خۆیان دایه‌ده‌ست ئه‌م هه‌ڵكوتان و ده‌ستوه‌ردانه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه بۆ سه‌ر ئازادییه سێكسییهكهیان، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی سرووشتێكی به‌هێزتریان هه‌یه ته‌نیا به مه‌رجی قه‌ره‌بووكردنه‌وه پێی ڕازی بوون... كۆمه‌ڵگای شارستانی ناچاربوو چاو له گه‌لێك سه‌رپێچی بپۆشێت كه خۆی ده‌بووایه، به‌پێی ڕێسا و حوكمه‌كانی، ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه و سزایان بدات". ئه‌م بڕگه‌یه‌ی فرۆید ئاماژه‌یه بۆ نێگهتیڤیتهیهكی ڕیشه‌یی له شارستانییه‌ت، دژه‌ڕه‌وت یان درزێك كه هه‌م ملكه‌چكردنی ته‌واوه‌تی و هه‌میش به‌ده‌ستهێنانی چێژ و به‌خته‌وه‌ریی پڕاوپڕیش ده‌كاته كاری نه‌كرده؛ بۆیه فرۆید پێی وایه ڕه‌نگه بنج و ڕیشه‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنانی تێربوونی كامڵ هه‌ر له زه‌بره كوشنده‌كانی شارستانییه‌ت یان كه‌لتوردا گیر نه‌خوات به‌ڵكو ئه‌وه سێكسواڵیته‌ی مرۆیی خۆیه‌تی كه بواری به‌خته‌وه‌ریی پڕاوپڕمان پێ نادات. ئه‌مه‌ش دۆزینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دامه‌زرێنه‌ری ده‌روونشیكارییه. پوخته‌ی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه: سه‌رپێچی له یاسا چه‌پێنه‌ر و سه‌ركوتكاره‌كان فهزیڵهتێكی ده‌سته‌بژێره‌كان نیه، هه‌ر یاخیبوونێك نیه ئه‌م یان ئه‌و تاكی ناوازه و خۆساز ده‌ستی دابێتێ، به‌ڵكو زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان، یان به ده‌ربڕینه‌كه‌ی فرۆید مرۆڤه ته‌بیات به‌هێزه‌كان، ده‌یگرنه به‌ر. به‌ڵام با سه‌رپێچییه ناونشینه‌كه‌ی یاساكان له‌و سه‌رپێچییه جیا بكه‌ینه‌وه كه وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بنكۆڵكهر ده‌گیرسێته‌وه. یه‌كه‌میان ده‌ریچه‌یه‌كی ژێرهوانكێیی ڕێپێدراوه به‌ڵام دووه‌میان ڕووی به سزای ڕۆحیه‌ته كۆگهلییهكه ده‌ته‌قێته‌وه و ده‌شكرێت به تاكێتیی ببه‌سترێته‌وه، جا تاكێتییهكی خه‌مڵیو یان نه‌خه‌مڵیو بێت: چونكه پێشێلكردنی ههوهنتهیی ڕێسا باوه‌كان خۆبه‌خۆ دابڕان نیه له‌و سیسته‌مه‌ی كه به‌رهه‌می هێناون.
پێشلكردنی هه‌ندێ قه‌ده‌غه لای ئێمه، به مانای دووه‌می وشه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌ی پێ كرا، ڕه‌نگه كوشتنیشی لێ بكه‌وێته‌وه. شه‌ڕه‌فیش یه‌كێكه له‌م قه‌ده‌غانه. خه‌سڵه‌تێكی زه‌قی كوشتن به ناوی شه‌ڕه‌ف ئه‌وه‌یه كه عاده‌ته‌ن له ڕووی ڕه‌مزییه‌وه پێشوه‌خت ڕاگه‌یه‌نراوه، گه‌ر ناونیشانی كورتهڕۆمانهكهی گابرێل گارسیا ماركیز، به‌سه‌رهاتی مردنێكی پێشوه‌خت ڕاگه‌یه‌نراو (chronicle of a death foretold)، به‌كاربێنینه‌وه. هێڵه گشتییه‌كه‌ی حه‌كایه‌ته فرهڕهههندهكهی نوسه‌ره كۆڵۆمبییه‌كه به‌م جۆره‌یه: ئه‌نجێلا ڤیكاریۆ ڕێك له شه‌وی بووكێنییه‌كه‌یدا ده‌نێردرێته‌وه ماڵه‌باوانی، چونكه بایارۆدۆ سان ڕۆمانی تازه‌زاوا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه هاوژینه‌كه‌ی پاكیزه نیه. ئه‌نجێلا ناچار