گەشتنامە، یان شیوەنێکی درەنگ وەخت؟

 

د.ئاراس محەمەد ساڵح

گەشتنامە، کتێبێکی نوێی مامۆستا شێخ محەمەد سۆڵەییە، ئەم گەشتنامەیە بیرەوەری 45 رۆژی ساڵی 1971 –ە لە دەڤەری شارباژێڕ و پێنجوین و قەرەداغ، دوای ئەوەی ساڵی 1970 (کۆڕی زانیاری کورد) دامەزرا، یەکێک لە کار و پرۆژە گرنگەکانی کێوماڵکردنی هەموو ناوچەکانی کوردستان و کۆکردنەوەی دەستنووس و پەند و شیعری فۆلکلۆری و کەلەپوری میللی کوردی بووە.
بۆ ئەو مەبەستە چەند لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە لە دەڤەری سلێمانی  بۆ ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوێن و قەرەداغ، هەریەکە لە مامۆستا رەئوف ئەحمەد ئالانی و مامۆستا شێخ محەمەد سۆڵەیی دیاریکراون، مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ سەرپەرشتی هەموو لیژنەکانی ناوچەی سلێمانی کردووە.
یەکەم وێستگەی گەشتەکەیان
رۆژی 10/7/1971 هەر یەکە  لە مامۆستا ئالانی و مامۆستا سۆڵەیی، کۆڵ و بوخچەی سەفەریان پێچاوەتەوە و یەکەم وێستگەی گەشتەکەیان گوندی باڵخی زێدی مەحوی شاعیر و دۆڵی جافەتی بووە، لە باڵخ هیچی وەهایان دەستگیر نەبووە و چوون بۆ گاپیڵۆن، لەوێ سەردانی تەکێی شێخ محەمەدی گاپیڵۆنیان کردووە، شێخ زۆر هاوکاریان بووە و چیرۆکی نامەی نادر شای ئەفشاری بۆ شێخ حەسەنی گڵەزەردە گێڕاوەتەوە و باسی لەوە کردووە خۆی ئەو نامەیەی روونووس کردووە و لە کتێبخانەی کاک ئەحمەدی شێخدا هەبووە، مێژووی نامەکەی بە ساڵی (1111 ک) داناوە کە بەرامبەرە بە (1698 ز).
ئەم مێژووە هەڵەیە، نادرشای ئەفشار ساڵی (1734 ز)ی هێرشی کردووەتە سەر کوردستان و نامەکەی لە گوندی (مۆکەبە) نووسیوە، نەک سەرچاوەی زەڵم، وەک لەو گێڕانەوەیەدا هاتووە.
 لە درێژەی گەشتەکەیاندا چوونەتە گوندەکانی وڵاخلو، قامیش، دڕی، لەو گوندانەدا ئاماژەی بە هەندێ زانیاریی لەبارەی ژیانی خەڵکەکە و ئاستی تێگەیشتن و باری کۆمەڵایەتیان کردووە، لە ماڵی مەلای گوندەکاندا کتێب و سیپارە و دەستنووس هەبووە، خوێندەوار زۆر کەمبووە، ئەگەر نووسەر هەندێ زانیاری زیاتری لەبارەی گوندەکان و پێکهاتەی دانیشتوان و لەڕووی یەکەی کارگێڕیەوە سەر بەکام یەکە بوون بنووسیایە، گەشتنامەکەی دەبووە کەشکۆڵێکی پڕ زانیاری و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێنەران و توێژەران.
خوێنەر حەز ناکات وچان بدات
نووسەر هێندە ورد و بە زمانێکی سادە و بێ گرێ و گۆڵ ئەم گەشتنامەی نووسیوە خوێنەر رادەکێشێتە نێو دیمەنەکانی رێگاکە و لەگەڵ خۆیدا هەنگاو بە هەنگاو بە رێگەکەدا دەڕوات و لا بەرەو دواوە ناکاتەوە، خوێنەر حەز ناکات وچان بدات و دەیەوێت بەردەوامبێت لە خوێندنەوە و چوونە ناو دیمەنە جوانەکانی نیشتمان و قسەوباسی میوان و خانەخوێکان.
