لە شارى هەڵەبجە یەکەمین ناوەندى گەلەریى کرایەوە، کە دوو هەزار وێنەى جیاوازى سەرجەم پێکهاتەکانى شارەکەى تێدا نمایشکرا، کە مێژووی بەشێکیان دەگەڕێتەوە سەدەیەک پێش ئێستا.
ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە یەکەمین ناوەندى گەلەریى هەڵەبجە بەناوی گەلەریی جەلال عازەبانی، کرایەوە.
لە گەلەرییەکەدا دوو هەزار وێنەی کەسایەتییەکان لە سەرجەم پێكهاتەكانی سنوورەکە نمایش کراون، لەڕووى قوربانیدان، هونەریى، ڕۆشنبیریى و کلتورییەوە.
ئارام شەمێرانی، سەرپەرشتیاری گەلەریی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەى 19 ساڵە سەرقاڵى ئەم كارەم و ناوى گەلەرییەكەشم بەناوی یەكێك لە شەهیدەكانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەیەوە بەناوی جەلال عازەبانی کردووەتەوە.
ئارام شەمێرانی، وتیشی: لە گەلەرییەكەدا دوو هەزار وێنە بوونى هەیە و شوێنەكەشمان بەکرێ گرتووە و بیناکەمان تەنها جێگەى ئەوەندەى تێدا بوەوە، ئەگەر شوێنێكى باشترمان هەبوایە، ئەوا وێنە و ئەرشیفی زیاتری هەڵەبجەی تێدا پیشاندەدەین.
کردنەوەی گەلەرییەکە لەکاتێکدایە، سبەینێ 34 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.
سەرچاوە: rojnews