نەڤید زارع، دەرهێنەری کورد، شەشەمین کورتەفیلمی بەناوی «جەژن» لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگرت و ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە.
نەڤید زارع بە رووداوی راگەیاند، «جەژن» شەشەمین کورتەفیلمیەتی وەک نووسەر و دەرهێنەر، لە گوندی وشکە ول و سەنتەری شاری سنە وێنەگیراوە، ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە و لە دوای تەواوبوونی کارەکانی بۆ فیستیڤاڵە سینەماییەکان دەنێردرێت.
زارع، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە بە زمانی کوردییە و چیرۆکەکەی باس لە ماڵباتێکی هەژاری کورد دەکات و تیشک دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانیان.
ئەفشین خدری کە چەندین خەڵاتی لە بواری شانۆدا وەرگرتووە شەیما مولایی کە لە چەند فیلمی سینەمای و کورتەفیلمدا بەشداربووە، لەم بەرهەمەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
بەرهەمهێنەری فیلمەکە نەڤید زارع و سینار ئەیوبە و کاری وێنەگرتنی لەلایەن نارین زارع کراوە و هەریەک لە وەحید ئەحمەدی و یاشار یەحیا لە رووی دەرهێنانەوە هاوکاری دەرهێنەری فیلمەکە بوونە.
نەڤید زارع، خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تاوەکو ئێستا کورتەفیلمی بڵاوکردوونەتەوە و لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداربووە، لەوانە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی.
سەرچاوە: rudaw