بەخێرایی شکست بهێنە و زوو زوو شکست بهێنە..!

 

Aras Omer

ئاراس عومەر

جۆرە بیردۆزو بیرکردنەوەیەک هەیە لە بواری کارسازیدا پێی دەوترێت (Fail Fast, Fail Often)، واتای  بەخێرایی شکست بهێنە و زوو زوو شکست بهێنە. جا هەندێک پشتگیری لەم شێوازی کارسازیە دەکەن و هەندێکی تریش نا.

مەبەست لەم شێوازە ئەوەیە کە بتوانیت شکستی خێرا و زۆر قبوڵ بکەیت و بەردەوام بیت تا ڕێگا راستەکە ئەدۆزیتەوە یان ڕەنگە کۆتاجاریش بە داهێنانێک کۆتایی بێت. پەیڕەوکەرانی ئەم شێوازی کارکردنە دەڵێن هەر لە سەرەتاکانی کارێکەوە کە زانیت ئومێدی لێ ناکرێت بەخێرایی کۆتایی پێبهێنە و ئەزموونی خۆتی لێوەرگرەو بڕۆ سەر دانەیەکی تر. ئیتر لەوانەیە ئەم شتە هەمیشە بەردەوام بێت، دەشکرێت لە شوێنێکدا ئیتر شکستی
تیا نەبێت و بەردەوام بیت.

هەر سەیرێکی چواردەوری خۆت بکە خەڵکانێکی وا دەبینیت، ئەمڕۆ خەریکی شتێکن و سبەینێ شتێکی تر و دووسبەی شتێکی تر. جا ئەم مێنتاڵتیە هەندێک دەڵێن زۆر باشە و لە شوێنێکدا دەگاتە جێ (وەک ئەو چیرۆکانەی گوایا کابرا سەد جار ھەوڵی دا و شکستی ھێنا لە کۆتایدا بوو بە شت) هەندێکیش دەڵێن زۆر خراپە و کاتێک ئاوڕ ئەدەیتەوە هیچت نەکردوە و تەمەنیشت ڕۆشتووە (بێگومان کێشەکە ئەوەیە ئەوانەی کە بەردەوام سەرنەکەوتوون و نەگەشتونەتە ئامانج نەکراون بە چیرۆک).

دەی ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا تۆ لەگەڵ ئەم شێواز و مێنتاڵتی و بیرکردنەوەیت یان نا؟ بۆچوونت چیە لەسەری؟