جان دەمۆ، لە كەركوكەوە بۆ ئوسترالیا

لە بیروباوەڕی‌ ئەو كۆمەڵەیەدا نەبوو، كە ئەوان بونیاد و تەكنیكی‌ شیعری‌ عیراقی‌ باو دەگۆڕن، بەدرێژایی‌ چەندین دەیە درێژەی‌ كێشا، ئەم ئەزموونە لەلای‌ « جماعە كركوك- جەماعەتی كەركوك»  بە قووڵیی‌ و وریاییەوە دەركەوت، ئەم كۆمەڵەیە لە نەتەوە و ئاینی جیاواز پێكهاتبوون، لێ‌ ئەوەی‌ ئەمانی‌ یەكخست، شیعر بوو، لەو سەری‌ دەركەوتەكانییەوە، بەتایبەت چەپگەرایی‌ ترۆتسكی‌ وەك فیكر، ئیدی‌ مەشخەڵی‌ گۆڕانكارییان بەرزكردەوە و لەمسەری‌ زەوییەوە بۆ ئەوسەری‌ برەویان پێدا، فازڵ ئەلعەزاوی‌، سەرگۆن پۆڵس، سەڵاح فایق، ئەنوەر ئەلغەسانی‌، موئەیەد ئەلڕاوی‌، جەلیل ئەلقیسی‌، محێدین زەنگنە، یوسف سەعید، لەناو ئەم كۆمەڵەیەشدا جان دەمۆ قەشە و كوڕە بە نازەكەی‌ جەماعەتی كەركوك بوو.
جان دەمۆ لە دۆخێكی‌ ناهەمواردا ژیا كە شیعر هیچ رۆڵێكی‌ نەبوو تا باس بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی‌ بەرچاوی‌ لە دەركەوتنی‌ جەماعەتی كەركوك و گۆڕانكاریی‌ ریشەیی‌ شیعری‌ عەرەبیدا هەبوو، وێڕای‌ ئەوەی‌ بەرهەمی‌ كەمبوو، بەڵام توانی‌ ببێتە بكەرێكی‌ چالاك و دیاری‌ ئەو بوارە.

