بەم دواییە لە خوێندنەوەی کتێبی بیرەوەریەکانی شەهید موسا عەنتەر ناسراو بە (ئاپێ موسا) بوومەوە.
یەشار کەمال-ی رەحمەتی، گەورە رۆماننووسى بەناوبانگى بە رەگەز کورد دەڵێت: (هیچ کوردێکم نەدیت، هێندەى موسا عەنتەر هێمن و لەسەرخۆ بێ، بۆیە ناتوانم لە دەوڵەتە بکوژەکەى خۆش بم).
هەروەها گەورە کۆمەڵناسى دۆستى کورد ئیسماعیل بێشکچى سەبارەت بە کتێبى (بیرەوەرییەکانم)ى موسا عەنتەر دەڵێت کتێبی بیرەوەرییەکانم کارێکى زۆر گرنگ و پڕ بایەخى موسا عەنتەرە چونکە لە رێگەى ئەو کتێبەوە نووسەر بەشێکى زۆر لە رووداوەکانى مێژووى نوێى کوردستان روون دەکاتەوە.
کتێبی (بیرەوەرییەکانم)ی ئاپێ موسا لەلایەن بەڕێز محەمەد عیزەدین لە زمانى تورکییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى، دەزگای فام چاپی کردووە.
بیرەوەرییەکانم بۆ مناڵانی کورد نووسیوە
ئاپێ موسا دەڵى من بیرەوەرییەکانم بۆ مناڵانی کورد نووسیوە هەروەک ئاماژە دەدات بە وتەیەکى ئەحمەدى خانى (نەژ بۆ ساحێب رەواجان بەلکى ژ بۆ بچوکێن کورمانجان)ە.
ئاپێ موسا لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە ساڵى چلەکان رێکخراوێکى هاوکارى بۆ کوردان دادەمەزرێنن و باس لەوە دەکەن چۆن سوێند بخۆن بۆ ئەوەی ناپاکی لە یەکتر و رێبازەکەیان نەکەن بۆیە بڕیار دەدەن سوێند خواردنیان مۆرکێکی نەتەوەیی هەبێت، بۆیە خۆیان ئاڵایەکی کوردستان دروست دەکەن و سوێند بە ئاڵاى کوردستان دەخۆن کە خیانەت لە کورد و یەکتر نەکەن، دەڵێت بۆ راستگۆبوون بەرامبەر بە رێبازەکەمان پێویست بوو لە نێو خۆماندا سوێند بخۆین و سوێندەکەش بە مۆرکى نەتەوەیی بێت.
ئاپى موسا لە کتێبی «بیرەوەرییەکانم»دا زۆر لاپەڕەی شاراوەمان بۆ هەڵدەداتەوە، زۆر سوارچاک و هونەرمەند و نووسەر و تێکۆشەرمان پێ دەناسێنێ کە جیگەی رێزن، بەڵام ئەوەى زۆر سەرنجى منى راکێشا بیرەوەرییەکانی بوو لەگەڵ (شێخ عەبدولبارى کووفرەڤى).
ئاپێ موسا سەردانی شێخ عەبدولباری دەکات و ئەویش زۆر بە ئازارەوە باس لە بیرەوەرییەکانى دەکات، ویستم بەسەرهاتەکەی وەک خۆی بنووسمەوە بەڵام پێم خۆشە خۆتان بیخوێننەوە چونکە کاریگەرە هەر ئەوەندە لە کۆتاییەکەی بە ئاپێ موسا دەڵێت (کورم من بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و نەتەوەکەم کەسێکى تاوانبارم) ئەبێت چ پەشیمانیەک وای لێکردبێت هەست بەو گوناهە بکات؟
چیرۆکی چۆلەکەکان
ئاپێ موسا چیرۆکی چۆلەکەکانی بیرنەچۆتەوە، چیرۆکی چۆلەکەکان و ئامۆژگارى و درەس و پەندەکانی: ئاپێ موسا لە بەشێکى ترى بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت رۆژێک بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کامەران بەدرخان کرد کە ئەو کات لە فەرەنسا دەژیا بە کوردى ئەو چیرۆکەى بە تەلەفۆن پێ وتم (چۆلەکەیەک بێچووەکانى گەورەکرد، دواى پەڕوباڵ هاتنى بێچوەکان ئیدى کاتى ئەوەیان هاتبوو لە هێلانەکانیان دەرچن و بچنە دەرەوە، بەر لە چوونە دەرەوەیان دایکەکە، بە ئاماژەکردن بەو مرۆڤانەى لە خوارەوە یان هاتوچۆیان دەکرد، ئامۆژگارى دەکردن و دەیگوت، سەیرکەن ئەوان دوژمنى گیانى بە گیانى ئێمەن گەر سەیرتان کرد چەمینەوە بۆ زەوى، تا بەرد هەڵبگرنەوە، ئێوە راستەوخۆ بفرن و هەڵێن دایکەکە کە ئاواى گوت یەکێک لە بێچووەکان گوتى: باشە دایکە ئەى گەر بەر لەوەی خۆى بچەمێنێتنەوە، بەردى لە ناو مستى بوو یان لە ناو جلوبەرگى شاردبوویەوە.
