یاسا شەرعییەکان رێگەخۆشکەرن بۆ سەرکوتکردنی ژن

دەروون ڕەشید

سیستمی سیاسی و دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان سیستمێکە لەژێر هەژمونی ئاینی و کلتوری دایە، کۆمەڵگای کوردیش بەناو هەناوی پێوەرە ئاینیەکاندا تێپەڕیوە، بۆیە چاکسازی لە پێگەو مافەکانی ژن لەزۆرێک لە یاساکانی عێراق و کوردستاندا نامانگەیەنێتە ئامانج، دەبێت دەست بۆ کلتور و نەریت بەرین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە شۆڕشیکی کلتوری هەیە.

ئەرکی دەسەڵات، تەنیا دەرچوواندنی یاسا و ڕێسا و هەنگاوە فەرمییەکان نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی گرنگتر و زیاتر بنێن بەجۆرێک دەستکاری نەریتی کۆمەڵگا بکەن تاکو یەکسانیی جێندەریی پێ بپێکێت.ئەم چەمکی یەکسانییەش لەنێو پیاوانی رۆژهەڵات خوێندنەوەی هەڵەی بۆکراوە، کاتێک دێیتەسەر باسی یەکسانی وادەزانن واتە پیاوان چی دەکەن چۆن کات بەسەر دەبەن دەبی ئافرەتیش وابیت، کە  ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە و راستەکەی ئەوەیە کچەکانمان بەچاوی یەکسان تەماشایان بکەین لەگەل کوڕەکانمان.

تێڕوانین و دیدی  کۆمەڵگای کوردی بەرامبەر بە ژن تێڕوانینێکی پیاوسالارانەو دڵرەقە ئەقڵیەتێکی کۆنەپەرستانەی هەیە پێێوایە ژن دەبێت لەماڵەوەبێت و گوێڕایەڵ و ملکەچی فەرمانەکانی بێت نەک ژنێک خاوەن بڕیارو ئابووری سەربەخۆی خۆی هەبێت و لەسەرپێی خۆی بوەستێت، لە هەمانکاتیشدا ژنان ملکەچبوون بە داواکانی پیاوان و نەیانتوانیوە داوای مافەکانی خۆیان بکەن،هەر لادانێک لەم یاسا کۆنەپەرێزیانە ژن بەرەو لێدان تا ئاستی کوشن دەبات، هەربۆیە دەبینین ساڵانە ئامارەکانی کوشتنی ژن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەڵکشاندان.

ئەگەر بێینەسەر پێگە و مافەکانی ژن لە یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی ئەوەی ئیسلام ئاینی زۆرینەی دانیشتووانە، بۆیە لەم ئەرکەدا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە دەستکاری دیدی خەڵکی خۆیان لەسەر ژن و ئەرک و مافەکانی، بەرەو باشتر بگۆڕن.

دەستووری عێراقی لەمەسەلەی مافەکانی ژندا، کەوتووەتە چەند دژیەکییەکەوە، بەپێی ماددە و بڕگەکانی دەستور نابێت ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا دەردەکرێن، دژی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامیی و هاوکات دژی بنەماکانی دیموکراسیی و ماف و ئازادییەکانی نێو دەستوورەکە بن.

لە تەحەفوزی دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەربارەی مادەکانی پەیماننامەی مافەکانی ژن ، بەشێک لە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامیی، بەتایبەتی پرسەکانی یاسای خێزان و باری کەسیی، دژی مافەکانی ژنن لە یاسای نێودەوڵەتییدا.

لە یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە (111ی ساڵی 1969): لە مادەی 41 بڕگەی (1)دا، مێرد بۆی هەیە بەمەبەستی تەمبێکردنی ژنەکەی، لێی بدات. لە مەسەلەی خیانەتی هاوسەرییشدا بەپێی مادەی 409 ئەگەر پیاو، ژنەکەی یان یەکێک لە مەحرەمەکانی لەکاتی سێکس (زینا)دا بگرێت، دەتوانێت هەردووکیان یان بکوژێت، یان بە سەختیی سزایان بدات و ئەمەش بە ‘بیانوو’یەکی یاسایی بۆ تاوانکار لەقەڵەم دەدرێت و سزای بۆ سووک دەکرێت، لەکاتێکدا ژن ئەم مافەی نییە.