جان دەمۆی‌ وەرگێڕ و شاعیر 
جان دەمۆی‌ وەرگێڕ هیچ جیاوازییەكەی‌ لەگەڵ جان دەمۆی‌ شاعیردا نەبوو، ئەوەی وای‌ لێ دەكردی خۆشەویستیت بۆ هەموو بابەتەكانی‌ هەبێت، وەختێك بابەتێكی‌ وەرگێڕاوی‌ ئەوت دەخەوێندەوە هەستت دەكرد بابەتێكی‌ خودی جان دەمۆ دەخوێنیتەوە نەك بابەتێكی‌ وەرگێڕدراو.
كاتێك نووسین بەشێواندن لێدرا و كتێبێكی لەخۆگرت ئەوا چوارچێوەیەكی‌ جیدی‌ وەردەگرێت.
ئەم رستەیە كورتكراوەی‌ چیرۆكی‌ كۆمەڵە شیعرێكی‌ جان دەمۆیە، بەنێوی‌« ئەسمال» كە لە دووتوێیدا ئەزموونی‌ گوشراوی‌ شیعر و ژیانی‌ خۆی‌ تێدا بەرجەستەكرد.
نووسەری‌ عیراقی‌ حسێن عەلی‌ یونس لە كتێبێكیدا بەنێوی‌ «جان دمۆ  پاشماوە و ژیان» باس لەوە دەكات، لە كۆتایی‌ هەشتاكان هەریەك لە شاعیر زاهر ئەلجیزانی‌ و سەلام كازم، خۆیان ئامادە دەكرد بۆ نووسینەوەی‌ كتێبی‌ ئەنتۆڵۆجیای‌ شیعری‌ هاوچەرخی‌ عیراقی‌، بڕیاربوو جان دەمۆ یەكەم شاعیر بێت لەو كتێبەدا جێی‌ ببێتەوە، بەڵام ئامادەكارانی‌ ئەو پڕۆژەیە، جان دەمۆیان پشتگوێ‌ خست، پێیانوابوو جان شایەنی‌ ئەو پڕۆژەیە نییە، ئیدی‌ ئەو كتێبەیان پڕ كرد لە شیعری‌ كەسانی‌ مشەخۆر و ناشاعیر.
پاش چەندین مانگێك لە چاپكردنی ئەنتۆڵۆجیاكە، كەسێك بە نێوی‌« هاتف ئەلسلج» كە ماوەیەك دوای‌ راپەڕین سكرتێری‌ رۆژنامەوانی‌ سەدام بوو، دیدارێكی‌ لەگەڵ جان دەمۆ كرد و پاشان لە گۆڤاری‌« ئەلف با» بڵاوكردەوە، گرنگترین پرسیاری‌ ئەو دیدارە ئەوەبوو: تۆ كێی‌؟ لە وەڵامدا جان دەمۆ دەڵێ‌: من تارماییم!.
وەڵامەكەی‌ جان مەجازی‌ و نزیك بوو لە خەون، لێ‌ ئەوەی‌ دیدارەكەی‌ لەگەڵ جان دەمۆدا ساز كردبوو، لە مەغزای‌ قسەی ئەو كەڵەشاعیرە نەگەیشتبوو، كە خەونی‌ ئەو وێڕای‌ جیاوازی‌ زمان و تەكنیكی‌ شیعریی‌ جیاواز، فۆرمێكی‌ تری‌ ژیانی‌ بۆ كۆمەڵگەی‌ عیراقی‌، ئەوە مەبەستەكەی بوو، من تارمیاییم، واتا ئێوە من نابینن، كاتێك من دەبینن كەشی‌ دووڕوویی‌ و بێ‌ حورمەتییەتان تووڕ هەڵدابێ، جان لە ژیاندا هێندەی وەك شاعیرێك دەركەوتووە، هێندە لە دەقەكانیدا شاعیر نەبووە، ئەمە نەك بەو مانایەی‌ جان دەمۆ شاعیر نەبوو، نەخێر لە نێو جەماعەتی كەركوك و شیعریی‌ ئەو سەردەمە، جان یەكێك لەو شاعیرە جیاوازانەبوو، كە هیچ كام لە شاعیرانی‌ دیكە زاتی‌ ئەوەیان نەدەكرد، هەم لە واقیع و هەم لە نووسیندا وەك جان دەمۆ سەرڕاست و بوێر نەبوون، خەونی‌ گەورەی‌ جان دەمۆ نووسینی‌ رۆمانێك بوو، بەڵام نەینووسی‌، ئەوەی‌ نووسی‌ تەنها چەند ناونیشانێكی‌ بوو بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكردبوو، لەوانە« دووهەم ئۆكسیدی‌ بیجامە«، «رۆژانە كەسێكی‌ بەدبەخت لە ئەنتاكیا» ،»پێڵاو لە بەرەی‌ جەنگ» بەداخەوە ئەم خەونانەی‌ جان دەمۆ نەهاتەدی‌ و هیچ كام لەم ناونیشانانە نەبوون بە رۆمان.
بارودۆخی‌ ژیانی‌ جان هێندە قورس و ئاڵۆزبوو، نەیدەتوانی‌ لە یەككاتدا گرنگی بە ژیان و نووسینیش بدات، زۆربەی‌ كات دەینووسی‌، بەڵام نەدەژیا، زۆربەی‌ كات هاوڕێ‌ و دۆستە نزیكەكانی‌ هاوكارییان دەكرد بۆ ئەوەی‌ بژی و بنووسێت. بەو پێیەی‌ جان دەمۆ شاعیرێكی‌ جیاواز و ئەنتی‌ نەریتی‌ گشتی بوو، بەشێكی‌ زۆر لە نووسەرە دووڕووەكانی‌ بواری‌ ئەوەیان نەدەدا دەقەكانی‌ لە گۆڤار و رۆژنامەكاندا بڵاوبێتەوە، بەردەوام كۆسپیان بۆ دروست دەكرد، بەڵام بەداخەوە كاتێك جان دەمرێت، ئەو نووسەرە دووڕووانە پێشبڕكێ‌ لەسەر ئەوە دەكەن كامیان زیاتر لە ژیان و نووسینەكانییەوە نزیك بووە، بۆیە هەوڵیاندەدا خۆیان بكەن بە پاڵەوانی‌ جانناسی و وەك دۆستێك خۆیان بخەنەڕوو، یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی‌ حسێن عەلی‌ یونس بوو، زۆر بەجوانی‌ باس لە جان و چۆنێتی‌ بەدەستهێنانی‌ بەرهەمەكانی‌ دەكات، هەموو ئەوانەش ئاشكرا دەكات كە لەژیاندا ئەكتەرێكی‌ ساختەن و رۆڵی‌ ناشەریفانە دەگێڕن.

