"ئه‌زموون" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی ڤیكتۆریای به‌ده‌ستهێنا

فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی له‌ بیست و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ڤیكتۆریا" له‌ وڵاتی كه‌نه‌دای به‌ده‌ستهێنا. 
فیلمی سینه‌مایی "ئه‌زموون" The Exam  چواره‌مین فیلمی بڵندی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی"، له‌ به‌رهه‌مهێنانی "مه‌مه‌د ئه‌كتاش"، به‌رهه‌می هاوبه‌شی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و قه‌ته‌ر؛ له‌ نوێترین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا سه‌عات 5:30 ئێواره‌ ڕۆژی 5ی فێبرییه‌ی 2022 له‌ به‌شی سه‌ره‌كی بیست و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ڤیكتۆریا" Victoria له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا نمایشكرا و له‌ لایه‌ن هۆگران، ڕخنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌ماییه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا و توانی خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی "پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی" ئه‌م ڕووداوه‌ گرینگه‌ سینه‌ماییه‌ به‌ده‌ستبێنێت. 
"
ئه‌زموون" به‌رهه‌می كۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی به‌ڕلین و كۆمپانیای "مه‌ستی فیلم"ی سلێمانی كه‌ به‌ پاڵپشتی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مهاتووه‌ و له‌ لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌ڵمانی "ئاڕت هوود" ArtHood  له‌ جیهاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌.
بیست و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ڤیكتۆریا" VFF  به‌ سه‌رۆكایه‌تی "دان مه‌ك دۆنا" Dan McDonagh، به‌ به‌رپرسیاریی خاتوو "كێتی كه‌ی" Kathy Kay  و به‌ نمایشی به‌رهه‌می وڵاتانی جیهان له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی"، به‌شی پێشبڕكێی "فیلمه‌ كه‌نه‌دییه‌كان"، به‌شی پێشبڕكێی "كورته‌ فیلم"، به‌شی پێشبڕكێی "به‌ڵگه‌فیلم" و... له‌ ڕۆژانی 4 تا 13ی فێبرییوه‌ری 2022 له‌ شاری ڤه‌نكۆڤێر له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا به‌ڕێوه‌چوو.

 

سەرچاوە: pukmedia