هەروەها بەپێی مادەی 398 ئەوانەی لاقەی مێینەیەک دەکەن، ئەگەر ڕازیبن کە هاوسەرگیریی لەگەڵ بکەنەوە، سزا نادرێن. لەمەشدا هیچ حسابێک بۆ ڕا و ڕەزامەندیی مێینەکە نەکراوە. جگە لەوەش، هیچ مادەیەک تەرخان نەکراوە بۆ سزادانی خەتەنەکردن، تا هیچ نەبێت لەو ڕێگەیەوە پراکتیکی وەها کارێک، کەمتر بێتەوە.

لە یاسای باری کەسیی ژمارە 188ی ساڵی 1959 لە مادە 3ی یاساکەدا ڕێگە بە پیاو دراوە لەگەڵ زیاتر لە ژنێکدا هاوسەرگیریی بکات، بۆ ئەمەش چەند مەرجێکی بۆ دانراوە، کە زیاتر پشت بە باری دارایی پیاوەکە و لێکدانەوە و بڕیاری دادوەر دەبەستێت. واتە ڕەزامەندیی ژنەکە وەک مەرجێک حسابی بۆ نەکراوە. بەپێی مادەی 8، کەسانی تەمەن پازدە ساڵیش دەتوانن هاوسەرگیری بکەن، ئەگەر سەرپەرشتیار و دادوەر ڕازی ببن و کەسەکە شیاو بێت. واتە لە پازدە ساڵ کەمتر، ناتوانێت هاوسەرگیری بکات.

بەپێی مادەی 9ی یاساکە ، ئەگەر کەسێک بەزۆر هاوسەرگیریی پێ بکرێت، چ ژن و چ پیاو، ئەوا هاوسەرگیرییەکەی پووچەڵ دەبێتەوە ئەگەر سێکس نەکرابێت. واتە ئەگەر سێکس کرابێت، بۆیان نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان بکەن.

بەپێی مادەی 17، پیاوی موسوڵمان بۆی هەیە لەگەڵ ژنی مەسیحی و جوودا هاوسەرگیریی بکات، بەڵام ژنی موسوڵمان بۆی نییە.

لە مادەکانی 89 و 91دا، پشکی مێرد لە میراتیی ژن، لە پشکی ژن لە میراتیی مێرد زیاترە. زیاتر لە مادە و بڕگەیەکی ئەم یاسایە پێویستییان بە هەموارکردنەوەیە، وەک حاڵەتەکانی تەڵاقدان و جیابوونەوە.

بەگشتیی، یاساکان زمان و گوتارێکی نێرسالارانەی بەسەردا زاڵە و لە ڕوانگەی باڵادەستیی پیاوەوە بەسەر ژندا، نووسراوە. لەم دەقە یاساییانەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە سیستەمی سیاسی و دەسەڵات هۆی ڕاستەوخۆن لە هێشتنەوەو کۆتایی پێ نەهێنانی چەوساندنەوەی ژن.

بەهۆی ئەو یاسایانەی سەرەوە دەسەڵاتێکی رەها لەنێوکۆمەڵگای کوردیدا دراوە بە پیاوان کە دەقە شەرعی و یاساییەکان بکەنە پاڵپشت و پشتئەستور بەو یاسایانە ژن بچەوسێننەوە، لە ئەگەری لادان و مل نەدان بۆ ئەو داخوازیانەی پیاوان لە لایەن ژنەوە بە سیفەتی شەرعی و کلتوری توڕەیی خۆیان زۆر بەئاسانی و بە یاسا وشەرع بەسەر ژناندا بەتاڵبکەنەوە، کە زۆرجار کوشتنی ژنی لێکەوتووەتەوە، دەسەڵاتیش  زۆر بە کەمی سزای ژن کوژانی داوە.ئەوەش بە دەستتێوەردانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە دەسەڵاتیان لەسەرووی حکومەتەوەیە وهۆکاری سەرەکین لە هێشتنەوەی دیاردەی ژن کوشتن. چونکە بەرپرسەکانی نێو ئەوانن کە داڵدەی ژن کوژان دەدەن و دەیان شارنەوەو لە یاسا دەربازیان دەکەن.

حکومەت ئەگەر بە ڕاسستی و بە کرداری بیەوێت، نەک هەربە قسە لە بۆنەکان و ٨ی مارس دا دژی ژن کوشتن بێت، بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت ژن کوشتن کۆتایی پێ بێت ئەویش بەسزاگەیاندنی دەستبەجێی ژن کوژان.

سەرچاوە : سایتی سنوور میدیا