نووسەری ئەمریكی (ودی ئالن) نووسەری ئەم نمایشەیە، لە ساڵی 1935 لە نیوۆرك لەدایك بووە، دەرهێنەر و ئەكتەر و سیناریستی سینەمایی و نووسەری شانۆنامە و ژەنیاری ئامێری جازە، یەكێكە لە بەناوبانگترین دەرهێنەرەكانی هۆڵیوود. فیلمەكانی بە ڕۆمانسی كۆمیدی ناسراون، كە تێكەڵن لەگەڵ گاڵتەجاڕیی و كۆمیدیای (سلاپستیك - Slapstick)(*)، بابەتی فیلمەكانی بەشێوەیەكی قووڵ دەربارەی ئەدەب و سێكس و فەلسەفە و دەروونزانی و شووناسی جولەكە و مێژووی سینەمایە.
دەرهێنەری ئەم شانۆییە هونەرمەند (كاك دێرین حامید)ە، كە تەواو دەقەكەی كورداندووە و زەحمەتە هەست بكەیت كە ئەم دەقە، دەقێكی ئینگلیزییە، ئەگەر ناوی ودی ئالن لەسەر پڕوشەری شانۆییەكە نەبوایە. ئەمە وای كرد بوو، بینەر تەواو لەگەڵ نمایشەكە تێكەڵ ببێت و قووڵ لە بابەتەكە تێ بگات و پڕ بە دەنگیش پێبكەنێت! پێكەنینێك كە دەیگەڕاندەوە بۆ نهێنییە شاراوەكانی خۆی، ئەگەر هەبوو بن؟! پێچەوانەی ناونیشانی شانۆییەكە، هیچ نهێنییەك نەما باس نەكرێت! ئەوەی وا دەردەكەوت خیانەتی نەكردووە یان لێی نەكراوە، لەهەموویان داماوتر بوو!
ئەكتەرانی ئەم نمایشە باشترینەكانی ئێستای ئێمەن، چالاك و پڕ لەجووڵە، ئەوان هەر بەڕاستی ڕۆڵیان نەدەبینی، ئەوان ڕۆچووبوونە كارەئەكتەرەكانیانەوە، من هەستم نەدەكرد بینەرم، هەستم دەكرد بەشێكم لەوان، یان ئەوان بەشێك بوون لە بینەران.
بابەتی نمایشەكە خیانەتە، كە ئێستا لە دنیادا قسەی زۆری لەبارەوە دەكرێت و لە هەر كۆمەڵگەیەكدا پەرچەكرداری جیاوازی هەیە، هەر لە لێبووردنەوە تا دەستدانە چەك و كوشتن! ئەوەی بۆ من جێگەی دڵخۆشی بوو، كوشتن نەبوو، هەر چەندە لێبووردەییش هەر نەبوو! چونكە ترس هەبوو لە لەدەستدانی ئەو كەسەی خۆشی دەوێت. كاتێك لە شانۆییەكەوە پرسیار لە بینەران كرا دەربارەی ئەوەی، كێ لەگەڵ لێبووردەییە، لە دۆخی خیانەتدا؟ بە نزیكەیی كۆی بینەران لەگەڵ لێبووردن نەبوون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە كۆمەڵگەی ئێمە لە خیانەت خۆش نابێت.
كۆی نمایشەكە چێژبەخش بوو، پڕ بوو لە قاقا، كە بۆ ئێستای ئێمە زۆر پێویستە. بۆیە بچن و ئەم نمایشە ناوازەیە ببینن، دڵنیام جگە لە پێكەنین، دەیان پرسیاری جەوهەریتان بۆ دروست دەبێت و وەڵامی دەیان پرسیاریش وەردەگرنەوە.
**
شەوان كاتژمێر (9)
لەسەر هۆڵی بەدیعە دارتاش، لەناو پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی، نمایش دەكرێت.
نوسینی: ودی ئالین
دەرهێنانی: دێرین حامید
ی.دەری دەهێنەر: ڕاهۆز كامەران
نواندنی (زەریا سامی، ڕزگار باهیر، شێنێ حەیدەر، شیلان عبدللە، كارۆ سەوز، میران ئازاد، پڕوشە محەمەد).
***
*) سلاپستیك - Slapstick: ستایلێكی گاڵتەجاڕییە، كە چالاكی زیاد لەپێویستی جەستەیی لەخۆدەگرێت و سنووری كۆمیدیای جەستەیی ئاسایی تێدەپەڕێنێت. ئەو هونەرمەندە بەناوبانگانەی ئەم جۆرە كۆمیدیایەیان پێشكەش كردووە: چارلی چاپلن، باستەر كیتۆن و لوریل و هاردی.
حیكمەت مەعروف
Apr 10, 2022
سەرچاوە: galawej