ئەنفال و شانۆ: پرسیارێك لەیادەوەریی

پەیوەندی مرۆڤی كوردیی بە یادەوەری و كۆیادی گشتی، پیاچوونەوەیە بەساتەوەختی زیندەگی ئێستا نەك گەڕانەوە بێت بۆ ناو یادەوەریی، ئەو ئێستایە زەمەنێكە ناتوانێت وابكات یادەوەریی زیندوو بیت، ئێستایەكمان هەیە لەناو ڕابردوودایە، هەر كاتێك دەیەوێت لەسەر ئەنفال كار بكات نایەت ئەنفال بكاتە دەرگایەك بۆ تێگەیشتن لەئێستادا بەلكو دەمانباتە نا وچیرۆكێك كەهەموو دەرگاكانی لەڕابردوودا داخراون، بۆ ئەوەی ئەو دەرگایە بكەینەوە، دەبێت لەناو گێڕانەوەی ڕووداو نەمێنینەوە، هێندەی ئەو ڕووداوە بێنینە انو ئێستامانەوە، چۆن ئەنفال دێنینە ناو ئێستامان؟ ئەوە پرسیارە گرنگەكەیە كە دەمانەوێت لەیادەوەریی ئەنفالدا ئاراستەی خۆمانی بكەین. كاركردنەوە لەسەر ئەو پرسیارە، وەستاندنی گێڕانەوەیە، كارێك كە رۆژنامەنووسەكان دەیكەن، شانۆ دەبێت ئەو گێڕانەوەیە بباتە ناو مانایەكی هەمیشەیی، بۆ ئەوەی ئەو مانایە وەدەست بێنین، پێویستمان بەكاركردنەوەیە لەسەر ئاماژەكانی تراژیدیا، كەچۆن ئاماژەكان لەگێرانەوە تێكدەشكێنین و سەر لەنوێ مانایەكی شانۆیی پێ دەبەخشین؟
ئەوەیان پرسێك نیە بۆ گێڕانەوەی ڕووداو بەوەی لەوێ چی ڕوویدا، بەڵام گرنگە ئەو چیرۆكانە نمایش بكەین كە هێشتا مانا ئەخلاقیەكانی خۆیان نەدۆڕاندووە، ئاماژەكان بریتی لە نوگرە سەلمان وەك شوێن، كارەكتەرەكان كۆیادی مرۆڤی كوردین ژنەكانن مناڵەكانن، لێرەدا بەبێ ئەوەی دەستكاری ناوەرۆكی شانۆنامەكان بكەین، دەتوانین ئەنفال لەناو شانۆنامە جیهانیەكان بخوێنینەوە، كە دیدێكی نوێ بەشانۆو مرۆڤی كوردیی ببەخشێت. كێشەی ئێمە ئەوەیە ساڵانە شانۆكاران شانۆ لەم یادە نمایش دەكەن، كەپڕیەتی لەگێڕانەوەی ڕووداوێك كەبینەر بەر لەكۆتایی دەزانێت چی ڕوودەدات، شانۆ یەكی مردوو دەبەخشێت، كە ئەنفالی تیا دەكوژێتەوە، بۆ ئەوەی ئەنفال لەدنیاادا ئاماژەیەكی زیندووی بوونی ئێمە بێت دەبێت ئاماژەكانی بگوازینەوە ناو تێكستگەلێك كە نامۆ نیە بەدنیا، بەڵام ئەوەی دنیای پێ دەهەژێنین ئەوەیە ئەو قەڵایە چی بوو؟ بۆچی پیاوەكان لەوێ نین؟ بۆ كارەكتەرەكان ژنن؟
پیاوەكان دێن مناڵی بچكۆلەن؟ گەڕان بەدوای پاڵەوان گەڕانە بەدوای پیاوەكان؟ ئاخۆ ئێمە لەكاركردن تا ئەم ساتە ئەوجۆرە پرسیارانەمان لەخۆمان كردووە؟ بەدلنیاییەوە ئێمە لەدەرەوەی پرسیارەوە كار لەگەل ئەنفال دەكەین، چونكە شتی ئامادەكراومان هەیە و دەمانەوێت بیری بینەری بێنینەوە، سەرەنجام هیچ ناكەین و بینەریش لەبەردەم شانۆیەكی مردوودا دێلینەوە، بۆ ئەوەی ئەنفال وێنەیەكی زیندوو بێت ناكرێت لەیادەوەری رووداوەكەدا شانۆی بۆ نمایش بكەین، بەلكو پێویستە ئەنفال وەك ڕووبەرێكی سەربەخۆی خوێندنەوەی سانۆ سەیربكەین، تاوەكو بتوانین دیدی خۆمان بۆ مێژوو لەئێستادا ببینینەوە، نەك لەناو مێژوو جێی بێلین
.

نیهاد جامی
Apr 16, 2022

 

 

سەرچاوە: gelawej