چۆمسکی سەبارەت بە شەری روسیا دژی ئۆکرانیا، لێدوانی گرنگ دەدات

نوام چۆمسکی گەورە هزرمەندی ئەمەریکی، یەکێکیش لە گەورە داکۆکیکار لە ئازادی رێبەری گەلان ئۆجەلان' ،سەبارەت بە پرسی گرنگی روسیا وئۆکرانیا بۆ  گۆڤاری'ناشنال' لێدوانی گرنگ دەدات.

دەڵێت: دوو بژاردە بۆ ئەو شەڕە ماڵوێرانکارییەی روسیا دژی ئۆکرانیا هەیە:

- بەردەوام بوونی شەڕ و دواتر هەڵگیرساندنی شەری ئەتۆمی، ئەویش بەوەی بەردەوام هاندانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیەکان تا دوایین سەرباز شەڕ بکەن ودواتر روودانی شەڕی ئەتۆمی، دەڵێت: ئەمە قسەی من نییە بەڵکو قسەی دیپلۆماسی گەورەی ئەمەریکا'چارلس فریمان'ە، ئەو وادەڵێت. لە میدیا بەناودەنگەکانی ئەمەریکا دەنگ بەرزبۆتەوە دەڵێت: با روسیا تارومار بکەین. ئەوە چی دەگەیەنێت، تەنها شەڕی ئەتۆمی دەگەیەنێت کە تێێدا مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی بە کۆتا دێت.

- دووەم بژاردە، رێگای گفتوگۆ و دایەلۆگ ، ئەوەش هەر مەترسیدارە ئەگەر رێگایەک بۆ هەڵاتنی پۆتین لەوشەڕەیدا بۆی نەکرێتەوە. بەواتایەکی دیکە دەبێت هەندێ داواکاریی پۆتین جێبەجێ بێت لەوانە بێلایەنکردنی ئۆکرانیا و قسەکردن لەسەر ستاتیۆیەک بۆ دۆنباس و نیمچەدورگەی کرم، ئینجا  جاڕدانی ئاگربەست وکشاندنەوەی هێزەکانی روسیا. ئەگەر شتێک بۆ پۆتین نەهێڵدرێتەوە، دوور نییە پۆتین دەستببات بۆ بەکاربردنی چەکی ئەتۆمی.

دەڵێت: زۆربەی هزرمەندان ودیپلۆماتکاران ودامودەزگاکانی ئەمەریکا، لەوانە: هنری کیسنجەر، جۆرج کێنین، جارید ماتلۆک و بەڕێوەبەرانیCIA  لەسەر ئەوە کۆک بوون و کۆکن کە جۆرجیا وئۆکرانیا بۆ روسیا هێلی سورە، نزیکبوونەوە لە ناوچەی هەژمونی روسیا مەترسیدارە و، روسیا قەبوڵی ناکات. پێداگری بایدن و پێشتریش بۆشی کوڕ بۆ هێنانە ناوەوەی ئۆکرانیا بۆ ناتۆ، روسیای ناچارکرد کە ئەو تاوانە گەورەیە لە دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.

لێرەدا رێگا چارە تەنها بەدەست ئەمەریکایە یا بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرێت، یا وەک فەرەنسا دەکەوێتە گفتوگۆ بۆ چارەسەریی سیاسی و رێگاکردنەوە بۆ هەڵاتنی پۆتین بە هەندێک دەستکەوت لە پێناو کۆتایهێنان بە شەڕ ومالوێرانی ومانەوەی ئۆکرانیا .

هەتا ئێرە بە کورتی ناوەڕۆکی لێدوانە گرنگەکەی چۆمسکی بوو، کە تەواو هاوڕام لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکەی، جا لێڕەدا دەمەوێت بە کورتی بژاردەی ئەمەریکا بخەمەڕوو، وەک زۆرجار خستومەتەڕوو، بەڵام تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە:

ئەمەریکا نایەوێت دەرئەنجامی شەڕەکە  لە کۆنترۆڵ دەربچێت وبگاتە شەڕ بە چەکی ئەتۆمی، لێ دەیەوێت ئۆکرانیا بەکاربهێنێت  بۆ سەپاندنی هەژمونی سەربازیی وئابوری خۆی بە سەر جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا  و لاوازکردنی روسیا لە شەڕی خوێنبەربوونی ئابوری و جڤاکی. ئەمەریکا ئێستا سەرقاڵی گرێبەستی چەکفرۆشتنە بە جیهان بەتایبەتی ئەوروپا بە سەدان یا ترلیۆنەها دۆلار، ئەمە دەرئەنجامێکی راستەوخۆی ئەو شەڕەیە. سەرباری ئەوەش بۆی دەرکەوت سوپای روسیا سوپایەکی لاواز و بێتوانایە ئەگەر چەکی ئەتۆمی لێبکەیتەوە، لەواری توانای جۆری و چاڵاکی بەقەدەر سوپای میسر دەبێت.

وای دەبینم تا بەگەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەمەریکا پشتیوانی ئۆکرانیا دەکات بەچەک بۆ هیلاککردنی سوپای روسیا وکەوتنی یا نزیککردنەوە لە کەوتن، لەوناوەدا ئەوەی باجەکە دەدات گەلانی ئۆکرانیا وروسیا وتەنانەت گەلانی جیهان دەبێت.

نیاز ئیبراهیم