ناوی کتێب: سنوور بێسا
ژانر: ڕۆمانی کوردی (زاری کوردیی خوارین)
شێوازی ڕۆمان: ڕیالیزم
نووسەر: ژیار جەهانفەرد
وەشانخانەی ئەرزان، چاپی: ٢٠٢٣ی زایینی، ستۆکهۆڵم - سوید
ژمارەی لاپەڕە:٢٧٠
کورتەیەک لە ڕۆمانەکە
ڕۆمانی سنوور بێسا، باس لە سنووری دەستکردی نێوان دوو شاری قەسر و خانەقین لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکات.
ڕۆمانەکە، ڕێوایەت لە هاووڵاتییەکی خەڵکی خانەقین بە نێوی «ئازاد» دەکات کە بە مەبەستی نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، سەردانی نەخۆشخانەیەک لە کرماشان دەکات، بەڵام نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو نابێت و دەمرێت، یان باشتر بڵێم دەیمرێنن. خاڵوانی مردووەکە، خەڵکی قەسرشیرینی کرماشانن و سەرقاڵی ئەوە دەبن تەرمەکەی بنێرنەوە بۆ خانەقین، بەڵام مردووەکە لەبەر ئەوەی لە نەخۆشخانەی کرماشان پاسپۆرتەکەی ون بووە، ڕێژێمی ئێران ڕێگری دەکات لە ناردنەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی. بنەماڵەی مردووەکە لەوبەری سنوور بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر چاوەڕێی تەرمی ڕۆڵەکەیان دەکەن. خاڵوانی مردووەکەش لەمبەری سنوور لەو ماوەیەدا بە دیار تەرمی کەسەکەیانەوە دەمێننەوە و چاوەڕوانی ڕێپێدانی دەوڵەت دەکەن بۆ ناردنەوەی . سەروانیکی سەرسنوور، لەبۆ ناردنەوەی تەرمەکە بۆ ئەو دیوی سنوور، باس لە پاسپۆرت و پرۆسەی یاسایی دەکات و پاشان سەرگوردێک دێت و دەڵێت، مردووەکە بەرلەوەی ڕەوانە بکرێ، دەبێت پەنجەمۆری پێ بکرێت.
لە نێوان ئەو ٢٤ کاتژمێرەدا، هەرکام لە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە ڕووداوێک ڕێوایەت دەکەن. هەموو ئەو ڕووداوانەی لەو ماوەیەدا ڕوو دەدەن بە زمان و شێوازی جیا جیا، لەلایەن کارەکتەرەکانەوە وێنا دەکرێن. شتی جێگای سەرنج ئەوەیە، بەشێک لە کارەکتەرەکان یان ڕاوییەکانی ڕۆمانەکە، کە ڕۆڵی کەسایەتی دەگێڕن، مرۆڤ نین بەڵکوو، «سنوور، تەمبوور، تەرم و تەنانەت مەرگ»ن. هەریەک لەم شتانە، هەڵگری زۆر واتای تایبەتن لە وڵاتێکدا کە لەلایەن داگیرکەرانەوە خاکەکەی دابەش کراوە.
شرۆڤەی گشتیی ڕۆمانەکە
نووسەر لە سەرەتاوە سەرنجی خوێنەر و بەردەنگ ڕادەکێشی بۆ لای کێشە و گرفتەکانی سنوور لە دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باس لە خەڵکانێک دەکات کە ناسنامەی ڕاستەقینەیان لێ زەوت کراوە و بە شوناسی دەستکرد و ساختە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سنوور بۆ کورد، بەشێکە لە مێژوویەکی تاڵ و ڕەهەندێکی سیاسیی وەرگرتووە. هەر بۆیە نووسەر لە ڕێگەی مەرگی هاووڵاتییەکەوە سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ لای مەسەلەکەیەکی گەورە و چارەنووسساز، کە ئەویش خودی سنوورە. سنوور بە واتای پەرتەوازەیی و دابڕانی بەشێکی نیشتمان لە بەشەکەی تریەتی.
