داشکاندن هەتا مایە‌پووچی!

بە خوشکەکەم ئەڵێم: بۆ نێوی کوردیت بۆ منداڵەکەت هەڵنەبژاردووە؟ ئەڵێ: خۆ کوردبوون بەوە نییە!

بە کچەپوورەکەم دەڵێم: بۆ بە کوردی نانووسی؟

دەڵێ: خۆ کوردی نووسین نابێتە کوردایەتی!

بە هاوڕێیەکم دەڵێم: بۆ هیچ هەڵوێستێکت نییە سەبارەت بە کێشەکانی گەلی کورد؟

 دەڵێ: کوردایەتی لە دڵمدایە نامهەوێت بیهێنمە سەر زمان و خۆم تووشی کێشە بکەم. گرینگ دڵە!!

بە شۆفیری تاکسی دەڵێم: بۆ گۆرانی کوردی دانانێی؟

دەڵێ: مووسیقا سنوور ناناسێ!

بە دووکاندار دەڵێم بۆ نێوی دووکانەکەت بە کوردی نانووسی؟

دەڵێ: بێکاری برا... من خۆمم بۆ بەخێو ناکرێ.

بە کوڕێکی گەنج ئەڵێم: بۆ جلی کوردی لەبەرناکەی؟

ئەڵێ: دۆستەکەم پێی جوان نییە و گاڵتەم پێ‌دەکا. خۆ کوردبوون تەنیا بە‌ جلی کوردی نییە!!

بە کچێکی هاوڕێم لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان دەڵێم مێژووی کوردستان دەزانی؟

دەڵێ: من نازانم دوێنێ چیم خواردەوە تۆ باسی چ دەکەی؟! لەزگەی پێکەنینیش دەنێرێت!

لەوەی دەترسم ڕۆژێک باسی مێژووی کوردستان و مافی کورد و گرینگی زمان و نەریتی کوردی، لە لای هاوسەرەکەم بکەم؛ پێم بڵێ: "ئەوە قسەی چی دەکەی"!!

بۆ ڕزگاربوون و سەرکەوتن؛ پلەپلە سەر دەکەوین.

بۆ دیل بوون و دۆڕانیش؛ پلەپلە دادەکەوین!

نووسەر: چاوەڕوان