11 حزب و دامەزراوەی کوردستانی رایانگەیاند، شەڕ و ململانێی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان تا دێت لە پەرەسەندندایە و ئەو پرسەش لە تورکیا و سوریا بەبێ چارەسەر ماوەتەوە و لەوانەیە مەترسی لەسەر حکومەتی هەرێمیش دروست بکات، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاش ئامانج لیی کپکردنەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و دروستکردنی شەڕی کورد و کوردە.
ئاوێنە: شاندێکی پەرلەمانتارانی هەدەپە بە یاوەری هاوسەرۆکی کەنەکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەگەل لایەنە سیاسییەکان کۆبوەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، کێشە و شەڕ و ململانێیەکان لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر و زیاتر پەرە دەستێنن، ئەم شەڕ و ململانێیانە کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر پرسی کورد هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پرسە لە تورکیا و ئێران و سوریا نەک تەنیا بە بێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵکو تەنانەت دانیشی پێدا نانرێت و شەڕ و ململانێیەکان مەترسی ئەوە دروست دەکەن،کە حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانیشی بێ ناوەڕۆک و بێ واتا بهێڵرێتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕو، هێرشە داگیرکاری و موشەکی و درۆنییەکانی توركيا و ئێران بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن، هەر بۆیە تا چارەسەرییەکی گشتگیر بۆ پرسی کورد نەدۆزرێتەوە، هەمو دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە مەترسیدان.
باس لەوەشکراوە، هێرش و پەلاماردانی ڕۆژانەی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئامانجی تێیدا كپكردن و لە ناوبردنی بزوتنەوەی ڕزگارییە له كوردستان و تێكدانی دەست كەوتەكانی باشوری كوردستانە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، لەم ڕێگەوە جگە لە داگیركردنی كوردستان ئامانجی دروستكردنی شەڕی كورد و كوردە، بۆیە لە هەستكردنیان بەم مەترسیانە، داواكارن لە هەمو دڵسۆزانی كورد لە پارتە سیاسیەكان و كەسایەتیە نیشتیمانیەكان بە ڕۆڵی خۆیان هەڵبسن و هەوڵەكانیان بۆ ڕاوەستانی ئەم شەڕە و دەست پێكردنەوەی پرۆسەی چارهسهری بخەنەگەڕ .
رونیشکراوەتەوە، پەیوەست بەم بابەتە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان زامنی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت، بە ڕاوەستانی شەڕ پاساوێك نامێنێتەوە بۆ هێرش و پەلامارەكان، لەمەشدا جگە بەدەست هێنانی خەونی نەتەوەییمان، دەستکەوتەكانی باشوریش ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی لەسەر لادەچێ و زامن دەبێت، بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانین دامەزراوەكانی هەرێم ئەم ڕۆڵە ببینن.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، عەبدوڵا ئۆجەلان وەکو ڕێبەر و کەسایەتییەکی کاریگەری و بیرمهند و سیاسی 30 ساڵە لە پێناو چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورددا تێکۆشان دەکات، وێڕای هەل و مەرجی دژواری زیندان ئەو تا ئێستاش هەر لەم هەوڵانەی خۆی بەردەوام بوە، سەپاندنی گۆشەگیرییەکی دژوار بە سەر بەڕێزیاندا دێتە واتای بەردەوام بونی دۆخی بێ چارەسەری و قوڵبونەوەی شەڕ و ململانێ کە بە زەرەری هەمو کورد وناوچهكه تەواو دەبێت.
ئەوەشخراوەتەڕو، هەر بۆیە وەک هێز و لایەنە سیاسی و کەسایەتییەکانی باشوری کوردستان و بەشەکانی دی کوردستان داواکارن کە دۆخی گۆشەگیری له ئیمڕالی کۆتایی پێبهێنرێت و عەبدوڵا ئۆجەلان ببێته بهشێك له پڕۆسهی چارهسهری ههروهها و پشتیوانی خۆیان دهردهبڕن بۆ ئهو ههوڵانه كه له لایهن دۆستانی گەلی کوردهوه بۆ ئهم مهبهسته لە سەر ئاستی هەمو جیهاندا بهڕێوه دهچێت.
سەرچاوە : ئاوێنە