نووسەر، باس لە سنووورێک دەکات کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانی قەسرشیرین، سنوورێک کە ئێستە بە هەزران سەرباز و مین پارێزگاری لێ دەکرێت بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد شوناسی نیشتمانی خۆی نەناسێتەوە.
کاتێک بەرزوو، خاڵۆی مردووەکە بۆ ناردنەوەی تەرمی خوشکەزاکەی بە سەروانێکی دەوڵەتی دەڵێت: "جەناب سەروان ئییە تەرم خوارزامە، بایەس کلێ بکەیمنەو ژێر!"
سەروانەکەش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
- "یانێ خوارزادە و تواین لە عراق خاکێ بکەین؟ "
- " نە، هەر خوەی مناڵ ئەو دیمە."
- " نەڕەسیمەو، یانێ ئێرانی نییە؟"
- کورد ئەو دیمە، خانەقینییە! لە نەخوەشخانەی کرماشان عمری داسە ت، ئێرەنگە تا خوەربان فرەتر سۊرەو نەۊە، بایەس سپاردەی خاکی بکەیم".
نووسەر لێرەدا بە سەروانەکە کە نوێنەری دەوڵەتی داگیرکەرە نیشان دەدات، ئێمەی کوردان لە ڕووی جوگرافییەوە دابەش کراوین، بەڵام بە هەست و ڕۆح لە نیشتمانێک دەژین کە سنوور ناناسێت و بەبێ لە بەرچاوگرتنی سنووری دەستکرد، پێداگری دەکەین لەسەر مافی ڕەوا و سروشتیی خۆمان. سنوور بۆ سەروانەکەی ئێران مەسەلەیەکی سیاسی و ئەمنیەتییە، بەڵام بۆ هاووڵاتییەکی دەڤەری خانەقین و قەسرشیرین، میلکانی دایکییە.
سەروان، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی سەرشانی خۆی دەکاتەوە و ڕێگە نادات تەرمی بێگیانی "ئازاد" بەبێ پاسپۆرت بەدرەقە بکرێت.
خاڵوەکەی ئازاد دووبارە دێتە دەنگ و دەبێژێ: "جەناب یە دی ئایەم ئازایگ نییە، مردێیە، تەرمێگە، لەش بێ گیانێگە!". بەڵام مەسەلەی سنوور بۆ سەروان شتێکی یاسایییە و نایەوێ یاسای دەوڵەتەکەی پێشێل بکات.
تەرمەکەی ئازاد هەروا لە مەیدانە، وەستا "ڕووسەم" بە خۆی و تەمبوورەکەی دەستی لە داڵاهۆیەوە دێت و
" ئەوەڵ ئاخر یار" بۆ مردووەکە دەڵێت و ماچی تەمبوورەکەی دەکات و بەزمی «فانی فانی» دەژەنێت. لەگەڵ زڕەی تەمبوور و کەڵامی "فانی فانی"، شین و واوەیلای ژنان کۆتایی پێ دێت و جۆرێک لە ئارامی باڵ دەکێشت بە سەر سنووردا. هەمووان گوێچکەی دڵیان دەسپێرنە نەوای تەمبوور و ڕۆحیان ئارام دەبێتەوە.
فەلسەفەی "فانی فانی"، لەسەر تەرمی ئازاد، بۆ ئەوەیە بەرلەوەی ئاودیوی سنووری بکەن و بە خاکی بسپێرن، ڕۆحی زیندووی تێکەڵ بە دنیای هەتاهەتایی بێت.
سەروان، شارەزای سیاسەتی ناودەوڵەتییە و دەزانێت سنووری دەستکرد بەرهەمی سیاسەتی چەوتی کۆلۆنیالیزمی جیهانییە، بەڵام هەمدیسان بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت بیپارێزی و ڕێگە نەدات زیندوو و تەنانەت مردوویش بەبێ پاسپۆرت لێیەوە گوزەر بکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا، تەمبوور دێتە زمان و باس لە جوداییی خۆی و تابۆتێک دەکات کە سنووری دەستکرد لێکی کردوون. تابۆت وەک ماڵ و یاری تەمبوور وێنا کراوە.
