گەڕیدەی ناسراوی ئیسپانی ئەدۆلفۆ ریڤادینێریا کە ساڵی 1869 دا سەردانی عیراق دەکات، دواتر یادەوەرییەکانی لە کتێبیک چاپ دەکات و کتێبەکەش بەچەند زمانێک چاپکراوە، لەوانە بەزمانی عەرەبی، لە بڕگەیەکی یاداشتەکانی دەڵێت:
کە گەیشتمە شاری ھەولێر لە ماڵی ناسیاوێکی دەلیلەکەم لاماندا بۆ پشوو، ماڵێکی خانەدان و رێک و پێک بوون، سفرەیان رازاوە بوو، بەڵام کە لە خاوەنی ماڵەکە وردبوومەوە، جۆرێک لە خەمباری و دڵتەنگیم لە سیمایدا بە دی دەکرد، کە بە کابرای دەلیلم وت پرسیاری لێبکە بۆ خەمبارە، خاوەن ماڵ ھیچی نەوت، دواتر دەلیلەکە وتی خێزانەکەی مناڵی بووە، لەوەدەچێت وەزعی باش نەبێت.
گەڕیدە ئیسپانییەکە کە پێشینەیەکی پزیشکی ھەبووە، کاتێک سەیری مناڵەکە و ژنەکە دەکات، بەکابرای خاوەن ماڵی ھەولێری دەڵێت: دڵتەنگ مەبە ھەردووکیان تەندروستیان باشە، بەڵام کابرای خاوەن ماڵ دەڵێت: دەزانم بەڵام من بۆ شتێکی تر دڵم توندە.
گەڕیدەکە، لەمبارەیەوە نووسیویەتی: مەبەستی خاوەن ماڵ ئەوەبوو، کۆرپەکەی (کچ) بوو، ئەو حەزی دەکرد (کوڕ) بوایە بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەیوت تا سەر بڵند بێت لە نێو کەسوکاری.
گەڕیدە ئیسپانیەکەش، دەڵێت: بەکابرام وت نابێت وا بیربکەیتەوە پێغەمبەرەکەتان (محەمەد) سەدان ساڵە ئەم بیرکردنەوەیەی رەتکردۆتەوە، بۆیە دەبێت ئێوەش رەتیبکەنەوە، کچ بێت یان کوڕ فەرقی نییە. بەڵام ئەمەش قەناعەتی بەخاوەن ماڵەکە نەکرد و ئەو هەر لە بیركردنەوەیەكی قوڵدابوو.
سەرچاوە: knwe