''گه‌شتێك به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی كه‌ركوكدا'' چاپ كرا

''گه‌شتێك به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی كه‌ركوكدا'' له‌ نووسینی هاشم كاكه‌یی، له‌ دووتوێی 215 لاپه‌ڕه‌ له‌ چاپخانه‌ی كارۆ له‌ سلێمانی چاپ كرا.
هاشم كاكه‌یی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌وه‌ به‌ "وشه‌"ی گوت، ئه‌م كتێبه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌شتێكی مه‌یدانیی خۆی له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا به‌ ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌ دێرینه‌كانی شاری كه‌ركووك، هه‌ستی كرد ئیتر كه‌ركووك له‌ڕووی كه‌له‌پوور و مێژوو و نه‌خش و بیناسازی تایبه‌ت به‌ خۆی، له‌ مه‌ترسیدایه‌ و خه‌ریكه‌ له‌ناو ده‌چێت.

ئه‌و گوتی، له‌ شاری كه‌ركووك وه‌ك شوێنانی تری دنیا، باڵه‌خانه‌ی دێرین و به‌ته‌مه‌ن و جوان هه‌یه‌، له‌ جوانی نه‌خش و ده‌ستڕه‌نگینی و كارامه‌یی وه‌ستاكانی، خۆی ده‌دات له‌ شارستانی گه‌لانی ده‌ر و دراوسێ، به‌رگی زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی ڕابردووی نمایش ده‌كات، ڕاسته‌ زه‌خره‌فه‌ و هونه‌ری ئه‌ندازه‌یی بیناسازی ئه‌غریقی و یۆنانی و ڕۆمانی و میدیایی و ساسانی و مه‌سیحی و ئیسلامی، ده‌ورێكی گرنگ ده‌گێڕن له‌ به‌ره‌وپێشبردنی شارستانیی مرۆڤایه‌تی، تێكڕا  ئه‌و نه‌خش و وێنه‌ و هه‌ڵكۆڵینانه‌ی سه‌ر تاق و تاشه‌ به‌رده‌كان له‌ شاری كه‌ركووك، ئاماژه‌ن بۆ كارلێككردنی شارستانییه‌ فره‌ ڕه‌نگه‌كان له‌ یه‌كتر.

وه‌ك زیاتر خستیه‌ ڕوو، كاتێك ده‌ڕوانیته‌ زه‌خره‌فه‌ و خانووبه‌ره‌كانی كه‌ركووك، له‌ قه‌ڵا و زێویه‌ و ئیمام قاسم  و  حوسێن بوڵاخ و پیریادی و چای موسه‌ڵا، هه‌ست به‌ ئارامی و ئاسووده‌ییه‌كی زۆر ده‌كه‌یت، هه‌ست ده‌كه‌یت له‌ شارێكی ته‌واو  مێژوویی و خاوه‌ن دیرۆكی ناوچه‌كه‌دایت.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، ''له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردنم به‌ به‌پرسیارێتی به‌رانبه‌ر كولتوور و كه‌له‌پووری تایبه‌تی شاری كه‌ركووك، هه‌وڵم داوه‌ ئه‌م كتێبه‌ بنووسم و بتوانم  مه‌ڵۆیه‌ك بخه‌مه‌ سه‌ر خه‌رمانی ئه‌و بابه‌ته‌، هاوكات ویستوومه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنم كه‌ كه‌ركووك شاری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و ته‌بایی نێوان نه‌ته‌وه‌كان و ئاینه‌كان بووه‌، ئه‌وه‌ی من بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ له‌م هه‌وڵه‌مدا، بێگومان كه‌ركووك شارێكه‌ مۆركی كورد و كوردستانیبوونی پێوه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كوردیشدا نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌ك توركمان به‌زۆری، عه‌ره‌ب و ئه‌وانی تر به‌ ده‌گمه‌ن له‌گه‌ڵ كورد ژیاون.

گه‌شتێك به‌ناو گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی كه‌ركووكدا، له‌ نووسینی هاشم كاكه‌یی له‌ دووتوێی 215لاپه‌ڕه‌دا له‌ چاپخانه‌ی كارۆ له‌ سلێمانی چاپ كراوه‌، به‌شێوازی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و به‌ دیزاین و چاپێكی شایسته‌، له‌ ڕۆژانی داهاتوو له‌ كتێبخانه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

هاشم عاسی كاكه‌یی نووسه‌ره‌ و دانیشتووی شاری كه‌ركووكه‌ و چه‌ندان به‌رهه‌می تری هه‌یه‌.

 

سەرچاوە: wishe