تەمبوور، گەواهی بۆ زیندووبوونی تابۆت دەدات و بە میراو و باخەوانی دار و درەخت ناوی دەهێنێت. تەمبوور بە مەقامی ''فانی فانی'' ڕۆحی هەرمان و نەمریی بەخشیوە بە تابۆت. واتە، تەمبوور دەنگی خۆی تێکەڵ بە جەستەی تابۆت دەکات، بۆ ئەوەی لە دوونی ئەبەدی و نەمرییدا جێ بگرێت و سەرگەردانی سنوورە دەسکردەکان نەبێت.
شتی جێگای سەرنج ئەوەیە، لەم ڕۆمانەدا، تەمبوور و تابۆت هەردووکیان لە یەک دارن، کە ئەویش دارتوویە. لێرەدا نووسەر لە ڕێگەی گێڕانەوەکانییەوە ئەو وێنەیەمان لا وێنا دەکات، کە لە پرۆسەی دابەشکاریی مێژووییدا، مرۆڤ و سروشتی نیشتمان وێکڕا دابەش کراون. تابۆت و تەمبوور ڕۆڵەی یەک دارن، بەڵام هەر کامەیان پەڕیوەی دیوێکی سنوورن. پیرۆزی تەمبوور و نەمریی تابۆت، ڕێوایەت لە زیندووبوونی مرۆڤی کورد دەکات. ڕۆژ نییە تابۆتێک لەمبەری سنوور بۆ ئەوبەری سنووری نیشتمان دەستاودەست نەکرێت، بەڵام کاروانی ژیان لە سنووری دابەشکراودا هەروا درێژەی هەیە.
ئەو دەمەی تابۆتەکەی ئازاد دێتە قسە، ڕێوایەت لە مەرگ و کاریگەریی تەمبوورژەنینی وەستا ڕووسەم دەکات کە بە چ شێوەیەک نەوای ئەم سازە ڕۆحی ئازاد لە ناخی ئەودا ئارام دەکاتەوە.
تابۆتەکە باس لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشت دەکات و دەڵێت: ''لەیواسە ک مردن و ژیان لە یەی دارەو تیەن، دارێگ ک بەر گرێ، دارێگ کە سەر چەمنێ، دارێگ ک بڕیەی''.
تەمبوور، بە خەیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی خۆی، ئەو دەمەی کە بەشێک بووە لە دارتوویەکی پیر، دارتوویەک کە گەواهی بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەدات. تەمبوور، شتێک کە زۆر باش لە بیری ماوە، تەمبوورژەنێکی پیرە کە گەلێک جار هاتووە و لە سێبەری دانیشتووە و مەقامی ''سەرتەرز''ی بۆ ژەنیوە و دواجاریش بۆ خۆشی لەسەر دەستی تەمبوورسازێک کراوە بە تەمبوور، شتێک کە بۆ خۆی ئارەزووی کردووە.
تەمبوور، لە درێژەی گێڕانەوەکانیدا، باس لە بەختی خراپی خۆی دەکات، کاتێک خومەینی لە ئێران بە دەسەڵات گەیشت و موسیقا حەرام کرد، هەر بۆیە کەس ناوێری توخنی بکەوێت و بیژەنێت و بۆ ماوەی چواردە ساڵ لە ژێرزەمینێک دەیشارنەوە. لە دوای ئەو هەموو ساڵە، ڕۆژێکیان وەستا ڕووسەم دێت، زیارەتی دەکات و دەیکاتە هاوڕێی هەمیشەیی خۆی.
دیالۆگی خاڵۆ حەیەر و ئاخوندی ئاوایی لەم ڕۆمانەدا باڵکێشە، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە ئاخوندەکە بۆ خەڵەتاندی خەڵک، کەڵک لە پیرۆزییەتی قورئان وەردەگرێت و دەیەوێ بە فرتوفێڵ، شیرین کچە بچووکی خالۆ حەیەر لە خۆی مارە بکات، بەڵام خالۆ حەیەر کڵاوی دینداری ناچێتە سەری و کاردانەوەی توند دژ بە ئاخوەندەکە پیشان دەدات. ئاخوند لێرەدا مامۆستایەکی ئایینیی ئاسایی نییە، بەڵکوو نوێنەری نیزامی ئیسلامیی ئێرانە. ئاخوندەکە باس لە دیاردەی فرەژنی لە ئایینی ئیسلام دەکات، بەڵام لە ڕوانگەی خاڵۆ ''حەیەر''ەوە، ئەم دیاردەیە لە کولتووری مێژێنەی کورداندا جێگەی نابيتەوە.
