لە دوورە ڕێگای مێژووا
لە لاپەڕەی ڕابردووا
تاسەم کردی: گیانی «خانی»ی
شەهیدێکی: وشەی بڕوام.
«مەم»ێکی ناو سلێمانی.
هیوایەکم دڵ پڕ لە زام،
بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ
هاتوومە لات.. بەمیوانی
ئەوەش چەپکێ.. نێرگز.. دیاری.
ئەی عاشقی گەورەی جوانی!.
-ئەی «مەم» ی شاعیری ماندوو
ئەی فرمێسکی نەوەی هاتوو
مژدەت هانی..!
بەڵام ئێستەش گیانی خانی
وەکوو ئەوسا هەر زامدارە
لە زستانی ساڵا.. ئەژی.
-بەڵام من وتم: بەهارە
ئەوە نێرگز کە نیشانەی،
زەردەخەنەی کردگارە..
ئەوە گەڵا.. کە پۆیلانەی،
بووکی نەورۆزی نازدارە
تۆ گوێ بگرە.. ئەوە هاژەی
سەر قەڵبەزەی
خوڕەی پێکەنینی ئاوە.
تۆ گوێ بگرە: ئەوە دەنگی
قریوەی سەرچۆپیی لاوە.
ئەوە «زین» ە گوڵ ئەچنێ.
ئەوە «مەم» تێی ئاڵاوە.
-بەڵام ژیان بێ هەتاوە..
دڵ بێ خۆرە.
«مەرگەوەڕی».. شەڕ هەر ماوە
-گوێی بیستنم زرەنگەی دێ
خانی دەروێشی جوانی بوو
چۆن وا ئەڵێ!
-بەهار جوانە.. بەڵام کاتێ
زەوی دایکی.. سەرفراز بێ
ئاوی ئازاد بوونی.. باتێ!
دەسی دڕک و داڵ.. نەیگاتێ
چاو بەرەو ژێری «بن» نەبێ
بۆ ئاسمانی سەر بڕوانێ.
من ئەمەوێ جوانی بەهار
لە هەڵپەڕکێی کوردستانا
دەستی ئازادیی کورد بگرێ
لەناو نەورۆزی ژیانا.
ئەو نێرگزەم ناوێ دەستی
کوردی کۆیلە.. بۆم بچێنێ
ئەم جەژنەم ناوێ.. ژێر دەستیی
پێ بە پەڕەی یادیا بنێ!
-کەواتە چەپکە نێرگزی
دیاریی جەژنم لێ وەرناگری
ماندوویەتی بوو.. بە خەڵاتم
بەڕێی گەڕانەوەی دوورا
بڕۆمەوە.. وەک چۆن هاتم!
-مەرگەوەڕی.. شەڕ بکوژن
خۆری گیراو.. بەرەڵا کەن
ئەوسا.. بیکەن
بە هەڵپەڕکێ و بەزمی جەژن
ئەوسا بڵێن: ئەم نێرگزە
شایەنی ڕۆژی نەورۆزە!.
(شێرکۆ بێکەس)