کارەساتى ئەنفال، یەکێکە لەهەرە دڕندانەترین پڕۆسەى سەربازى کەلە ساڵى 1988دا ڕژێمى پێشوى بەعس ئەنجامى دا بەرامبەر بە کوردەکان، ئەنفال پڕۆسەیەکى سەربازى بوو، بەشەش قۆناغ تەواو بوو، لەو پڕۆسەیەدا هێزە سەبازى وفەرمییەکانى سەردەمى بەعسی سەددامى "فەیلەقی یەکەم کەبارەگاکەى لەکەرکوک بوو، فەیلەقی پێنجەم کەبارەگاکەى لە هەولێر بوو"، هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مەغاویر، گاردى کۆمارى، بەڕیوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگیرى وهەواڵگیرى سەربازى، یەکە تایبەتەکان بەچەکە کیمیاوى وبایۆلۆجییەکان، سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە، بەشدارییان تیایدا کرد.
پڕۆسەى ئەنفال
پڕۆسەى ئەنفال، پڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بوو، کە حکومەتى پێشوى عێراق بەسەرۆکایەتى سەددام حوسەین، لەسالى 1988 دا بەرامبەر بەکوردەکانى هەرێمى ئێستاى کوردستان ئەنجامى دا، سەرکردایەتی کردنى ئەو پڕۆسەیە ڕاسپێردرابوو بە "عەلى حەسەن ئەلمەجید" کەلەو کاتەدا ئەمین سڕى نوسینگەى باکورى حیزبى بەعسی عەرەبی ئیشتراکى بوو، هەروەها وەک فەرماندەى سەربازى کارى دەکرد، لەو کاتەدا "سوڵتان هاشم" ى وەزیرى بەرگرى سەرۆکایەتى هەڵمەتە سەربازییەکانى کرد.
قۆناغەکانى ئەنفال
ئەو پڕۆسەیە لەلایەن هەریەک لە فەیلەقی یەکەم وپینجەمەوە ئەنجام درا کەبارەگاى سەرەکییان لە کەرکوک وهەولێر بوو، هەروەها چەند یەکەیەکى تایبەتى گاردى کۆمارى وجەیشی شەعبی وئەفواجى خەفیفە بەشدارییان تیادا کرد وبەهەشت قۆناغ تەواو بوو:
قۆناغى یەکەم: لەناوچەى سلێمانى بەڕیوە چوو کە سی هەفتەى خایاند و تیایادا ناوچەکانى سەرگەڵو، بەرگەڵو کرانە ئامانج، ئەم قۆناغە لە23 ى شوباتى 1988 دەستى پیکرد و لە 19ى مارتى 1988 کۆتایی پێهات.
قۆناغى دووەم: لەناوچەکانى قەرەداغ وبازیان ودەربەندیخان جێبەجیکراو لە 22ى مارتەوە دەستى پیکردو لە 1ى نیسانى 1988 تەواو بوو.
قۆناغى سێیەم: ناوچەکانى گەرمیان وکەلار، کفرى، باوەنور، دوز، سەنگاو، قادرکەرەمى گرتەوە، ئەم قۆناغەش لە 20ى نیسانى 1988 دەست کرا بەجێبەجیکردنى.
قۆناغى چوارەم: لەناوچەکانى زێی بچوکى گرتەوە، واتە کۆیە، تەقتەق، ئاغجەلەر، ناوشوان، ئەم قۆناغە لە 3 تا 8ى مایسی 1988 جێبەجیکرا.
قۆناغەکانى پینجەم وشەشەم وحەوتەم: ناوچەکانى شەقلاوە وڕەواندوز کەوتنە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال، لئەم قۆناغە لە 15ى مایسەوە تا 26ى ئابی 1988 بەردەوام بوو.
قۆناغى هەشتەم: کۆتا قۆناغ بوو، ناوچەکانى بادینان وئامیدى وئاکرێ و زاخۆ، شێخان ودهۆکى گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 25ى ئابەوە تا 6ى ئەیلولى 1988 بەردەوام بوو.
ئەنجامەکانى ئەنفال
لەئەنجامى ئەو پڕۆسە سەربازییەى حکومەتى عێراق، زیاتر لە 182000 هەزار کورد بونە قوربانى، هەروەها سەرجەم گوندەکانى ئەو ناوچانەى کەپڕۆسەى ئەنفالى تیادا جیبەجێکرا خاپور بوون، ئەمە بیجگە لەوەى کەژمارەیکى دیکە لەکوردانى باشورى کوردستان لەمۆلگە سەربازییەکان – بە نمونە مۆلگەى سەربازى نوگرە سەلمان – گیانیان لەدەستدا، هەروەها بەمەبەستى دەستگرتن بەسەر کوردەکاندا، حکومەتى بەعس چەندین کۆمەڵگاى زۆرە مڵێی دروست کرد، ئەمەش بوو بەهۆى سەرهەلدانى چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى وئابورى.
لەسەر ئاستى نیو دەوڵەتى
پڕۆسەى ئەنفال، بەپێی پیوەرە جیهانییەکان، تاوانیکى نێودەولەتییە، هەروەها بەتاوانى کۆمەلکوژى ئەژماردەکرێت، لەیەکیک لەکاردانەوەکاندا، لە 5ى کانونى یەکەمى سالى 2012، پەرلەمانى سویدى، پڕۆسەى ئەنفالى بەپڕۆسەیەکى کۆمەلکوژى بەرامبەر بەکوردەکانى باشورى کوردستان ناساند.