لە هەولێر بەرهەمێکی شانۆیی بە بەشداری 110 قوتابی نمایشکرا

بە بەشداری 110 قوتابی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات، شانۆگەرییەک بەشێوەی راستەوخۆ، لە هەولێر پێشکێشکرا و چەند چیرۆکێکی جیهانیی منداڵانی بە سیناریۆیەکی جیاواز پێشکێشکرانەوە.
سارینا پەناهیدە، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە و بەڕێوەبەری ئاڕت ئەکادیمی لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی شوەیفات، بە رووداوی راگەیاند، یەکەمجارە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمێکی شانۆیی منداڵان بەشێوەی لایڤ نمایشبکرێت، چونکە بەرهەمەکانی دیکەی شانۆیی منداڵان پێشتر ریکۆرد دەکرێن و دواتر دەنگیان دەخرێتە سەر و بڵاودەکرێنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە شانۆگەری "Enchanted" سێ گرووپی جیاواز بەشداربوون کە لە 110 قوتابی تەمەن 5-16 ساڵی شوەیفات پێکهاتبوون، نمایشەکە لە سەما و جمناستیک پێکهاتبوو و شەش چیرۆکی جیاوازی لەخۆگرتووە و باس لە هەشت قوتابی دەکات کە دەچنە نێو کتێبخانەیەکەوە و کتێبێکی جادوویی دەدۆزنەوە و بەرەو جیهانێکی دیکەیان دەبات. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قوتابیان لە هەر چیرۆکێکی ئەم بەرهەمە شانۆییەدا، وانەیەک فێر دەبن، لەوانە چیرۆکی ساندرێلا و رابن هود و یەکێک لە وانەکان ئەوەیە، گوێ لە قسەی خەڵک نەگرن تاوەکو راستییەکان بە چاوی خۆیان نەبینن.

سارینا پەناهیدە، روونیکردەوە، شانۆ زۆر گرنگە و ئەوان دەیانەوێت گرنگی زیاتر بە شانۆ بدەن، پێشتریش چەند بەرهەمێکی شانۆییان بەرهەمهێناوە، بەڵام یەکەمجارە بەشێوەی لایڤ شانۆگەرییەک پێشکێش بکەن.

دەقی ئەم بەرهەمە شانۆییە لەلایەن قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات ئامادەکراوە و لە 28-5-2022 لە هۆڵی سەعەد عەبدوڵڵا لە هەولێر نمایشکرا.

 

 

سەرچاوە: rudaw