سلفادۆر دالی‌...كۆنروی‌ مادۆكس...
یەكێك لە نووسینە ناوازەكانی‌ جان دەمۆ لەبارەی‌ ژیانی‌ سلفادۆر دالییەوەیە. بەداخەوە تا ئەو دەمەی‌ دالی‌ لە ژیاندا مابوو ئەو بابەتەیان بۆی‌ بڵاونەكردەوە، كاتێك ساڵی‌ 1989 دالی‌ كۆچی‌ دوایی‌ دەكات پاشان بابەتەكەی‌ بۆ بڵاودەكەنەوە، ئەو نووسەرە دووڕووانە چەند لە دەمی‌ جان دەمۆ دەترسان، دوو هێندە لە فیكری‌ دەترسان، هەر ئەوەش بوو زۆربەی‌ كات بابەتەكانی‌ بڵاونەدەكرایەوە، تا ئەوەی‌ جان ناچاربوو ئەوەی‌ دەینووسی‌ فڕێی‌ دەدا، بەڵام هاوڕێ‌ دڵسۆز و خاوەن هەڵوێستەكانی‌ بۆیان هەڵدەگرت، هەندێكجار بۆیان دەهێنایەوە، بەشێك لەوانیش دوای‌ مردنی‌ لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بۆیان بڵاو دەكردەوە.
جان دەمۆ لە ناشوێندا دەژیا، شوێنی‌ سەرەكی‌ جان دەمۆ سەر شۆستە و كەلاوە و ژووری تاریك و داڕوخاوی هۆتێلەكانی‌ باب ئەلشەرجی‌ و مەیدان بوو، جان دەمۆ تەنانەت لەسەر شۆستە و باڕەكانیشدا شاعیربوو، كەس نەبوو لەو سەردەمەدا هەنگاوەكانی‌ جان دەمۆ لەسەر شۆستەكانی‌ بەغدا بەدی‌ نەكات، ئەو لە كەركوكەوە گەیشتە بەغدا پاشان بۆ لوبنان، دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا ئەمجارەیان بۆ ئوردن و لەوێوە بۆ ئوسترالیا و ساڵی‌ 2003 بەیەكجاریی‌ ماڵئاوایی‌ لە ژیان و شیعر و یاخیبوون دەكات، ئەوەی‌ بۆ ئەدەبی‌ عیراقی‌ و جەماعەتی كەركوك ماوەتەوە، بۆن و بەرامەی‌ شیعر و ژیانە یاخی‌ و پڕ لە ئازارەكەی‌ دەمۆی‌ شاعیرە كە ئەویش وەك كەركوك هەمیشە غەمگینانە دەردەكەوێت و بە ئازارەوە سەر دەنێتەوە.
جان دەمۆ ساڵی‌ 1942 لە كەركوك لە دایكبووە و ساڵی‌ 2003 لە ئوسترالیا كۆچی‌ دوایی‌ دەكات.

داناعەسكەر
Apr 7, 2022

 

 

سەرچاوە: galawej