بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەیی خوێندنگاکانی گەرمیانی ڕێکخست، کە تێیدا 10 کورتە فیلم نمایشکران.
ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەیی خوێندنگاکانی گەرمیان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیانەوە ڕێکخرابوو.
10 کورتە فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکران، کە لە ژانەری پەروەردەی (ژینگەدۆستیی، تەندروستی، خوێندن، خۆشەویستی و ڕێز) بوون.
نامیق عەلی، بەڕێوەبەری چالاکییە هونەرییەکانی پەروەردەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز وتی:”ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی سازدانی ئەم فێستیڤاڵەداین، ئامانج و پەیامیشمان ئەوەیە خوێندکار سەنتەربێت لە هەموو پرۆسەکانی پەروەردەدا، دەتوانین بەم جۆرە فێستیڤاڵانە خوێندکار ئاڕاستە بکەین، خۆشەویستی پەروەردە و ژینگە و تەندروستی و مامۆستای لەلا زیاتر بکەین”.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا ڕێزلێنانی پەروەردەی گەرمیان بەخشرایە کورتە فیلمەکان، بڕیارە لە ساڵانی داهاتووشدا فێستیڤاڵی لەو شێوەیە ڕێکبخرێتەوە و ژمارەی فیلمەکانیش زیاتر بکرێت.
سەرچاوە: rojnews