دڵشاد كاوانی هەردوو كتێبی (سەركەوتن) و (سەركەوتن دوای شكست) بڵاودەكاتەوە

دڵشاد كاوانی نووسەر و وەرگێڕ دوو كتێبی نوێ لە ژێر ناوی (سەركەوتن) و (سەركەوتن دوای شكست) لە بواری پەرەپێدانی مرۆیی بڵاودەكاتەوە. سەبارەت بەم دوو كتێبە دڵشاد كاوانی باسی لەوە كرد ئەم بەرهەمانە كاری هاوبەشە لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ ڕەوەند سەباح و جگە لەم كتێبانەش بەنیازە دوو كتێبی دیكە لەناوەندی ڕۆشنبیری مەموزین بەچاپ بگەیەنێت. كاوانی ئەوەشی خستە ڕوو كە كتێبی (بیرۆكەكانی سەركەوتن)ی نووسەری گەورەی جیهانی ڕۆبن شارمایە كاری وەرگێڕانیان بۆ كردووە، هەروەها كتێبی (سەركەوتن دوای شكست) ئەزموونی پەنجا و شەش كەسییەتی سەركەوتووی بوارە جیاوازەكانی جیهانە كە دوای شكست و هەڵدێران بە پایەكانی سەركەوتن گەیشتوون، هەروەها كتێبی سەركەوتن دوای شكست لەپاڵ پێشەكییەكی نووسەران باسی شكستی پەنجا و شەش ئەستێرەی بوارە جیاوازەكانی جیهان دەكات، ئەو كەسانە لەژیانیاندا سەركەتوو و لێهاتوو بوون، بەڵام هەرگیز شكستەكانیان لەبەرچاو نەگیراوە. كتێبی بیرۆكركانی سەركەتن كتێبێكی (160) لاپەڕەییە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، بریتییە لە 200 بیرۆكەی نهێنی سەركەوتن، ئەو بیرۆكانە لە كتێب و وتە و ئامۆژگارییەكانی شارما وەرگیراون و لای نووسەران جارێكیتر بەكوردی كراون و داڕشتنەوە و رێكخستنیان بۆ كراوە لەگەڵ ژیاننامەی نووسەر و پێشەكییەكیان لەبارەوە نووسیوە. هەروەها كتێبێكی سەركەوتن دوای شكست كتێبێكی (120) لاپەڕەیە، لە شێوە و قەباریەكی جوان خۆی دەبینێتەوە و لەم كتێبەدا پەنجەیان خستۆتە سەر چیرۆكی شكست و كەوتنی ئەو كەساییەتییە جیهانیانەی كە لەژیانیاندا بەسەریان هاتووە، بۆئەوەی ببنە هەوێنی سەركەوتنی زۆرێك لەوانەی بەهۆی شكستەكان ڕووخاون و بەسەرخۆیاندا تەپیوون و لە ژیان بێ ئومێدبوون. دڵشاد كاوانی نووسەر و وەرگێڕ لەم بارەوە پێی ڕاگەیاندین: لە كتێبی (بیرۆكەكانی سەركەوتن) هەڵساین بە ئامادەكردن كۆكردنەوەی 200 بیرۆكەی بەهێز بۆ ژیانێكی شاهانەیی ڕۆبن شارما. كە دووسەت بیرۆكەی سەركەوتنی شارمایە كە ملیۆنان خوێنەری لە جیهان هەیە و بەرهەمەكانی زیاتر بۆ پەنجا و یەك زمان وەرگێڕدراوون، ئێمەش بەرگی كوردیمان كردۆتە بەر و لەگەڵ دۆخی تاكی كوردی سازاندوومانە. ئەمەشی گوت: ئەو كتێبانە لە كتێبەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە كە لەبارەی بواری پەرەپێدانی مرۆیی و چەمكی سەركەوتنەوە نووسراون، گرنگیدانە بەزمانی شیرینی كوردی و گونجاندنیانە لەگەڵ دۆخ و گوزەرانی ژیانی تاكی كورد و خوێنەرانی بوارەكە و دەرخستنی شكستەكان و گەڕاندنەوەی هیوایە بۆ هیوا لێ بڕاوەكان. وابڕیارە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا هەردوو كتێب بەشێوە و قەباری جیاواز لەچاپخانەی چوارچرای سلێمانی، بكەوێتە بەردیدی خوێنەران و چاپ و بڵاوبكرێتەوە. جێگای ئاماژە پێكردنە كە كتێبە تازەكان سێیەم و چوارەم كتێبی نووسەرن لە دوای ڕۆمانی (بەڕێگاوە) و كۆمەڵە چیرۆكی (نۆبەرەی مەرگم دیت).

 

 

سەرچاوە: galawej