دایکەکەش دەڵێ ئافەریم رۆڵەکانم دیارە ئیدى پێویستیان بە ئامۆژگارى نەماوە بۆیە ئیتر کاتى چوونە دەرەوەتانە. کامەران پرسى هێنایە سەر من و کوڕم ئامۆژگارى چیت بکەم تۆ پێوسیتت بە ئامۆژگارى نیە، خوزگە ئاپێ لە ژیاندا مابوایە و ئەو چیرۆکەی بۆ دەسەلاتدار و بەرپرسان و تاک بەتاکی کوردان دەگێڕایەوە، چونکە بەڕاستی پێویستمان بە ئامۆژگارییە.
کوردێکی بەستەزمانە
ئاپى موسا لە گەشتى ژیانیدا زۆر جار وەک رێز دەستى کەسانى لە خۆ گەورەترى ماچ کردووە، لەناو دابوو نەرێتی کوردان دەست ماچ کردنی پیاونی بەتەمەن باوبوو، بەڵام کەلتوری ماچ کردنی دەستی خانمان نەبووە بە تایبەتی لای پیاوان، چیرۆکى دوو دەست ماچ کردنی ئاپێ موسا زۆر سەرنجى منیان راکێشا و کاریگەری زۆریان لەسەر رۆحم دروست کرد، ئەوانیش (حەمالێکى قەرقۆچانڵى و خاتوو دانیال میترانن)، ئازیزانم خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی ئاپێ موسا ئەوە دێنێ بیان خوێنیتەوە، چیرۆکی دەست ماچ کردنی حەماڵەکەی قەرە قۆچانڵی لە لایەن ئاپێ موسا زۆر کاریگەرە، لێرەدا ژیان دۆستی و مرۆڤ دۆستی و نەتەوە پەرستی و نیشتمان پەرستی و گەورەیی و جینۆساید و کۆمەل کوژی و مێژوو و ویژدان، ناتوانم باسی گەورەی ئەم تابلۆیە بکەم، ئاپێ موسا دەڵێت قەت لە دەست ماچ کردنی ئەو حەماڵە پەشیمان نابمەوە: (رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممان لە راست و چەپی ناوچەی سوعادییە، لە بۆستانجی و ئەرنە کۆی، هەفتە بازاڕهەبوو، لەو هەفتە بازاڕەدا هەم بەرهەمی تازە دەفرۆشرا، هەمیش نرخیان هەرزان بوو، منیش لەو رۆژە دیاریکراوەدا دەچووم و پێویستی سەوزە و میوەی هەفتەیەکم لەوی دەکری، رۆژێک لەگەل رەخشانی کچم چوینە هەفتە بازاڕی ئەرنەکۆی، لەوێ پیاوێکی تەمەن مامناوەندی سەبەتەی لە پشتم بینی، لە سەر و سیمایدا دیار بوو کوردێکی بەستە زمانە، بانگمکرد و ئەو کەلوپەلانەی کریومانە خستمە ناو سەبەتەکەی ئەوەوە، لە رێگا بینیم دەستی چەپی کردووتە بۆکس و پەنجەکانی نووشتاونەتەوە ناو یەک، لێم پرسی برادەر دەستت چی لێ هاتوە؟ وتی مەپرسە کاکە، نازانم ئیدی شتێکی لێ هاتووە، منیش پێم وت تکایە مەترسە پێم بڵی چی لێ هاتووە؟
