(دەرگا لە خۆم دادەخەم) یەكەمین ڕۆمانی (بەختیار عەزیز)ەو لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی (كولتوور)ەو لەم هەفتەیە چاپ و بڵاوكرایەوە.
لەبارەی ڕۆمانەكەوە، بەختیار وتی: لەم ڕۆمانەدا، سەرەتا بە پێنووسی دارین لەسەر پەڕەی ڕۆژنامە نووسیم، دواتر قۆناغگەلێكی زۆری بڕی و گەیشتە ئەمە كە چاوەڕوانیی لەدایكبوونی دەكەم. گرنگ نییە بە چی دەنووسیت،گرنگ ئەوەیە چۆن و چی دەنووسیت. بەرەنگارییە سەختەكە ئەوەیە كەسێكی پڕ لەبرین نەبیت و بتوانیت باسی برینی ئەوانی دی بكەیت، وەكو ئەوەی برینەكە لەسەر جەستەی ئەوان بێت،كەچی دڵۆپە خوێنەكانی لە قووڵایی دڵی تۆوە ڕێچگە بگرن.
بەختیار عەزیز لە كۆتاییدا سوپاسی ئەوانەی كرد، كە هاوكاری بوونە: هاوەڵانم سەردار نۆڕێ و ئاری خەیات و هەژار فەقێ سلێمان و سورێن ئیبراهیم، لە پاككردنەوەی ڕەشنووسەكانی ئەم ڕۆمانەدا، یەكجار ڕۆڵیان هەبووە، من و ڕۆمانەكەش ماچی چاویان دەكەین، لە بڵاوكردنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، غەمگین خدر دوو بوێریی نواند، یەكەمیان ڕۆمانی نووسەرێكی نوێ بڵاودەكاتەوە،دووەمیان ڕۆمانێكی یەكجار بوێر دەگرێتەخۆ، هەموو خوێنەرێكی ئەم ڕۆمانە، وەكو من، قەرزاری ئەو و كولتوورە گەنجەكەی ئەون.
وتیشی: هەر هێڵێكی سوور، (من باوەڕم بە هێڵی سوور نییە)، لەم ڕۆمانەدا تێپەڕێندراوە، تەنها من لێی بەرپرسم و هیچ لایەن و كەسێك لێی بەرپرس نییە.
سەرچاوە: galawej