تورک وەک برایەکی سایکۆپات!

 

 

 

 

شوان حەمە

 

لە نێوان گەلی نەرویجی و گەلی سویددا پەیوەندییەک هەیە ناویان ناوە پەیوەندی نێوان برا گەورە و برا بچوک. برا گەورەکە سویدە و برا بچکۆلەش نەرویجە.

مێژووی ئەم برایەتییە زۆر کۆنە، تا ئێستاش لە بۆنە و ڕووداوی تایبەتدا، دەربڕینی سویدی برا گەورە و نەرویجی برا بچکۆلە بەکار دێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر ساڵێک نەرویج لە ڕیزبەندی وڵاتەپێشکەووتوو خۆشگوزەرانەکاندا، پێش سوید بکەوێت، سویدییەکان بە نەوریجییەکان دەڵێن، ئێستا ئێوە برا گەورە و ئێمە برا بچوکین. 

سەد ساڵ لەمەوپێش و لە ساتەوەختێکی مێژوویی هەستیاردا، نەتەوەی کورد، بێ ئەوەی پرسی پێ بکرێت، بەسەر چوار وڵاتی تازەدرووستبوودا دابەش کرا، بەشی زۆری کوردان، کە هەزاران ساڵە لەسەر خاک و زێدی خۆیان دەژین، لكێندران بە دەوڵەتی نوێی تورکی کەمالیستییەوە. 

لە ناو ئەو دەوڵەتە نوێیەدا، کوردان لە هەموو مافێک بێبەش کران، تەنانەت ناوی شاخ و گرد و ڕووبار و کانی و باڵندە و ئاو و هەوای کوردستانیش سڕانەوە و ناوی تورکیان پێوە لکێندرا.

هۆزان دیار، گۆرانیبێژی ناسراوی باکووری کوردستان لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ی شاری دێرسیمە. جارێک باسی سەردەمی منداڵی خۆی بۆ کردم. دیار گوتی: منداڵ بووم هەموو بەیانییەک دایکم بەر لەوەی بەرەو قۆتابخانە بەرێم بکات، پێی دەگوتم، کوڕم لە قوتابخانە لە دەمت دەرنەچێت بە کوردی بدوێیت! دیار دێڕسیم یەکێکە لە سەدان هەزار شاهیدی زیندووی ستەمی تورکە بەسەر کوردەوە.

ئێستا و دوای زیاتر لە چل ساڵ ڕوووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکاران، دوای دەیان هەزار کوژراو، سوتاندن و چۆڵكردنی سەدان گوند، بەفیڕۆدانی دوو تریلیۆن دۆلار! دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئاشتی ڕەخساوە. بەڕێز ئۆ*جالا*ن بانگەوازی ئاشتی ڕاگەیاند. نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و وڵاتانی ناوچەکە، پێشوازیان لە دەستپێخەری و بانگەوازەکەی ئاپۆ کرد.

ئاپۆ وەک ڕابەرێکی کوردی خاوەن بەڵێن و ئامانج، هاوشێوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، لەوە تێگەیشتووە کە شەڕ و ئاشتی لە یەککاتدا ناکرێت، یان دەبێت شەڕ بکەیت، یان ئاشتی. ڕەنگە هەر لەبەر ئەو هۆیە و بە مەبەستی گوژمدان بە پرۆسەی ئاشتی، لانیکەم دووسەد ساڵ خاتری تورکەکانی گرتبێت و ماوەی برایەتی کورد و تورکی بە هەزار ساڵ خەمڵاندبێت!

دوای بانگەوازەکەی ئاپۆ بۆ ئاشتی، کوردانی هەر چوار پارچە و هێزە سیاسییە کوردییەکان، بەیەک دەنگ پێشوازیان لە بانگەوازی ئاشتی و برایەتی نێوان گەلی کورد و تورک کرد! منیش یەکێک لەو کواردانە  بووم!

ئەی وەڵامی تورک چی بوو؟

وڵامی تورک درێژەدان بوو بە شەڕ و خوێنڕشتن، هێرشکردن بۆ سەر بنکە و سەنگەرەکانی پارتی کرێکاران، دانانی قەیوم لە جێی شارەدارە هەڵژێردراوەکان. هەڕەشەکردن بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا.

تا ئێستا  تورکیا لە باشوور و لە ڕۆژئاوای کوردستان ژن و منداڵی کورد دەکوژێت، خێزانە کوردەکان کۆمەڵکوژ دەکات.

پرسیارە بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا ئەلیتەی سیاسی تورک، کە بازرگانی سیاسی بەسەر ئازار و برسییەتی گەلی تورکەوە دەکات، توانای درووستکردنی ئاشتی و برایەتی لەگەڵ گەلی کورد هەیە؟

 ئایا برایەتی لەگەڵ مینتاڵی سایکۆپات و ئاشتیڕەتکەرەوە و شەرخواز و هێڕشبەر دەکرێت؟ 

سەرچاوە : سپی میدیا