دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لە شاری ئەستەنبوڵ دەستیپێکرد و بە نمایشکردنی فیلمی “کوردانی ئێزدیی” دەستی بە کارەکانی کرد.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی ئەستەنبوڵ لەلایەن هەماهەنگیی سینەمایی مەزۆپۆتامیاوە لە هۆڵی کەلتوور و هونەری جەلیل جانداش دەستیپێکرد، بڕیارە تا 29ی ئازار درێژەی هەبێت و 28 فیلم لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا نمایش بکرێت.
مەراسیمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی هەردوو هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و نووسەران دەستیپێکرد، دەستپێکردنی کارەکانی فێستیڤاڵەکەش بە فیلمی کوردانی ئێزدیی بوو، کە ساڵی 1933 لەلایەن ئەماسی ماتریۆسیان بەرهەمهێندراوە.
ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا ڕایانگەیاند: لە ساڵی 2022دا 27 فیلمی نوێمان هێناوەیە لای یەک، ئەو فیلمانە گوزارشت لە چیرۆکەکانی کورد دەکەن لە جیهان و ئەو ئازار و نەهامەتییانەی بەسەریان هاتووە.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە پێنج ڕۆژ بخایەنێت و ڕۆژی 29ی ئازاریش فیلمە براوەکان دیارییبکرێن و خەڵاتیان بەسەردا دابەش بکرێت.
سەرچاوە: rojnews