کتێبێکی نوێی تایبەت بە منداڵان لە ڕۆژهەڵات چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبێ "کڵاوەکەمم دەوێتەوە" کە تایبەت بە منداڵانە و لەلایەن هێمن محەمەدیان لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوەتەوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

کتێبی ″کڵاوەکەمم دەوێتەوە″ کە بەرهەمی "جان کڵاسن" نووسەری کانادایی و تایبەت بە منداڵانە، ڕابردوودا لەلایەن "هێمن محەمەدیان" وەرگێڕی و چالاکی بواری منداڵان بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرایەوە و لەلایەن باخان ئەحمەد هەڵەبڕی و لەلایەن پووریا ناسری کاری ڕازاندنەوە بۆی کراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە تیراژی هەزار دانەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبی "کڵاوەکەمم دەوێتەوە" ساڵی 2011ی زایینی بڵاو بووەتەوە و خودی جان کڵاسن نیگارکێشی کتێبەکەیە، ئەم کتێبە لەگەڵ کتێبێکی دیکەی نووسەر زیاتر لە دوو ملیۆن بەرگیان لێ فرۆشراوە و براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە بەشێک لە خەڵاتەکانی بریتین لە: باشترین کتێبی وێنەداری ″نیویۆرک تایمز″ لە ساڵی 2011ی زایینی، پاڵێوراوی خەڵاتی ″تیۆدۆر سووس گایزڵ″ لە ساڵی 2012ی زایینی، براوەی خەڵاتی ″ئی. بی. وایت″ لە ساڵی 2012ی زایینی و هەروەها پاڵێوراوی خەڵاتی ″ئێرما بلەک″ لە ساڵی 2012ی زایینی.

هێمن محەمەدیان، خوێندکاری کارناسیی زیندەوەرناسی لە زانکۆ کوردستانی سنە، ئەندامی ڕێکخراوی زانستیی هۆژین و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری زانستیی هۆژین، چالاکی بواری منداڵان و بەرپرسی تەلەفزیۆنی ئینستاگرامیی گەشە تیڤی "تایبەت بە منداڵان"، لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک کاری تایبەتی بۆ منداڵانی کوردستان کردووە کە لایەن خەڵکی کوردستان و بەتایبەت منداڵانەوە پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێ کراوە.

 

 

سەرچاوە: ناوەندی نووسەرانی کوردستان