چیتلۆڤیا، شۆڕشگێڕێک لە فۆرمەکانی سینەما

جۆزێف شکڤۆرێکچی، کەسایەتیەکی دیاری تاوەری ئەدەبی چیک، ئەو دەگێڕێتەوە کە کاتێک یەکەمجار بەر فیلمنامەکە کەوت و خوێندییەوە، لای وابوو هیچ بەهایەکی هونەری گەورەی تیانییە، لای وابوو فکری سۆسیالیست زاڵە بەسەریدا، بەڵام دوای پڕۆسەی بە وێناکردن، پەشیمان بووەوە و ڕایگەیاند چیتلۆڤیا فیلمسازێکی ئێجگار ناوازە، لێرەوە شکڤۆرێکچی چیتلۆڤیا بە “فەیلەسووف و شۆڕشگێڕێک لە فۆرمەکانی سینەما” ناودەبات، بەوە وەسفی ئەکا کە چیتلۆڤیا توانای گۆڕینی سادەترین چیرۆکی هەیە بۆ گێڕانەوەیەکی وێنانەکراو، سەرەتای دەرکەوتنی فیلمەکە لە نێو مێژوودا، بەندە بەو ماوەیەی کە بە بەهاری پراگ ناسراوە، لەو دەمەدا کە فیلمسازەکان ئازادبوون لە سیستەمی ستالینسیتی شکستخواردوو، هونەر و ئەدەب گەشەسەندنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، توانی لەو قاڵبە دەرچێ کە دەستووری سۆسیالیزم بەسەریاندا سەپاندبووی، هەڵبەتە چیکۆسلۆڤاکیا تاکە وڵاتی سۆسیالیتی نەبووە کە تێدا فیلمساز تیرۆر بکرێ و هەڵبێ و سانسۆری لەسەر دابنرێ، دوای ڕزگاربوون لەو کۆت و بەندە، گەڕانەوە سەر ئەزموونەکانی ژیانی تاک، چوونکە پێگەی هونەر لەناو کایەی سیاسیدا ئەرکی خۆبەڕێوبردنی گرتە ئەستۆ، کە بەشێکیان ڕابەری ناڕەزایەتیەک بوون لە دژی سیاسەتی فەرمی دەوڵەت، پوختەی وتارەکەی شکڤۆرێکچی، کەمن وای بۆ دەچم، دەربارەی ئەو گەمجاڕییەیە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا ڕوودەدات؛ “شوێنکەوتنی ئایدۆلۆژیا زاڵەکە، یان لەناوچوون و مەنفابوون،” هونەرمەندانی بەهاری پراگ باش باش ئاگادارن ئایدۆلۆجیا لە کوێوەیە، ئەزانن هەموو شتێک سیاسەتە، بەڵام لایان باش نەبوو کە سۆسیالیزم بکرێتە جێی سیستەمێکی سیاسی ئازادتر، واتا سۆشیال دیموکراتیش ڕەت ئەکرێتەوە بەیبوونەکان) و زۆرێک لەو فیلمانەی بەهاری پراگ، هەوڵی دەرخستی هەژاری ئەو بیرکردنەوە تەسکانە ئەدەن، ئەمە لە لایەک، وە لەلایەکیتر بۆ من (بەیبوونەکان) لە هەمانکاتدا، ڕەنگدانەوەیە لەسەر بەرزنرخاندنی ئازادی، لە کاتێکدا (ئازادی) چەمکێکی بێلایەنە کە توانای بەرهەمهێنان و خۆبەڕێوەبردن و وێرانکاری هەیە.

 لە وەسفی فیلمی (بەیبوونەکان ١٩٦٦)ی ڤێرا چیتلۆڤا، کۆمیدیاکە چیرۆکێکە، کە نمایشە زیادەڕۆیەکانی کارەکتەرەکان و جیهانەکەیان بەکاردێنێت، چیرۆکە کۆمیدیاکە پشت بە گاڵتەجاڕی ئەبەستێت، “لەچەندین شیکاری شانۆگەری کۆمیدیدا، هەوڵدانێک هەیە بۆ گاڵتەپێکردن و لێدان لە بەکارهێنانە تەقلیدی و ئاساییەکەی خراپە و چەپەڵیی بۆ ئەوەی کۆمیدیایەک بەرهەمبهێنێ” ئەمە کورتە شیکارییەکی دراماتیکی بۆ کۆمیدیاکە، سەرەڕای ئەوەش، کۆمیدیاکە وەکو فۆرمێک ڕەخنەی لێگیراوە، بۆ ئاراستەکردنی بینەر لە ئەزموونێکی بەرزتر و مانادارتر، وەکو ئەوەی بتوانرێ لە فۆرمێکی ڕێک و پێکیدا یان درامییەکی درووستکراو ببینرێ، بۆ نموونە تراژیدیا، چیتلۆڤا زۆربەی تایبەتمەندییەکانی خۆی، یان زۆربەی ئافراندنەکانی خۆی لە(بەیبوونەکان) کۆکردۆتەوە، فیلمەکە بە ئەندازەیەکی زۆر لێوانلێوە لە شێوازی تایبەتی وێناکردن، وە پێی دەناسرێتەوە، هەروەها بێمانایی و سوریال، تەنانەت لەو کاتەدا جیهانێکی گاڵتەجاڕ لە ڕێگەی شێواندنی ڕەفتاری کاراکتەرەکەوە دروست بووە.

