لەدوای نۆژەنکردنەوەی هۆڵی محەممەد عارف جزیری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چوارشەممە 18-5-2022 لە رێوڕەسمێکدا دووبارە دەکرێتەوە و بەرهەمێکی شانۆییش نمایش دەکرێت.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، لەدوای سووتانی هۆڵی محەممەد عارف جزیری لە دهۆک، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوەی دا و نۆژەنکردنەوەی یەک ساڵ و نیوی خایاند.
روونیشیکردەوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکە، گۆڕانکاری لە سیستەمی دەنگی و رووناکیی کراوە و بە شێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوەتەوە.
هەر بەبۆنەی دووبارە کردنەوەی هۆڵەکە، کاژێر 5:00ـی ئێوارەی چوارشەممە، شانۆگەری 'دبیت بهێت' لە نووسین و دەرهێنانی نێچیرڤان کەکو نمایشدەکرێت.
ئەم بەرهەمە شانۆییە بەرهەمی گرووپی شانۆیی ماسکە و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆک نمایشدەکرێت.
نێچیرڤان کەکو، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند، شانۆگەرییەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هۆڵی محەممەد عارف جزیری نمایشدەکرێت و چیرۆکەکەی باس لە ژمارەیەک کەس دەکات کە چاوەڕێی شتێکن و بەو هیوایەن پێیبگەن، بەڵام کاتێک پێیدەگەن، ئەو شتە وا دەرناکەوێت.
کاژێر 4:00ـی شەوی رێکەوتی 19-1-2014، بەهۆی شۆرتێکی کارەباوە، هۆڵی محەممەد عارف جزیری سووتا و زیانێکی زۆری پێگەیشت.
لە 26-4-2016 یەکەم نمایشی شانۆیی بەناوی 'تابلویەک ژ کوشتنێ' لە دەرهێنانی هەلکەت ئیدریس نمایشکرا کە ئەوکات بەشێکی نۆژنەکرابووەوە.
سەرچاوە: rudaw