"هونەری دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" بڵاو كرایەوە

كتێبی "هونەری دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"، لە نووسینی نووسەر و سیاسەتوانی دنیایی مارتن ئندێكە، كتێبەكە لە بارەی سیاسەتی هێنری كیسنجەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە، كە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە، ساسان عەونی، لە ئینگلیزییەوە  وەری گێراوەتە سەر زمانی كوردی و لەچاپخانەی رۆكسانا لە هەولێر چاپ و بڵاو كراوەتەوە

عەونی لە پێشەكی كتێبەكەیدا لەبارەی هێنری ئەلفرێد كیسنجەر، ئەوە دەخاتە روو كە لە ساڵی 1923 لە بنەماڵەیەكی جوو لە ئەڵمانیا لەدایك بووە، دواتر لە دەست نازییەكان هەڵدێن بۆ ئەمریكا و لەوێ نیشتەجێ دەبن، خوێندن تەواو دەكا و بڕوانامەی دكتۆرا لە سیاسەت و پێوەندی نێودەوڵەتی، پاشان دەچێتە سوپاوە و رۆڵێكی ئازایانە لە جەنگەكاندا دەبینێت، پاشان دەبێتە راوێژكاری "ئەیزنهاوەر" و "كینێدی"، دوو سەرۆكی ئەمەریكا، پاشان بووە بە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتر وەزیری دەرەوە.

روونی كردەوە، رۆڵێكی یەكجار گەورەی لە بەهیزكردنی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و بلۆكی رۆژهەڵات و چین و ڕووسیا و وڵاتانی تر هەبووە، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە و چەندان كتێبی چاپكراوی هەیە، خاوەنی قوتابخانەیەكی سیاسیی خۆیەتی كە هەموو بنەما و كارەكانی  لە خزمەت دەوڵەت و دۆزی رەوای خاك و وڵاتدایە، تێڕوانینی وایە كە دەبێت بەرژەوەندیی وڵات و دەوڵەت لە پێش هەموو شتێكەوە بێت.

عەونی لە پێشەكی كتێبەكەیدا لەبارەی "مارتن ئندێك"ەوە دەڵێت، لە 1951 لە لەندەن لەدایك بووە، شرۆڤەكارێكی پسپۆڕە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیپلۆمات و سیاسەتوانێكی ناسراوە و دووجاریش لە سەردەمی سەرۆكایەتیی بیل كلینتۆن لە ساڵی (1995-1997) و ساڵی (2000-2001) باڵوێزی ئەمەریكا بووە لە ئیسرائیل، ماوەیەكیش نێردەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا بووە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ئەویش رۆڵی گەورەی لە پێشخستنی سیاسەت و رۆلی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بینیوە.

وەرگێڕ لە پێشەكی كتێبەكەدا دەڵێت، ئەو بەرهەمەی مارتن ئندێك، هەوڵێكە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو قوتابخانەیەی كیسنجەر (قوتابخانەی ریالیستی یان تیۆری ریالیستی)، بۆ داڕشتن و پیادەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا پیادەی كردبوو، ژمارەیەكی بەرچاوی دیپلۆمات و سیاسەتوان و داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوە و دەزگا هەواڵگرییەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە دنیا، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕوایان بەو قوتابخانەیە هەیە و پێڕەوی دەكەن و بنەماكانی پیادە دەكەن.

دووپاتی كردوە، پێویستە قوتابی و توێژەرانی كورد لە بواری سیاسەت و پێوەندی نێودەوڵەتی گرنگی بەم قوتابخانەیە بدەن و خاڵی بەهێز و بۆچوونی گرنگی لێ وەرگرن و پیادەی بكەن.

ساسان عەونی نووسەر و وەڕگێر، كوڕی شاعیری گەورەی گەلەكەمان "عەونی"ە لە ساڵی 1970  لەدایك بووە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە كارگێڕی و ئابووری، خاوەنی سێ منداڵە و ئێستە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارە و خاوەنی چەندان بەرهەمی ترە.

 

 

سەرچاوە: wishe