هەردوو هاوگەشت (شێخایەتی و مەلایەتی) فریایان کەوتووە و کورد گوتەنی پێشوازی شاهانەیان لێکراوە، نووسەر شێخ زادە بووە و مامۆستا رەئوف مەلازادە بووە، ئەمەیش وایکردووە رێزی زیاتر و خواردنی باشتریان بۆ ئامادە بکرێت، تەنانەت شێخ زادە هەندێک جار پەنای بۆ نوشتەکردن بردووە، بەڵام هەوڵی ئەوەی نەداوە مەلاژنی نوێ لای مەلا رەش بکات.
ئەم دیمەنانە نووسەر باسیان دەکات وێنایەکی کۆمەڵایەتی ئەو رۆژگارەی کورد پیشانی خوێنەر دەدات و سۆسیۆلیجستەکان دەتوانن سودی لێوەربگرن، دیاردەی دوو ژنە و هەڵوێستی ژن بەرامبەر هەوێیەکەی پەنا بردن بۆ نوشتە و رێزی شێخ و مەلاو بڕوا بوون بە نوشتە و دوعاکانی و دەست و شان ماچکردنی و بە پیرۆز دانانی.
گەشتی قامیش: (لە وڵاخلوەوە کوڕێکی چالاک کە ناوی جەوهەر بوو، ئێسترەکانی هێنایە ژێر رکێف و پیرە بڕنەوی نایە سەر نەڕەی شانی و پێشمان کەوت، بە کێوی بەنەدوورا شۆڕبووینەوە بۆ ئاوایی قامیش) ئەم دەربڕینانە ئەوەندە سادە و رەسەنە خوێنەر دەباتە ناو دەمەتەقێی رێبوارەکان و تەقەی پێی ئێسترەکان و بە شاخی بەنەدوورا هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵیان بە هەڵدێرەکاندا سەردەکەوێت.
رێگاکە سەرەو خوارکە بووە
هەروەها دەڵێت: (بە پێو جارجار بە سواری بە بناری شاخی دۆڵبێشکدا وردە وردە گلۆربووینەوە بۆ گوندی باناڵێ، رێگاکە لاپێ و سەرەو خوارکە و ناخۆشبوو، مامۆستاش تەندروستی کۆک نەبوو)، کە وتی گلۆر بووینەوە، واتە: رێگاکە سەرەو خوارکە بووە، ئەگینا گلۆر نەدەبوونەوە، بەڵام لێژاییەکەی زۆر بووە و هەڵدێر و زبران بووە، هەربۆیە دەڵێ: گلۆربووینەوە رێگاکەش ناخۆش بووە، تەندروستی کۆک نەبوو، تەندروستی باش نەبووە.
لە باناڵێ روومانکردە ماڵی مەلا، لە زۆربەی گوندەکاندا ماڵی مەلای گوند خانەخوێی گەشتیارەکان بووە، لە گوندی باناڵی ماڵی مەلا ئیسماعیل-یان پیشانداین، لەو رۆژگارەدا خوێندەواری گوندەکان تەنها مەلاکان بوون، هەروەکو گۆرانی شاعیر دەڵێ:
بۆ میوان ببێ مایەی تەسەللا
لە کۆڕی شەوا مەلایە و مەلا
تۆ و شیعر و مەلا و فەلسەفەی ئیسلام
گوێ راگرتنی تاو تاوی عەوام
بە بێ زیاد و کەم دێنێتە پێش چاو
سەرەنجی کوێران لە نامەی نووسراو

 لە ماوەتەوە بەرەو ژاژڵێ بە ناو دیمەنە جوانەکانی ئەو رێگایەدا حەزیانکردووە درەنگتر بگەنە جێ، گوندی ژاژڵێ لەو هاوینەدا بەو بەرزایەوە روانیویەتی بەسەر بەشی هەرە زۆری شارباژێڕدا، دیمەنێکی هێندە جوان بووە، رێبوارەکان تێر سەیری نەبوون، لە «ژاژڵێ»وە بۆ ئاوەکورتێ، لەوێشەوە بۆ ئەزمەک و دیداری حەمەی عەلی ئاغا، گێڕانەوەی چیرۆکی کوژرانی جەمال عیرفان جارێکی دی چیرۆکێکی تراژیدی و فلیمێکی خەمناکی هێناوەتەوە پێشچاویان.
