ئەگەر باوەڕ ناکەن، فەرموو لە حەسەن بپرسن؟!

دانا مەنمی

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەوڵەتی عوسمانی دژ بە فەرەنساو بەریتانیا (هاوپەیمانەکان)، چووە بەرەی ئەڵمانیا و نەمسا و هەنگاریا و دواجار بەرەی دەوڵەتی عوسمانی زۆر خراپ شکستی هینا، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم هاوپەیمانە براوەکان لە ڕۆژی 10ـی ئابی 1920 دا وەک سزایەک پەیمانی ( سیڤەر ) یان دژ بە دەوڵەتی عوسمانی و پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانییەکانی (کەمال ئەتاتورک) واژۆکرد، کە لە بڕکەکانی ( 62 ، 63 و 64 ) یدا مافەکانی گەلی کورد بە تەواوی سەلمێنرابوون، لە ڕاستیشدا بۆ نەتەوەکەمان لەو سەردەم و قۆناغەدا دەسکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون.
کەمال ئەتاتورک داوای لە هاوپەیمانان کرد کە پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێتەوە و لە جێگەیدا پەیمانی لۆزان جێبەجێ بکرێت، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بە بیانووی ناڕۆشنی چارەنووسی کورد لە تورکیادا ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری پەیماننامەیەکی تازەوە بەناوی لۆزان، هەرچەندە نوێنەرەکەی کەمال ئەتاتورک چیرۆکی پێکەوە کیانی کوردو تورکی گیڕابویەوە بۆ نوێنەرانی ئەوروپا، بەڵام باوەڕیان بەو قسانە نەکردبوو، کەمال ئەتاتورکیش بۆئەوەی دەوڵەتی کوردی بەپێی پەیماننامەی سیڤەر دروست نەبێت، دەچیتە شاری دەرسیم و کوردێک بەناوی (حەسەن خەیری) دەدۆزێتەوە و جلوبەرگی کوردی پێ دەپۆشێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە ناو پەرلەمانی تورکیاو لەپێش چاوی میدیا و میدیاکاران حەسەن خەیری دەڵێ: ئێمەی کورد نامانەوێت جیاببنەوە و دەمانەوێت لەگەڵ تورکدا پێکەوە لەسەر یەک خاک بژین.
پاشان کەمال ئەتاتورک و حەسەن خەیری پێکەوە برسکەیەک دەنێرن بۆ لیژنەیەک لەناو پەرلەمانی ئەوروپا بۆئەوەی پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشێتەوە و لەجێگەی پەیماننامەی لۆزان کاری پێ بکرێت، ئەم نواندنەی حەسەن خەیری زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی میلەتەکەمان دەگەیەنیت و خەونی دەوڵەتی کوردی لەبار دەبات، دوای ئەوەی ئەتاتورک دڵنیا دەبێت لەناوچوونی پەیمانی سیڤەر هەر زوو حەسەن خەیری دەستگیردەکات و ڕووبەڕوی دادگای سەربازی دەکاتەوە بە تاوانی جیاخوازی و پۆشینی جلو بەرگی کوردی لە ناو پەڕلەماندا، هەرچەندە حەسەن خەیری دەڵێ: ئەو کارەم بۆ بەرژەوەندی تورکیای کردووە تا دەوڵەتی کوردی دروستنەبێت. بەڵام دادگا دەڵێ: لە بەرکردنی جلی کوردی لە ناو پەڕلەماندا پێشێلکردنی دەستورە. لە ئەنجامدا دادگاش حوکمی لە سێدارەدان بەسەر حەسن خەیری دا دەسەپێنێت.
بەداخەوە دەڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان حەسەن خەیریمان زۆرە ، حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ کڵاویان کراوەتەوە سەر و وەک حەسەن خەیرییەکەی لۆزان نۆکەرو چاو و گوێی تورکن! حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ ئەشکەوت و کونەبەرد و یاڵ و سەنگەرو شۆێنپێی ئەو گەریلا قارەمانانەی قەندیل دەستنیشان دەکەن کە ئوستورەی تورک تیکدەشکێنن، ئەوەی ئیستا حەسەن خەیرییەکان دەیکەن دژ ڕۆژئاوا و کەمپی مەخموروسنورەکانی ڕۆژئاوا نە با بە دەواری شر، نە سەرما بە هەتیوی نەکردووە! ئەها ناوبەناویش ئەردۆگان لە دونیای دەرەوەدا لە پێش چاوی میدیاو میدیاکاران قسەو لێدوانی حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ وەک بەڵگەی نیازپاکی نیشان دەدات و دەڵێ: ئێمەی تورک لە هەرێمی کوردستاندا کیشەمان لەگەڵ کورددا نییە و ئەوان برای ئێمەن ، ئەگەر باوەڕ ناکەن فەرموون لە حەسەن بپرسن!

 

سەرچاوە : وتاری کورد