... مه‌لایه‌كى زمان‌زان و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، دژه گوتارى باو، به سوارى گوێدێرێژێك، كه تاقه هۆكارى گواستنه‌وه‌ى خۆى بووه بۆ بڕینى ماوه درێژه‌كان، وه‌ك ئۆتۆمبێلى ئه‌م سه‌رده‌مه، له گوندێكى لاچه‌پ به ناوى خاك و خۆڵ، كه ناوى گونده‌كه خۆیشى هه‌ڵكه‌وتێكى میتافیزیكى هه‌یه، ڕه‌هه‌ندێكى وجودى و شیعرى لێ ده‌خوێندرێـته‌وه، سه‌رى هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و شار دێ. شاریش ئه‌وه‌نده زۆر نیه دامه‌زراوه و ده‌سته‌ڵاتێكى كوردى تازه‌پێگه‌یشتوو فه‌رمانڕه‌وایى لێ ده‌كا. مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، به پێچه‌وانه‌ى هه‌مووان، خه‌ونێكى مه‌زنى هه‌یه و ده‌یه‌وێ بیخاته بارى كرده‌كى، ئه‌و به زارى كوردى ناوه‌ندى خۆى شیعر ده‌نووسێ و بیر ده‌كاته‌وه و خه‌ون ده‌بینێ، ئه‌و زاره‌ى له هه‌مووان خۆشتر ده‌وێ، ده‌ڵێ سووك و ڕه‌وان و مه‌نگ و جێگیره، زۆر هونه‌رییه، هه‌رچه‌ند بته‌وێ ده‌توانى تیایدا قووڵ بیته‌وه، ده‌توانى ئاڵۆزترین هزر و بیرى خۆتى پێ ده‌بڕى. پێشتر شتێكى ئه‌وتۆ به‌و زاره نه‌نووسراوه، ئه‌و ڕچه شكێنه، خه‌ڵكه‌كه به‌لایانه‌وه سه‌یره و پێیان هه‌رس ناكرێ، شیعر به كوردى، به زمانى مسكێنان، شتێكى سه‌یره، پێشتر هه‌موو به زارى گۆران یان كرمانجى ده‌یاننووسى، بۆ باشتریش لێك حاڵی‌بوون، ناچار هه‌ندێ جار یان زۆربه‌ى جار، به فارسى یان عه‌ره‌بى ده‌یاننووسى، نووسین به كوردى، له شته ئێگزۆتیكه‌كان بوو، به‌ته‌یرێكى عه‌جایبیان له قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌ڵام مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، ئه‌م ته‌یره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ى لا دڵگیرتر كردن، تا واى لێ كردن عاشقى بن، پێى گوتن ئیدى ئێوه ئاوان، تكایه سه‌رنجى خۆتان بده‌ن، خۆتان خۆشبووێ، چیتر ناتوانن له خۆتان هه‌ڵبێن. مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، گیانێكى ئه‌وه‌نده مه‌زن و باڵا و خاكه‌ڕاى هه‌بوو، شت و جیهانى خۆى، جیهانى ماتریالى و ناماتریالى خۆى زۆر پێ مه‌زن بوو، هه‌رده‌م ڕێزى ده‌گرت و خۆشى ئه‌ويست، ده‌یگوت ئه‌مه دنیاى منه، ناتوانم له‌م دنیایه‌ى خۆم هه‌ڵبێم، ده‌بێ له‌ناو ئه‌م دنیایه‌ى خۆم ماڵێك دانێم، داهێنان بكه‌م. بۆیه، هه‌ر له‌و ساته‌وه، هه‌ستى ده‌كرد كوردی نیشتمانى ئه‌وه، هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ش له دوایى بووه ڕێگا و ڕێسایه‌كى مه‌زن هه‌موو گرتیانه‌به‌ر، ئێسته‌ش كه ئه‌م وتارۆكه ده‌خوێنیته‌وه، به‌م زاره جوانه نووسراوه، هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌گه‌ر بتوانێ بگاته سه‌ده‌كانى ئایینده، هه‌موو ئه‌م چرۆكردنه‌ش، ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ هه‌وڵ و ڕه‌نج و تواناى ئه‌و مه‌لا مه‌زنه كه له‌ناو خاك و خۆڵ وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌ردێ، ده‌بێته به‌رگ و پۆشاك بۆ مرۆى كوردى ڕووت و ڕه‌جاڵى ئه‌و سه‌رده‌مه. هه‌ر به هه‌وڵى ئه‌ویش بوو، زمانى كوردى ده‌چێـته ڕیزى زمانه زیندووه‌كانى وه‌ك عه‌ره‌بى و فارسى. مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، په‌رده‌ى ئه‌و شه‌رمه مێژووییه‌ى له‌سه‌ر بوون و به كوردى قسه‌كردن و نووسین و شیعر گوتن هه‌ڵده‌گرێ، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه ئاسۆیه‌كى تر له پێش زمان و مرۆى كوردى ده‌بێته‌وه.