ده‌كرێ تا ددان به ڕاستییهكهدا بنێت، ئه‌میش ناوی سانتیاگۆ ناسار ده‌هێنێت (كه ڕۆمانه‌كه سه‌ره‌داوێكی ئه‌وتۆمان ناداته ده‌ست ئاخۆ به‌ڕاستی سانتیاگۆ كچێنی وێی نه‌هێشتووه یان نا). هه‌ر دوو برای كچه‌كه، كه ناویان پابلۆ و پێدرۆیه بڕیاری كوشتنی سانتیاگۆ و كڕینه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ف و ئابڕووی خێزانه‌كه‌یان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ماركیز حه‌كایه‌تێكی پۆلیسی نیه و خوێنه‌ر هه‌ر له ڕسته‌ی یه‌كه‌مه‌وه ده‌زانێت مردنی سانتیاگۆ شتێكه و بڕاوه‌ته‌وه. براكان هه‌ر یه‌كه و چه‌قۆیه‌ك هه‌ڵده‌گرن و له چه‌ند شوێنێكیش به كه‌سانێك ده‌ڵێن به ته‌مان بچن سانتیاگۆ بكوژن، به‌ڵام به‌نزیكه‌یی كه‌س شتێكی ئه‌وتۆ ناكات تا ڕێ له كوشتنه‌كه بگرێ، مه‌گه‌ر له كۆتا ساته‌كاندا كه چیتر كار له كار ترازاوه: "خه‌ڵكه‌كه له‌به‌ر كۆمه‌ڵه هۆكارێك سانتیاگۆ ئاگادار ناكه‌نه‌وه؛ وای داده‌نێن پێشوه‌خته ئاگادار كراوه‌ته‌وه، باوه‌ڕیان وایه كه‌سێكی تر هه‌ر هۆشداری پێداوه، به‌سانایی بۆیان نادۆزرێته‌وه، پێیان وانیه كوشتنه‌كه ڕووبدا، هاتنی ئوسقۆف هۆشوگۆشی داگیر كردوون، یان به‌شاراوه‌یی حه‌ز به مردنی ده‌كه‌ن، یان پێیان وایه كوشتنه‌كه كارێكی ڕه‌وایه"[2]. ده‌كرێت ئه‌م هێڵه گشتییه وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ك بۆ زۆر تاوانی دیكه‌ی كوشتن وه‌ربگرین. ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌لتور له‌م كوشتنانهدا ده‌یگێڕێت جۆرێكه له‌و ڕێپێدان و خۆ لێ نهبانكردن و هاندانه، وه‌ك داریوش ئاشوری، نوسه‌ری ئێرانی، له جێیه‌كدا ده‌ڵێت "كه‌لتور له ژیان و مردنیش به‌هێزتره". ئه‌م هێزه كوشنده‌یه‌ی كه‌لتوریش شتێكی زۆر ئاشنایه بۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه. ڕێسا كهلتورییهكانیش شتێكی خۆڕسكانه نین به‌ڵكو له‌ڕێی مومارهسهكانهوه به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. مەسەلەکە لای ئەو کەسانەی وه‌ك دەوترێت "شەڕەفیان لەکەدار کراوە" ڕەمزیەتی کردەكهیه نه‌ك پارچه گۆشتێك. بۆیه لای وان، کوشتن کڕینەوەی پێگە ڕەمزییە ڕووشێنراوەکەیه. هه‌ر تاكێك له‌گه‌ڵ هاتنه‌دنیا و گه‌وره‌بوونیدا ده‌كه‌وێـته ناو نەزمێکی پێدراو و حازربەدەستهوه. ئه‌و كه‌سه لە پانتاییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا شوێنگەیەکی هەڵکەوت داگیردەکات، گه‌ر بێت‌و ڕێزمانی كۆمه‌ڵگاكه‌ش ڕه‌چاو نه‌كات، ڕه‌نگه لێی وه‌ده‌ربنرێت. هەربۆیەشە خەسان تایبەتمەندییەکی ڕەمزییشە، بۆ نموونه ئەو کاتەی پادشا (بۆنمونە "پاشا لیر"ی شکسپیر) لە پادشایەتییەکەی دادەماڵرێت، ئەوا فالوسە ڕەمزییەکەی لەدەستدەدات و سەرەنجام وێڵ و سەرگەردان ده‌سوڕێته‌وه؛ له‌كۆدا ژیانی مرۆڤیش هاوکێشەیەکی تێکەڵ و بەیناوبەینە لە خەسانی ڕەمزی و تهقهڵڕێژی و دوورینەوەی ڕەمزی. ژیان ئەگەر گەمەیەکیش بێت، ئەوا گەمەیەکی زۆر جددی و ڕێسادار و دواجار پڕ سهرپێچیشه.
ڕوشدی جه‌عفه‌ر
Mar 24, 2022
سەرچاوە: galawej