د. عادل باخەوان
یەکەم: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەگەر دۆخێکی نائاسایی ئەفسانەگەرا ڕونەدات، لە نێوان یەکی ئۆکتۆبەر بۆ پانزەی ئۆکتۆبەردا سازدەدرێت.
دووهەم: پێشبینی من ئەوەیە کە هیچ لە پەیوەندیەکانی هێز ناگۆڕێت و پێگەکانی حیزبەکان گۆڕانکاری ڕادیکاڵیان بەسەردا نایەت.
سێهەم: بەپێیی هەموو ئاماژەکان و زانیاریەکان، پرسی پارێزگاری کەرکوک و پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پاش هەڵبژاردن بەیەکەوە گرێدەدرێن و دەکرێن بەیەک پاکێج.
چوارهەم: بەپێی بەشێک لە ئاماژەکانی دیکە، گریمانەی ئەوەهەیە کە پێکهێنانی حکومەت و پرسی پارێزگاری کەرکوک، دوابکەوێت بۆ پاش هەڵبژارندی پەرلەمانی عێراق لە مانگی یانزەی ساڵیداهاتوودا و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پۆستەکانی بەغدا و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم و پارێزگاری کەرکوک بەیەکەوە گرێبدرێن.
پێنج: پاش ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و تاران، چیتر لەسەر ئاستی مەودای مامناوەندی موشەک و درۆن بەسەر هەرێمی کوردستاندا نابارێن و چیتر دادگای فیدراڵی دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمدا ناکات.
شەش: لەسەر ئاستی عێراق، میلیشیاکان بەسەر چوار گروپی سەرەکیدا دابەشدەبن، گروپێک کە پشتگیری لە سودانی دەکات (بەدر و عەسائیب)، گروپێک دژایەتی حکومەت دەکات (کەتائیب و نوجەبا)، گروپێکی دیکە لە بۆسەدایە بۆ هەموان (سەرایای سەلام) و دوا گروپیش ختوکەی خۆپیشاندانی گەورە دەدات (میلیشیاکانی نزیک لە مەرجەعیەت).
حەوت: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ململانێی نێوان مالیکی و سودانی چڕدەبێتەوە، بەڕادەیەک کە لە دوا بەیەکگەیشتنیاندا لە ڕوبەرێکی هاوبەشدا، مالیکی ئامادەنەبوو کە نەک هەر تەوقە لەگەڵ سودانیدا بکات، بەڵکو تەماشایشی بکات.
هەشتەم: بەپێی هەندێک زانیاریەکان، ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە حەلبوسی جیابوونەوە، لایەنێکی یەکجار بەهێز، هەر پەرلەمانتارێکی بە دوو سەد و پەنجا هەزار دۆلار کڕیەوە و هەمویان پێکەوە دوو ملیۆن و پێنج سەدا هەزار دۆلار لەسەر ئەو لایەنە کەوتوون، بەڕادەیەک کە چیتر حەلبوسی نەتوانێت ببێت بە مەترسی.
نۆهەم: سەدر بە دوو واژوەوە دەگەڕێتەوە نێو کێڵگەی سیاسی، واژوی ئێران و واژوی مەرجەعیەت. سەدر چیتر وەک گوزارشت لە فیگەری ناسیۆنالیزمی عێراقی ناگەڕێتەوە، بەڵکو وەک گوزارشت لە پرۆژەی تەشەیوعێکی توندڕەو.
دەهەم: تەمەنی سودانی لە سەرۆکایەتی حکومەتدا تا مانگی یانزەی ساڵی داهاتوو بڕدەکات. سودانی بنکەیەکی جەماوەری گەورەی وای بۆ دروستبوە کە چیتر نەتوانێت لە حکومەتدا بمێنێتەوە، چونکە بەپێی ترادیسۆنی نافەرمی، لە عێراقی پاش سەدام حوسەیندا، سەرۆکوەزیران دەبێت هەمیشە لاوازترین بێت لەنێوان بەهێزەکاندا. لە دوو ساڵی ڕابوردودا، هێزی سودانی هێندە گەوربووە کە چیتر نەتوانێت کە پێگەی سەرۆکوەزیراندا بمێنێتەوە.
یانزەهەم: ڕێگای گەشەپێدان، کە بڕیاربوو بە هەرێمی کوردستاندا تێنەپەڕێت، لە کۆتایدا ناچاکرا کە بە پارێگای دهۆکدا تێپەڕەت و لە دیزاینی نوێدا کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە، پارێزگای دهۆک لە خۆی دەگرێت.
سەرچاوە : خەندان