ڕۆمان زۆر ساده و ساكاره، یه‌كێك ده‌چێته شارێك بناغه‌یه‌ك بۆ گۆڕانێكى مه‌زن داده‌نێ، هه‌ر ئه‌مه‌یه پلۆتى ڕۆمانه‌كه، ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌م وتاره‌یه كه ئێوه ده‌یخوێننه‌وه.
مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، یان شاعیرى گه‌وره به پیشه مه‌لا، له شار هاوڕێیه‌كى وه‌ك خۆى ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌و كه‌سێكى ڕۆشنبیره و شاعیرێكى دوانزه عیلمه، له‌به‌ر ده‌رگاى دوكانه‌كه‌ى كه كارى نووسینه‌وه و نووسینه‌وه ده‌كا، له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك شیعر به هه‌موو زمانێك ده‌خوێننه‌وه، ته‌نیا به كوردى نه‌بێ، مه‌لاى زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، به تكاو ڕجایه‌كى زۆره‌وه ڕه‌زامه‌ندى وه‌رده‌گرێ شیعر به زمانى خۆى له‌سه‌ر سه‌كۆ بخوێنێته‌وه، وێڕاى خوێندنه‌وه، هه‌زاران بۆچى و له‌به‌رچى و چۆن ده‌بێ و چۆن نابێ...، ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌رز، به ڕاده‌یه‌ك هه‌واڵ به میرى شار ده‌گا، ده‌ڵێن كابرایه‌ك شیعر به زمانێك ده‌خوێنێـته‌وه شتى جوان ده‌ڵێ و تێیده‌گه‌ین به‌ڵام ئه‌و شتانه به فارسى و عه‌ره‌بى نیه، به زمانێكى تره، ئه‌و زمانه چیه میر ده‌لێ، كه‌س ناوێرێ قسه بكا. له‌م نێوانه‌دا مه‌لاى ڕوونبێژو ڕه‌وان بیر كۆڵ نادا، خۆى ملكه‌چ ناكا، به نان و ئاوى خۆى و گوێدرێژه‌كه‌ى ئازادانه ده‌ژیێ، به‌رده‌وام ده‌بێ له شیعر خوێندنه‌وه، هه‌ر شیعر ده‌خوێنێته‌وه، به ده‌نگى به‌رز له‌سه‌ر سه‌كۆ هه‌ر شیعره ده‌خوێنێـته‌وه، هه‌ر شیعر ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ر شيعر ده‌خوێنێته‌وه...، هاوڕێكه‌شى سالم هه‌ر بۆى ده‌نووسێته‌وه و بڵاوى ده‌كاته‌وه، ورده ورده، گوێ و سه‌ر و خوێنى خه‌ڵكه‌كه پڕ له وشه‌ى كوردى ده‌بێ، پڕ له ئاواز و ڕیتمى قافیه و سه‌روا ده‌بێ، ته‌نیا وشه‌ى كوردى، وشه له شێوه‌ى باق و بریق و به‌ردى به‌نرخ، له شێوه‌ى مۆروو، مه‌رجان و یاقوت و زومرود، له شێوه‌ى ڕه‌نگ و هه‌تاوى زێڕین، وشه‌ى كوردى به‌ناو شار و دێهاته‌كان بڵاو ده‌بێته‌وه، ده‌چێته هه‌موو كون و قوژبنێك، هه‌موو په‌ناو په‌سیوێك، ده‌چێته هه‌موو ماڵ و كۆشكێك، هى هه‌ژار و هى میره‌كان، پاشان له‌ناكاو ڕۆژێك مه‌لاى مه‌زن و ڕوونبێژ و ره‌وان بیر، چۆن خۆى و گوێدرێژه‌كه‌ى هاتنه ناو شار، به هه‌مان شێوه له‌و ناوه بزر ده‌بێ، دواتر ده‌زانن له تاراوگه‌یه. ئه‌وه‌ى له‌م وه‌رچه‌رخانه سه‌یر بوو، ئه‌وه بوو مه‌لاى ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر بزربوو، خه‌ڵكه‌كه هه‌ستیان پێنه‌كرد، به‌ڵام تێبینییان كردبوو، به زمانى خۆیان قسه ده‌كه‌ن، به زمانى خۆیان شیعر ده‌نووسن، خه‌یاڵ ده‌كه‌ن، بیر ده‌كه‌نه‌وه، پێشتر