 قسەکردن و کارلێکەکانی ڕۆژانەی جیهانەکەی ئەوان، بۆ من: “ ئەوەی وا ئەکا (بەیبوونەکان) فیلمێکی گرنگبێ، ئەتبا بەدوای لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی بەجێهێشتنی واقیع، کە لەناو دنیای مۆدێرندا زۆر ئاسان هەستی پێ ئەکرێ،“ هەرچەندە فیلمەکە لە فۆرمی ڕیالیزم دوور ئەکەوێتەوە، بەهۆی ئەوەی چیتلۆڤا تەکنیکی فیلمی ئاڤان-گارد وەکارەتێرێ، بۆ زیادکردنی نەختێک لە بێمانایی بۆ ئەو جیهانەی کە دوو کاراکتەرەکەی تیادایە، لێرەوە دەرفەتێک بە من ئەدا بۆ بیرکردنەوە لەبارەی ئەو جیهانەی تێیدا دەژیم، ئامانجی بەکارهێنانی ئاڤان- گارد بۆ چیتلۆڤیا ئەوەیە، چاوەڕوانی بینەر لەنێو واقعدا دەتەقێنێتەوە، یاخود بە مانایەکیتر، ئەو شتانەی مرۆڤ چاوەڕێیەتی هەرگیز نایە، بەڵام هاوکات هەندێک دیوی شاراوەی جیهان پیشاندەدا، کە مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگاداربێ لێی، بێ ئەوەی تێبینی بکا و لێی ورد بێتەوە، لەدەستی ئەدا، بۆیە لەو جیهانەی مرۆڤ تێیدا ئەژی، کۆمەڵێک شت بێ ئاگایانە ئەگوزەرێ، بۆیە ئەمە ناو ئەنێم دیوی شاراوە). 

واتا فیلمی (بەیبوونەکان) بێمانایی بەکاردێنێت بۆ نیشاندانی هەندێک ڕاستی گرنگ بۆ بینەر، واتا هەر تەنها ڕەفتارە ناتەواوەکانی کاراکتەرەکان نەبنە نوێنەر و تایبەتمەندی فیلمەکە، ڕوونتر …… هەر ئەوە ناگەیەنێ کە جیهان گاڵتەئامێز و بێمانایە، بەڵکو دەرخەری ئەو گەمارۆ پڕ بێ مۆڕاڵییەی جیهانەکەمانە کە دەوری تاکەکانی داوە، بەیبوونەکان فیلمێکی هەتا بێژی ئاڵۆزە، بەڵام لێکدانەوەی ئاسانە، یان ئەگەر گەرەکمانبێ ڕەخنەی لێبگرین، تاکە شتێک بە کۆدەنگی دەرچێ ئەوەیە فیلمەکە (نادیارە)! هەرچەنە چەندین مەبەستی جیاوازی لای ڕەخنەگران هەیە.