مەرگ لەم ڕۆمانەدا دەبێتە ڕاوی و خۆی بە بەشێک لە ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق و ئێرانەوە گرێ دەدات. لەڕاستیدا مەرگ لەم ڕۆمانەدا، ڕۆڵی سیخوڕێگ دەگێڕێت کە کار بۆ هەردووک دەوڵەتی ئێران و عێراق دەکات. مەرگە باس لەوە دەکات، ئیتلاعاتی ئێران داوای لە ئازاد و هاوڕێیەکانی کردووە، لە خانەقین هاوکارییان بکەن، بەڵام ئازاد لە وەڵامدا وتوویە، ''قەشمەری وە خوەدان بکەن!'' کاردانەوەی ئازاد، بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە.
ئازاد، چالاکێکی فەرهەنگی و وڵاتپارێزە لە خانەقین، هەوڵ دەدات لە شارەکەی پەروەردە بە زمانی کوردی هەبێت، بەڵام حاجی حوسەینی نوێنەری ئیتلاعاتی ئێران دژایەتی دەکات، لەبەر ئەوەی پێییان وایە پەروەرە و فێرکاری بە زمانی کوردی لە خانەقین کاریگەری لەسەر ئیلام و کرماشانیش دادەنێت. ئازاد بە دروستکردنی ناوەندی فەرهەنگی و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوە، لەگەڵ لاوەکانی دیکەی خانەقین، دەبێتە ڕێگر لە بەردەم مەرام و پلانەکانی دەوڵەتی ئێران، هەر بۆیە حاجی حوسەینی هەوڵی لەناوبردنی دەدات.
نووسەر، لە گێڕانەوەکانیدا ئاماژە بە شەڕی ئێران و عێراق و فەتوای ''خومەینی'' دژ بە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شاری سنە کردووە و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ لای جنایەیەکانی سوپا و بەسیج دژ بە خەڵکی بێتاوان.
کۆڕەوی کوردانی باشوور و ئاوارەبوونی خەڵکی خانەقین و کەلار بۆ کرماشان لەم ڕۆمانەدا، ڕێوایەت لە زوڵمێک دەکات کە لەلایەن دەوڵەتی بەعسی عێراق لە کوردان کرا، بەڵام پێشوازیی گەرمی خەڵکی کرماشان لە ئاوارەکانی خانەقین باس لە هاوخوێنی و هاوسۆزیی ئەو خەڵکە دەکات.
لە دوایین بەشی ڕۆمانەکەدا، نووسەر دیاردەی پەنابەری و کۆچبەریی چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگی کرماشان بۆ ئورووپا وێنا دەکات. کاتێک ڕێژیمی ئێران ناتوانێت پێش بە چالاکییە فەرهەنگییەکان خانەقین بگرێت، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گڕ بۆ لەباربردنی بزووتنەوە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی کرماشان و دەست دەکات بە دەستبەسەرکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە بە زمانی کوردی کتێب و گۆڤار بڵاو دەکەنەوە. لە ڕەوشێکی وەهادا، دەیان نووسەر، شاعیر، چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی کرماشان، لە ڕووی ناچارییەوە وڵات بەجێ دێڵن و ڕوو لە هەندەران دەکەن.
ئەوین بە نیشتمان، شوناسی نەتەوەیی، ئەدەبیات و زوانی کوردی، پردی نێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی نێو ئەم ڕۆمانەیە، پردێک کە سنوورە دەستکردەکان هەڵدەگرێت و قەسر و خانەقین پێکەوە دەبەستێتەوە.
سەرچاوە : سایتی پەڕەنووس