به هى بێگانه، نامه‌شیان به فارسى ده‌نووسى ئێسته به كوردى، خه‌ونیان به فارسى ده‌بینى ئێسته به كوردى، گوێیان له ئاواز و ڕیتمى فارسى ده‌بوو، ئێسته به كوردى، سه‌ره‌نجام بوونه خاوه‌ن زمان و خاوه‌ن تێكست، قه‌سیده‌كانى مه‌لاى ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، ئه‌و ده‌ست و ئه‌و ده‌ستى ده‌كرد، ده‌نووسرایه‌وه، هاوڕێكه‌ى مه‌لاش درێژه‌ى به كارى خۆى ده‌دا، به‌ڵام كه هاوڕێكه‌ى ڕۆیشت ئه‌ویش بوو بوو به جه‌سته‌یه‌كى داهێزراو، به‌ڵام خاوه‌ن خه‌ون و ئاواتێكى مه‌زن، كه له‌سه‌ر سه‌رى وه‌ك قومرى فڕكان فڕكانى بوو. هه‌رگیز ئه‌و دوو زاته یه‌كتریان نه‌بینییه‌وه، ئێسته‌ش ئه‌م خه‌ونى به یه‌كگه‌یشتنه‌وه نه‌هاته‌دى، به‌ڵكو... ڕۆژێك بێته‌دى.
مه‌لاى مه‌زن و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، دواى ئه‌وه‌ى له شارى سنه‌ى دڵگیر، كه ئه‌ویش هه‌ر یه‌كێ له پایته‌خته فه‌رهه‌نگییه‌كانى كورده، خوێندن ته‌واو ده‌كا، سه‌ر پڕ له خه‌ون و پڕ له هیوا و پڕ له پڕۆژه، ده‌گه‌ڕێته‌وه گوندى میتافیزیكى خاك و خۆڵ، له‌وێ قه‌یرێ ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام دواتر، خوليا و كه‌ڵكه‌ڵه‌ى خه‌ون و پڕۆژه‌كانى هه‌راسانى ده‌كه‌ن، ده‌بێ شتێك بكا...، بۆیه، به سوارى گوێدیرێژ ڕوو له شار ده‌كا، له‌وێ شۆڕشێكى مه‌زنى به‌رپا ده‌كا، فۆرم و دنیاى هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێ، هه‌موو شتێك سه‌راوبن ده‌كا، زمان و خه‌یاڵ و خه‌ون و ئایینده‌ى خۆى پێشكه‌ش به شار ده‌كا، له‌ولاشه‌وه زۆر بێ فیزانه، به روح سووكى و به خشكه‌یى بۆى ده‌رده‌چێ. له دواى خۆى ته‌نیا، وشه و ئاواز و خه‌یاڵ و وێنا و واتا به‌جێده‌هێڵێ.
ئه‌مه بوو ناوه‌ڕۆكى ئه‌م ڕۆمانه، بابه‌تێك كه زۆر هه‌ستیار و سه‌رنجڕاكێشه، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى زۆرجار ئه‌و شاعیره كورده كه نالى مه‌زنه، به شاعیرى تۆسكانى "دانتێ ئه‌لیگێرى" به‌راورد ده‌كه‌م، دانتێ له فلۆره‌نساوه بڕیارده‌دا كۆتایى به نووسین و خوێندن و ئاخاوتن به زمانى "ڕۆمانى لاتینى" بێنێ، بڕیارده‌دا له‌مه‌ودوا به زمانى تۆسكانى شاكاره مه‌زنه‌كه‌ى خۆى "كۆمێدیا" بنووسێ. ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تا هه‌مووان دژى بوون، گوایه نووسین به‌م زمانه دژ به ئایین و ئیمانه، دواتر هه‌ر ئه‌م شاكاره ده‌بێته به‌ردى بناغه‌ى زمانى ئیتالى نوێ، هه‌ر ئه‌م زمانه‌ش ده‌بێـته زمانى كڵێساى نوێ، نالى- یش هه‌ر ئه‌م شته‌ى كردووه، به دیوانه‌كه‌ى به‌ردى بناغه‌ى زمانى ستانداردى كوردى دانا، كۆتایى به هه‌موو زاره كۆنه‌كان هێنا، سه‌ره‌نجام زارى دڵخوازى مه‌لاى ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، كه شیعرى نایابى پێ ده‌نووسى و بڵاوى ده‌كرده‌وه، ده‌شێ ناوى لێ بنێین "زمانى كوردى نوێ". ئه‌م زمانه‌ش، "زارى كوردى ناوه‌نده"، نه كرمانجییه، نه گۆرانه، نه كه‌لهوڕه، نه‌ك لوڕه، نه له‌كه، نه شه‌به‌كه، نه ئێزیدییه، نه موكریانییه، نه ئه‌رده‌لانییه، نه سۆرانیه، نه‌زازاییه، ...