 بەیبوونەکان- پڕاوپڕ لە ڕەمز و بێمانایی و سوریالی و سایکۆلۆجی و پارادۆکس و ناتەواوی و ناڕوونی، لەکاتێکدا فیلمەکە کۆمەڵێک هەست لە کۆمەڵێک دیمەندا پێکەوە گرێ دەدا - هیچکام لەو هەستانەش ون نابن، لە جیاتی ئەوە پەیامی فیلمەکە لەهەر دیمەنێکدا، یان هەموو دیمەنەکان، زۆر بە ڕوونی دەتوانرێ لە چەند وشەیەکدا بنووسرێ ….. ژیان بێمانایە! ئەمە یەکێکە لە باشترین ئایدیاکان بۆ دەربڕینێک لە ڕێگەی وێنەوە، نەک بە تەنها دیالۆگ، لە ڕێگەی ئاکتی پڕۆتاگۆنیستە بێ هەستەکانەوە، لە کاتێدا هەموو ئەمانە هیچ لە کەشێکی واقعی ناچێ، بەڵام هەمیشە بەدوای درزێکەوەیە تا بگەڕێتەوە بۆی، ئەمە ئەو خاڵەیە کە فیلمەکەی لەسەر بەندە، لە ئەنجامدا، کردارە بێباکەکانی ئەو دوو ئافرەتە لەناو کۆمەڵگایەکی “چاک”دا، بەناوی ئەوەی کە هەموو جیهان تێکچووە …. ئەمە لە دیوێک، لە ڕێگەی ئەمەوە (بەیبوونەکان) مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی فراواندا ئەکا، وەکو ڕەخنەیەک دژی ڕادیکاڵبوون تا ئەو ڕادەیەی ئایدۆلۆژیا چەوسێنەرەکان هەڵسوکەوتی زۆرەملێ دەکەن لەبەرامبەر بە پەراوێزخستی ژنان لە کۆمەڵگادا، من وا بیردەکەمەوە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژینیالۆژیای شارستانیەتە !.

  لەناو پانتایی ئەرزی بیرکردنەوەدا چاڵێک هەڵدەکۆڵێت، پڕی ئەکا لەو ئاکتە بوکەڵەییە، تا دووبارە پڕبێتەوە و بتەقێتەوە بە هزری شارستانیەتەکان و دووبارە درووستبوونەوە و پێشبینیە نوێیەکان بۆ ئەوەی ژنان چۆن ڕەفتار بکەن، لە ڕێگەی ئەو هەردوو “مەریەمەوە”(پاکیزە)، کە بەدەوری دارێکی سێودا (درەختی پیرۆز) سەما ئەکەن، کە بە سەرکەوتووی دەستیان لە ویژادانی خۆیان هەڵگرتووە و بوون بە بوکەڵە، بووکەڵەیەکی کاریگەر! کە دەتخاتە گێژاوێکی دەروونییەوە بۆ وردبوونەوە و سەرنجدان لە بێماناییەکە، وە هەوڵی دووبارە دەربازبوون لەناو بێماناییدا، هەردوو مەریەمەکە بەردەوام لە ئازار چەشتنێکی سەختدان، هەموو ئاکتەکە بۆ ئەوەیە، بە جیهان ڕابگەیەنن: کە ئێمە هەین، چوونکە مرۆڤ لە جیهانێکی تێکچوودا هیچ پەیوەندییەکی ماناداری نییە تا مرۆڤ بتوانێ لە ڕێگەیەوە هەست بە بوون بکات، تەنانەت کە بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن و لە ئاهەنگدا ڕێپێوان دەکەن، ئەو ڕاستییەی کە هیچ گۆڕانێکی نوێ ناتوانێت ڕێگەیەکی نوێیان پێ ببەخشێت یان دەروازەیەکی نوێ بە تەواوی بکاتەوە، ئەوە ئەو سنوردارکردنەیە کە لەسەر کارەکتەرەکانی فیلمەکە لەلایەن چیتلۆڤیا بەسەر ماریەکاندا دەیسەپێنێ، لە کاتێکدا باسی ئەوە دەکەن کە جیهان چەندە تێکچووە. 

تەنانەت کاتێک کە ئەوان قسە دەکەن دیمەنەکە بە تەقەی بینا ڕووخاوەکان دەبڕێت (cut)بەرامبەر ترسێکی زۆر گەورە و راستەقینەدا، لەناکاو... لێرەدا پرسیاری چۆنێتی ژیان ناتوانێت بێ وەڵام بێت، ئەبێ لەناو بیردۆزێک بۆ مۆڕاڵ و فەزیلەتدا بەدوای بگەڕێین، مرۆڤ دەتوانێت لەناو ئەم جیاوازیەدا پنتێکی قووڵ بۆ شیکاری فیلمەکە لە سەردەمی مۆدێرندا جیابکاتەوە، کە ڕەنگە پەیوەندی نێوان دنیای ڕاستەقینە و دنیای بێمانایی(بەیبوونەکان) بپچڕێنێت.

