بەپێی ئەو هەواڵەی کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە گەیشتۆتە گۆشەی ۱۰رزیلە، پاش هەوڵ و تێکۆشانی زۆری هەندێ کەس و لایەن، توانرا کار و سەرچاوەیەکی داهات بۆ چەند هاووڵاتییەک دابین بکرێ. ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە نەیویست ناوی ئەو هاووڵاتییانە ئاشکرا بکات و تەنانەت بەرتیلیشی وەرنەگرت و ئێمە نەمانتوانی بە هەڕەشە و گوڕەشەیش دەستمان بە لیستی ناوی هاووڵاتییان بگات.
ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە سەبارەت بەو هاووڵاتییانە وتی ئەو هاووڵاتییانە کۆمەڵێ مڕۆڤی کەڕ و کوێر و لاڵ بوون و بەڵێن دراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا کار و پیشەی شیاو و باشیان بۆ دروست بکرێ. هەواڵنێری گۆشەی تەنزی ۱۰رزیلە پرسیاری لە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراویتریش کرد و هەموویان خۆیان لە وەڵامدانەوە دزییەوە و هەر بەم بۆنەیەوە تیمێکی پسپۆڕی گۆشەی ۱۰رزیلە کەوتنە گەڕان بە دوای لیستی ناوەکاندا.
تیمەکەی گۆشەی ۱۰رزیلە، بە هاوکاریی کۆمەڵێ شارەزای بواری فاڵ بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کۆمەڵە مرۆڤە کە هەم کەڕن، هەم کوێرن و هەم لاڵن، تەنها لە مەجلیسدا کاریان دەست ئەکەوێ و هەر بەم بۆنەیەوە لە ئیستاوە پیرۆزباییان لێ ئەکات و ئەڵێ: تکایە نوێنەرێکی باش بن!
خالۆ رەئووف
*لێرەدا چاپ کراوە: گۆشەی تەنزی ۱۰رزیلە، هەفتەنامەی بەیانی.