هتد، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌مانه‌یه، هه‌موو ئه‌مانه‌ى له خۆ كۆكردۆته‌وه، هه‌مووان ده‌توانن خۆیان تێدا ببیننه‌وه، قسه‌ى پێ بكه‌ن، خه‌ونى پێ ببینن، پێى بنووسن، ساده ساكار و ڕه‌وانه، نێر و مێى نیه، مه‌نگ و سه‌نگ و سه‌نگینه، به‌رز و باڵا و ڕه‌نگینه، زمانێكه ئاوا بێ، ئیتر هى دیكه‌ى بۆ چیه، ئه‌م زمانه‌ش زمانى ئه‌و مه‌لا ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیره‌یه كه "دانتێ ئه‌لیگێرى"ى كوردییه، له گوندى میتافیزیكى خاك و خۆڵ سه‌فه‌ر ده‌كا و به سوارى گوێدرێژ دێته شارى سلێمانى، له‌وێ شۆڕشێك به‌رپا ده‌كا، بناغه‌ى بیرى نوێ و زمانى نوێ و كردارى نوێ داده‌ڕێژێ، میره‌كان، كه پێشتر بێ‌زیان نه‌ده‌هات به كوردى قسه بكه‌ن، هه‌مووان ده‌هێنێته سه‌ر زمان و خه‌ون و خه‌یاڵى خۆى، ئه‌وانيش به كوردى ده‌ئاخڤن، ئیتر له‌وساوه ئه‌م كاروانه به‌رده‌وامه، ئه‌م نووسینه‌ش كه ئێوه ده‌یخوێننه‌وه، به زمانى ئه‌و مه‌لا بیر تیژ و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیره‌یه.
ڕۆمان به به‌شى كورت كورت له شێوه‌ى هه‌قایه‌تى كوردى، به زمانێكى ساده و ڕه‌نگین نووسراوه، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ى ده‌چیته ناو جیهانێكى كۆنى تازه‌ى پێش دوو سه‌د ساڵ، له‌وانه‌شه زۆرتر بێ، شوێن هه‌مووى بریتیه له گوندى میتافیزكى خاك و خۆڵ، تا سلێمانى و ناو شارى سلێمانى، شارى سه‌رده‌مى نوێى كوردى، وه‌ك له‌نده‌نى سه‌رده‌مى ڤیكتۆرى، ماڵى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، قسه و سه‌لیقه‌ى جوان، ڕێگاى نیوان ئه‌و گونده و شار، ڕێگا و جیۆگرافیایه‌كى كوردییه، ده‌شت و ده‌ر و گوڵزار و كانى و بێده‌نگى و ئاسووده‌یى ده‌بینى و هه‌ستى پێده‌كه‌ى. ڕۆمان له به‌هار ده‌ست پێده‌كا، شۆڕش له پایز و زستان و تا سه‌ره‌تاى به‌هارى ئایینده ڕووده‌دا، له‌گه‌ڵ كۆتایى به‌هار ته‌واو ده‌بێ، مه‌لاى ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، یان شاعیرى گه‌وره، هه‌ر له‌م كۆتایى به‌هاره شار جێ ده‌هێڵێ، به‌ڵام چ جێهێشتنێك !! زمانى هه‌مووان، خه‌یاڵى هه‌مووان، فیكرى هه‌مووان، ئاخاوتنى هه‌مووان، خه‌ون و خولیاى هه‌مووان، هه‌مووى نوێ ده‌كاته‌وه، هه‌مووان وه‌ك خۆى لێ ده‌كا، ئیدى له‌وساوه ئه‌م شۆڕشه به‌رده‌وامه، ئه‌م شكۆمه‌ندییه كه زمانى كوردى نوێیه، كه زمانى ئه‌م وتاره‌شه، هێشتا به‌رده‌وامه و زینددووه.
د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
سەرچاوە:galawej