من دڵداری کوردستانم

من دڵداری کوردستانم
سنووره‌کان بشێوێنن

من تامه‌زرۆی بۆن و تامی نیشتمانم

چۆن هه‌نگ شه‌یدای گوڵه‌باخه‌
من دڵداری کوردستانم

من ئه‌زانم

به‌فر بۆ خوێن، چۆن باوه‌شی ئه‌کاته‌وه

دار به‌ڕوه‌کان به‌کام تاوان ئه‌سووتێنن.

من ئه‌زانم

مرۆڤ له‌گه‌ڵ بیری مه‌رگا چلۆن ئه‌ژی

په‌ڵه‌نگ ئاوی ڕق و کینه‌ له‌کام کانی ئه‌خواته‌وه

من ئه‌زانم

تینووه‌کان چۆن مه‌مکی چیا ئه‌چه‌کێنن

کوێستان چۆن خوێن له‌ ڕووخساری ئه‌سڕێته‌وه
دڵداره‌کان
به‌ کام وشه ‌دێنه ‌به‌یان
تفه‌نگ به‌ کام ده‌نگ و زمان

سیاوچه‌مانه‌ی کورده‌واری ئه‌چڕێته‌وه

من دڵداری کوردستانم

من ئه‌مه‌وێ له ‌شه‌قامه ‌قۆرخه‌کانی دیاربه‌کرا شمشاڵ لێده‌م

قام و حه‌یران بخوێنمه‌وه

له‌ چوارچرای مه‌هابادا

هه‌ڵکه‌م ئاڵاکه‌ی کوردستان

له‌ قامیشلی هاوار که‌م و

له‌گه‌ڵ چینی کرێکارا شاری که‌رکووک، به ‌مان‌گرتن بژوێنمه‌وه‌

سنووره‌کان بشێوێنن

کورد بنه‌ڕه‌تی جیهانی ناو
خۆی له‌ چینی دیواره‌کاندا پڕووکا

بوو به‌خوێن و د ڵ ۆ پ د ڵ ۆ پ

به‌سه‌ر هه‌موو دنیا تکا

من دڵداری کوردستانم

وڵاته‌که‌م پێده‌نه‌وه

نه‌خشه‌ی جیهان بخوێنن و

سنووره‌کان شی که‌نه‌وه

جەلال مەلەکشا