میتامۆرفۆس

یەكێك لەو بابەتانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گرنگی پێدراوە، ئەفسانەیە، ئەفسانە ئەو دونیا جاویدییەی كە ئەدەب و هونەر سوودی زۆریان لێ‌ وەرگرتووە، بەتایبەت هونەری سینەما، ئەوەی گێڕانەوەی ئەدەبیات و هونەری سینەما جیادەكاتەوە، ئەفسانە و چیرۆكە ئەفسانەییەكانە، كتێبی « میتامۆرفۆس» یەكێكە لەو كتێبە گرنگانەی كە بەیان سەلمان لەڕێی وەرگێڕانەوە بە دونیای كوردی ناساندووە، ئێمەش لێرەدا بە كورتیی تیشك دەخەینە سەر چەند وێستگەیەكی گرنگی ئەم كتێبە. سەرەتا تیشك دەخەینە سەر پێشەكیی ئەم كتێبە، پاش نزیكەی دووساڵ لە كاركردن، ئەم دەقە گەورەیە لە ئەدەبی رۆژئاوای دێرین هاتە بەرهەم، سەرجەم دەقەكە لەگەڵ شاعیری فەرەنسی « فیلیپ دولارب» بە لاتینییەكەی بەراورد كراوە.

هەڵبژاردنی ئەم دەقە بۆچی؟
سەرەتا لەبەر گرنگییەكەی لە ئەدەبی جیهانیدا، ئەم دەقە لەبەرئەوەی رێكخستنەوەی كۆمەڵە گۆڕانكارییەكانی دونیای ئەفسانەیە، بایەخی ئەدەبیی خۆی هەیە، بەمانەوەی وەك سەرچاوەی ئیلهامی زۆرینەی بەرهەمە ئەدەبیی و هونەرییەكانی دونیا، ئەفسانەی رۆمان و گریكەكان هەتا ئەمڕۆش جێی خۆیان لە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەنداندا هەر ماوە، سەدان دەق و بەرهەمی هونەریی و فیلم شایەدی ئەو لایەنەن، سینەمای ئەمریكی و فەرەنسی بۆ سەدان سیناریۆ كەڵكیان لە نموونەی ئەفسانەی ئەو دەقە گەورەیە وەرگرتووە.
كێشەی گەورەی خوێنەری ئێمە ئەوەیە بەداخەوە تا ئێستا نازانین چ كتێبێك بۆ خوێندنەوە و گرنگیی و سوودەكانی زانیاریی هەڵبژێرین، ئەم كتێبەی بەردەستمان یەكێكە لەو كتێبانەی زۆر گرنگە خوێنەر و نووسەر و هونەرمەندی كورد وەك پاشخانێكی مەعریفی و هونەریی بایەخی پێبدات، هەر خودی ئەفسانە وەك چیرۆك بۆخۆی گەورەترین دەستكەوتە وەك مێژووی شارستانی هەر میللەتێك، لە دونیای كوردیدا دەیان ئەفسانە و چیرۆك، ئەگەر لەڕێی گێڕانەوەش نەبێت، ئەوا لە بەشێك لە ئەشكەوت و چیاكانی ئەم ناوچەیەی ئێمە تابلۆی بەشێك لە ئەفسانەكانی بە وێنە لەسەر چیاكان هەڵكۆڵراوە، بەداخەوە گرنگییان پێنەدراوە و بەشێكیان شوێنەوارەكەشیان لەناو براوە، پرسیارەكە لە بارەی گرنگیی ئەم كتێبەوە ئەوەیە، هونەر و گێڕانەوەی ئەفسانە، خەونی گەورەی میللەتێك لە مەرگی گشتیی رزگار دەكات، مەرگ و ژیانی گشتیی پەیوەستە بە رۆشنبیریی گشتییەوە، كێن ئەوانەی ئەم چیرۆك و ئەفسانانەیان داهێنا؟ لەوەش گرنگتر ئەو ناوچانە كوێن كە چیرۆكەكانیان تێدا روویداوە؟ ریشەی ئەفسانەكان، دراو، جل و بەرگ، كەرەستەی ژیانی مرۆڤەكانی ئەو سەردەمە، بێگومان بەشێكی زۆری كەرەستەكانی ئەم چیرۆك و ئەفسانانە بە وێنە دەگێڕدرێنەوە، ئەوانەی بیریان لە هەڵكۆڵینی ئەم داستان و چیرۆكانە كردووەتەوە، لەوە گەیشتوون ئەم جۆرە گێڕانەوەیە بۆ زۆرترین ماوە دەمینێتەوە، هەروەها جەختیان لە شوێنی رووداوەكان وەك مێژوو كردووەتەوە.
ئەوەی بەیان سەلمان لە وەرگێڕانی ئەم كتێبەدا بۆمانی دەخاتەڕوو، تەنها گرنگیی كتێبەكە نییە، بەڵكو لە سیاقی ئەم كتێبەوە ئاگایی گشتیمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، ئاگایی گشتیی جەختكردنە لە مێژووی ئەفسانە لە ناوچەكانی خۆمان، هونەری ئەفسانە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەدەب و هونەرەوە هەیە، بۆ ئەوەی شارەزایی تەواومان لە بارەی ئەفسانەو هونەری ئەفسانەوە هەبێت، ئەم كتێبەی بەردەستمان یەكێكە لەو كتێبە ناوازانەی كە دەكرێت لە ڕێی بەسەركردنەوەیەوە شارەزاییەكی باشمان بۆ بڕەخسێنێ‌ تا ئێمەش وەك میللەتێك لە ناوچەكەدا كەوتنەكانی خۆمان راست بكەینەوە، چیاكانی ئەم نیشتمانەی ئێمە دەیان و سەدان ئەفسانەی تێدایە دەكرێت وەك مێژوو بگێڕدرێتەوە و بپارێزرێت و دیكۆمێنت بكرێت، دیوێكی تری ئەفسانە بۆ ئێمە ناساندنی هونەری ئەو چیرۆكانەیە كە لەڕێی تابلۆوە كێشراون، واتا زمانی تابلۆ دەگوازێرێتەوە بۆ زمانی ئەدەب، كە دواجار دەبێتە بەشێك لە مێژووی ئەفسانەی ئێمە. ئەوەی لەم كتێبەدا بەرچاومان دەكەوێت، دەیان ئەفسانە و چیرۆك و گێڕانەوەی دەیان حیكایەت و پاڵەوانی نێو ئەم حیكایاتانەن، پاڵەوانی سەرەكی ئەم كتێبە ئەدەب و زانای ئەدەبییە، چونكە سەرچاوەی هەموو ئەفسانەیەك گەڕانەوەیە بۆ زمان و گێڕانەوەی ئەدەبیی. هیوادارم خوێنەری كورد بە جیدی ئاوەڕ لەم كتێبە بداتەوە، كە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ ئاوڕدانە لە چیرۆك و ئەفسانەی كوردیی.

 كامۆ حەوێزیی
2022-04-06

 

 

سەرچاوە: knwe