 ئەگەر جیهانی ڕاستەقینە بەرهەمهێنەری ترس بێت لەسەر پێوەری مۆدێرن، ئەوە بەڕاست چ جیهانێک لەسەرەوەیە؟ واتە لە جیهانێکدا کە تاکەکان یەکتر ئەهاڕن، وێناکردنی پرسیارەکەیە لای چیتلۆڤیا، کە تاکێک چی لەدەستدێ؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگا بەبەردەوامی، زۆر بەئاسانی یەکتر لەناودەبات، ئەم پرسیارەش لە مێشکی گشت مرۆڤێکە، بۆ چیتیلۆڤیا بوونی ئایدیۆلۆژیای چەوسێنەر لە ژیانی ڕۆژانەدا شتێکە کە پێویستە بتەقێنرێتەوە وەک چۆن جیهان لە بارودۆخی ئاسایی خۆی پڕە لە زۆرداری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی تەنز ئامێز، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی کۆمیدیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە فۆرمێکی گونجاو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە واقعە، لەبەر ئەوە، لە بەیبوونەکاندا، کارەکتەرەکان بە مانای وشە ئازاری خۆیان ئەدەن، بەبێ ئەوەی برینی لێبکەوێتەوە، لەم ڕووەوە بەیبوونەکان تێڕوانینێکی تازە پێشکەش دەکات کە تێیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر هەبوونی ئایدۆلۆجیا لە ژیانی ڕۆژانەدا.

 لە دیمەنێکدا دەبینین کارەکتەرەکان سەما دەکەن، وەکو ئەوەی لە بەرامبەر بینەرێکدا دانیشتبن، وەکو ئەوەی لە قەرەباڵغییەکدا بن، سەمایەکی شێواو و ناتەواو، هەوڵدان بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەری سەماکە، گوێمان لە دەنگی قەرەباڵغیەک ئەبێ، ئەم قەرەباڵغییە چییە؟ ئایا ئەوان دەنگمان بۆ دروست دەکەن؟ لە خوێندنەوەکەمدا وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەو قەرەباڵغییە گوزارشت لە لایەنێکی دنیای بینەری ڕاستەقینە دەکات، ڕەچاوی ئەو ئارەزووەی مرۆڤی ئەم سەردەمە بکە بۆ بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان، کە چۆن دەنگی خەڵک لە هەر ئان و ساتێکدا بێ بەرزدەبێتەوە، کاریگەری میدیای دەسەڵات لەسەر خەڵکی، دواتر دەستدەکەن بە هەراسانکردنی ئامادەبووانی سەماکە لە ڕێگەی نمایشە هونەرییەکەیان و دەنگەکە تا بێ بەرزتر و بەرزتر ئەبێتەوە وەکو ئەوەی ناڕازیبن لە نمایشەکە، کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیەکە خێر و بێری هونەر لە زەمەنی مۆدێرندا چییە کە کەس سەیری ناکات؟ هەرچۆنێک بێت ئەوەی پێم وت نادیار، لە کۆتاییدا تا ڕادەیەکی کەم ئاشکرا ئەبێ، لە دیمەنی تێکدانی خوانەکە بیرکردنەوەی چیتلۆڤیا بەڕووی مۆدێرندا دەتەقێتەوە، لە دیمەنێکدا پاکیزەکان خوانێک تێکدەدەن و پاشان هەوڵی ڕێکخستنەوەی دەدەن، پێموایە ئەمە وێناکردنی ئەوەیە؛ “کە چاکسازی لە جیهان مەحاڵە”، گەر واشنەبێت، ئەوا بۆ من ئەم دیمەنە لە تێکدانی خوانێک گەورەترە، چوونکە گەر بە ئاگاییەوە سەیری فیلمەکە بکرێ، هەست بە نائاگاییەکی گەورە لە دۆخی کارەکتەرەکان دەکەی، لە دیمەنێکدا کۆمەڵێک فارگۆنی شەمەندەفەر پیشاندەدا، بە فلتەری جیاواز و لە گۆشەی جیاوازەوە کەت ئەبێ، باس لە سنوردارکردن ئەکات، لەڕێگەی تەکنیکی ئاڤانگاردەوە، کە فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە ئەگۆڕێ بۆ وێنەیەکی تاک ڕەنگ، پاشان لە قاڵبدان، کە باس لە کێشەی بیرکردنەوەی تاک ئەکا لە کۆمەڵگای زۆرەملێدا، هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە کێشەی ڕاستەقینە چییە؟ لە جیاتی ئەوەی بپرسێت تێکچوونی شێوازی ژیانی تاک هەڵدەستێت بە درووستکردنەوەی جۆرێکیتر لە چەوسانەوە، دووبارە چیتلۆڤیا پرسیارێکی گرنگتر ئەوروژێنێت سەبارەت بە تێکچوونی ژیانی تاک و ئەو تراژیدیا گەورەیەی کە ڕووئەدات، بەرەو کوێ ئەچێ؟

 

هێژا عەباس

Mar 1, 2022

 

سەرچاوە: بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