پیاوەکە دوو دڵ بوو لە گوتنی، چونکە نەیدەویست ئاشکرای بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی پێم گووت منیش کوردم و وازیشم لێ نەهێنا و زۆرم لێکرد تا پێم بڵی، کابرا باوەڕی کرد و چیرۆکە ناخۆشەکەی بۆ گێڕامەوەو گووتی: بەڕێزم ساڵی 1939 لە دێرسیم سەرباز بووم، نەقیب (کەنعان)ی فەرماندەمان، لە سەبازە کوردەکان تیمێکی کوشتنی پێکهێنابوو، ئەو مندال و ئافرەت و ئیختیارە دێرسیمیانەی لە گووند و ئەشکەوتەکان دەستگیر دەکران، لە لایەن ئەو تیمەی ئێمەوە رەمی دەکران، لە کاتی کوشتنیان پەل هاوێشتنی ئیختیارەکان زیق و هۆڕەی منداڵەکان و لەباوەش گرتنی رۆڵەکان لەلایەن دایکەکانیانەوە منی تووشی داڕووخانێکی دەروونی کرد، دوای چەند کارێکی ئاوا بیرم لە خۆکوشتن کردەوە، بەڵام دواتر بۆدەرباز بوون لەو گوللەبارانکردنە ڕێگایەکی ئاسانترم دۆزییەوە، چونکە بینیم سەربازە بریندارەکانی برادەرمیان دەبردە نەخۆشخانەی ئەرز ڕووم، ڕۆژێک کەوتبوینە ناو شەڕێکەوە منێش چەکەکم خستە ناوەڕاستی دەستی چەپم و بەدەستی راستم پەلاپیتکەی چەکەکەم تەقاند و بە چەند گولەیەک دەستی خۆم پارچەپارچە کرد، دوای ئەوە نێردرام بۆ ئەرزرووم و لە جەلادایەتی براکانم رزگارم بوو، ئەو دەستەم ئەو دەستەیە دامە بەر گوللە.
لەو دەست ماچ کردنە پەشیمان نەبوومەتەوە
ئاپێ دەڵی کە حەماڵەکە لە قسەکانی بۆوە، رامگرت و دەستی چەپیم خستە ناو دەستەکانی خۆم و ماچم کرد، رەخشان و ڕەمزی حەمباڵ سەریان سوڕمابوو، بەڵام من ئەرکیکی پیرۆزم بەجی گەیاند و تا ئێستا قەت لەو دەست ماچ کردنە پەشیمان نەبوومەتەوە.
ئاپێ موسا بە خاتوونی دایک و میهرەبان، بە شا ژنی کۆشکی ئەلیزێ دەڵێت:(دەستت ماچ دەکەم و لەسەر سەرێ خۆ دایان دەنێنم چونکە تۆ دایکی کوردانی).
ئاپێ موسا لە کۆتاییدا ئاماژەیەک بە بیرهاتنێکی تایبەتی خۆی لەگەڵ عەبدلڕەحمان زاپسو نووسەر و شاعیر دەکات کە زۆر تایبەتە دەقی نامەکەش بڵاو دەکاتەوە کە لە (29/1/1943)، نووسراوە لەو یادەوەرییەدا ئاپێ وەڵامی چەند پرسیارێکی کاک عەبدولڕەحمان دەداتەوە سەبارەت بە دروست کردنی ژیانی خێزانی لە رووی کۆمەڵایەتی و دینی خۆشەویستی و دلخۆشی و جیاوازی نێوان عەقل و هەست، پرسیارەکانی عەبدولڕەحمان و وەڵامەکانی ئاپێ، جێگای تێڕامان و دنیایەک لە جوانیش لە خۆی دەگرێت، داخەکەم لە 20/9/1992 بەدەستی دوژمنە ترسنۆکەکان شەهید دەکرێت، بیرەوەریەکانی ئاپی موسا تژی کوردایەتیە تژی وانە و پەندو چیرۆکی راستەقینەیە، ئاپێ روو بە دەسەڵات دەڵێ: (گەر زمانەکەم مەترسى بێت بۆ سەر پایەکانى دەوڵەتەکەت کەواتەدەوڵەتەکەت لە سەر خاکى من بنیاد ناوە.
سلێمان مستەفا حەسەن
2022-04-10
سەرچاوە: knwe