هاوتا ئەسعەد، هونەرمەندی شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد؛ بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر دەڵێت، شوێن دەستی لەنێو هونەری کوردییدا دیارە و هەرگیز لەبیرناکرێت.
پێنجشەممە، 7ی نیسانی 2022 هاوتا ئەسعەد، هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر، لە شەقڵاوە کۆچی دواییکرد؛ لەو بارەیەوە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوتا ئەسعەد ماوەیەک بوو تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو، کۆچکردنی نیگەرانیکردین و هەرگیز کارە هونەرییەکانی و هەوڵەکانی لەپێناو هونەری کوردی لەبیرناکرێن."
فەرهەنگ غەفوور گوتیشی: "ئەو هونەرمەندە چەندین ساڵ لە خزمەت هونەردا بووە و شوێن دەستی لەگەڵ تیپی پاشای گەورە و تۆمارکردنی کارە جوانەکانی دیارە؛ سەرەتا بە لاوک و تۆمارکردنی کاسێت و چەندین گۆرانی باش دەستیپێکرد و بەمدواییانەش هەر بەردەوام هەبوو".
هونەرمەند هاوتا ئەسعەد کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر کۆچی دواییکرد، لە ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لەدایکبوو، لەسەرەتای هەشتاکاندا چووە نێو کاری هونەرییەوە و دەستی بە گۆرانی گوتن و دواتر ئاواز دانان کرد؛ هاوتا ئەسعەد خێزانداربوو و چوار منداڵی هەیە بەناوەکانی یوسف، محەممەد، ئەحمەد، کەژێ.
نازم دڵبەند، نووسەر و شاعیر و هاوڕێی چەندین ساڵەی هونەرمەند هاوتا ئەسعەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەیەک بوو نەخۆش بوو و تووشی شێرپەنجە ببوو؛ یەکێک بوو لەو هونەرمەندانە شوێن دەستی و کارەکانی بە زیندوویی دەمێننەوە".
سەرچاوە: rudaw