ئەولادی ئەم عەسرە!

لەوەتەی خۆتان ناسیووە، تەنها لە قیڕە قیڕ و هاتوهاواری بڕۆخێ و دەیڕووخێنین، ئازان. ئەوی دروستکردن و بنیادنان وەک جندۆکەی بیسمیللا لێکراو، توخنی ناکەون.
ئەرێ لە ڕووخاندن و سووتاندن و تەفروتوناکردن ماندوو نەبوون؟! لەو هەموو شەڕەبەرد و شەڕەجوێن و شەڕەپەڕۆ و شەڕەفەیسبووکە بێزار نەبوون؟
!

هەرگیز بۆ ساتێکیش، بیرتان لە داگیرساندنی چرایەک، چاککردنەوی شکاوییەک، کردنەوەی پەنجەرەیەک کردۆتەوە؟

هەر یەکە و چاویلەکەیەکی ڕەشتان لە چاو کردووە، دنیاتان لە خۆتان کردووە بە چەرمە چۆلەکە
!

ئەمە چۆن بیرکردنەوە و چتۆ تێڕوانینيکە؟
!

لای ئێوە ئاسمان ڕەشماڵێکی قورقوشمینە بۆ دەرمانیش تروسکەیەک ڕووناکی تێدا نییە

خەڵک هەموو دز و گەندەڵ و مافیان، تەنها ئيوە چەوساوە و مافخوراو و ماڵوێرانن

وەک زەڕنەقوتە زارتان بۆ مووچە و دەرماڵە داچەقاندووە، بەڵام ئامادە نین دەقیقەیەک بە دڵسۆزی کار بکەن
.

ئەهلی مزگەوت و نوێژ و ڕۆژوون، کەچی بە دیتنی قژ، یان لاقی ڕووتی ژنێک، دەبێ ڕاسپۆتین ئاوتان بە دەستتدا بکات
!

خۆتان بە پێشکەوتنخواز و دیموکرات دەزانن، کەچی لەسەر کورتەنامەیەک، خوشکەکانتان دەکوژن
!

لافی گۆڕین و دامەزراندنی دەوڵەتی دیموکرات و سیکۆلار و پێشکەوتووی بە قانوون و یەکسانی دەکەن، بەڵام هەمیشە دوای سیاسەتمەداری کاڵفام، دز، کوردکوژ، شارپەرست، ئابڕووتکاو دەکەون. ئیدی هەروا قوتەی مل نێرکە کاردووە بە چەپڵە و حاڵلێهاتنی دەروێشانەی ئيوەگەل دەبێتە ڕێبەری گەل و قارەمانی نەتەوەیی! دواتر کە سەرتان لە بەردی ئەلحەد دەدا و دەستان لە بنی هەمبانەی بەتاڵەوە دەردەچێ، لەبریتی بێداربوونەوە و ڕەخنەلەخۆگرتن، سەرلەنوێ هەڵپەی دۆزینەوەی شاسوارێکی ئەسپەدارینەتانە
!

زانکۆ! تان تەواو کردووە، ئەمما فڕتان بە دنیاوە نییە. لە کادێن نووستون و خەونی سوڵتانانە دەبینن

کوردستانتان بەلاوە گڵاوە، بەڵام بۆ شوردنی ئاودەستی ئەوروپاییەکان، خۆتان بە شەقی پۆلیسی تورک و پۆڵەندی و مەترسیی شەپۆلانی زەریای  ئیجە و مانشدا دەدەن
.

کوردستانەکەتان پڕە لە ئەندازیار و بازرگان و کرێکاری تورک و ئێرانی و لوبنانی کوێ و کوێی، کەچی جەنابت بێکار و بێبار جادە دەپێوی
!

گلەیی لە گەندەڵ و دزان دەکەیت، بەڵام لە ماستاو ساردکردنەوە و شانتەکاندندا وەستای وەستایانیت
.

فەرموو بیڕووخێنن، بەڵام بزانم کوا جێگرەوە؟

ئەدی خۆتان چی؟ کوا نەخشە و پلانی داهێنانەتان؟

کوا سەرکردەی ڕاست و پاکتان؟ کوا ڕێکخراوی دڵسۆز و تۆکمەتان؟
!

کوا خەونی دواڕۆژتان؟

کوا بیرکردنەوەی ورد و پلانی تۆکمەتان؟

ئێوە قارەمانی دەمشڕی و جوێنفرۆشانی فەیسبووک و تیک تووک و سناپچاتن

شێرە بەفرینەن و بەرگەی تاوێک خۆرەتاو ناگرن

گۆڕەکەت پڕ لە نووربێ مامە شێخ ڕەزا
...

ئامانج شاکەلی
2021/12/21

سەرچاوە: kurdistan24
ئەم وتارە بۆچوونی نووسەرە.