خۆی بە قەرزاری شێخ محەمەد زانیوە
 حەمەی عەلی ئاغا وەک خاوەنی گوند و زەوی و خاوەن سێ ژن و پێگە بووە و دیوەخانداربووە، لەپای پیاوەتی شێخانی سۆڵە خۆی بە قەرزاری شێخ محەمەد زانیوە، بانگی کیژەکانی دەکات، ئەوانیش وەک تابلۆیەکی جوان و رەنگین ئامادە دەبن: (سێ کچی جوانی باڵا بەرزی نەمامی ناوقەد باریکی شۆخ و شەنگی سوور و سپی و چاو و برۆ قەوی، قژ خورمایی خاو، هەرسێکیان زۆر بە شەرم و ویقارەوە لە بەرامبەرمان راوەستابوون).
نووسەر لەبەرامبەر ئەم تابلۆ جوانەدا فرە ژنی رەتدەکاتەوە، ئیتر خۆی بڕوای پێی نەبووە، یان فشار و ترسی داهاتوو گەڕانەوە بۆ ماڵی بووە؟ هەموو ئەگەرەکان لە دۆخێکی وەهادا بە کراوەی دەمێننەوە! دوای بینینی ئەم تابلۆیەش، چیرۆکەکان تەواو نابن و بەرەو ئالانی شارباژێڕ ملی رێگاکە دەگرنەبەر.
دیمەنە جوانەکانی ناچەی ئالانی هەردوو بەری رۆژهەڵات و باشور و شاخی گمۆ و گوێزڵی و گرگاشێ و شاناخسێ تەواو زیهن و هەست و بینینی نووسەر داگیر دەکەن، موچەی سێڵەتوو دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ نووسەر، موچە لە ناوچەی ئالان بە کۆمەڵە ماڵێک دەڵێن لە دەرەوەی گوند و لەناو باخەکانیان خانوو دروست دەکەن، هەر گوندێکی ناوچەی ئالان لە چەند موچەیەک پێکهاتووە.
چیرۆکی سەیروسەمەرە هەبووە
لە ناوچەی ئالانەوە بەرەو ناوچەی سیوەیل و گوندەکانی مەروێ و بارێی گەورە و سیرێی بابەشێخ و باسنێ و رەشەکانی و بێورێ و گومڵێ و مڕانێ و کانی شوان بەسەر دەکەنەوە، لە هەموو ئەو گوندانەشدا چیرۆکی سەیروسەمەرە هەبووە.
گەڕانەوە بۆ چوارتاو سەردانی قایمام، گەڕانەوە بۆ گوندی کەنگێ، (لە چوارتاوە گەڕاینەوە بۆ دێی کەنگێ لە پشتی چوارتاوە، جانتاکانمان خستە سەر پشتی وڵاخەکە و خۆشمان لۆژە لۆژە بە دوای وڵاخەکەدا و لەگەڵ سەید عەبدوڵادا بە ناو گابەرد و دار و دەوەنی رێگاکەدا بەرەو کەنگێ لابەلا بووینەوە). نووسەر دیمەنی رۆیشتنی خاو و قسەکردنی نێوانیان بە (لۆژە لۆژە) وەسف دەکات، بە جۆرێک دایڕشتووە خوێنەر هەست دەکات لەگەڵیان دەڕوات و گوێ لە دەمەتەقێکانیان دەگرێت.
خەمەکانی جێگەی لەسەر وەستانە
  سەردانی گوندی واژە و خەمەکانی مامۆستا مەلا فەرەجی شەکیب، لەو رۆژگارەدا مەلایەک لە ناوچەی شارباژێڕدا خەمی ئەوەی بووە کتێبەکانی چاپ بکرێت ببێتە ئەندامی یەکێتی نووسەران، خەمەکانی جێگەی لەسەر وەستانە، لە کاتی ئێستادا ژمارەیەک مامۆستای ئاینی شاعیر و نووسەری باش هەن، ئایا چەندیان ئەندامی یەکێتی نووسەرانە؟ چەندی تریان گلەیی ئەوە دەکەن کە نەبوونەتە ئەندامی ئەو یەکێتیە.
 نووسەر و هاوڕێکەی فەرهادانە چوونەتە ناو بەرنامەی کاری خۆیانەوە، بە نیازی گەڕانەوە نەبوون، بەرەو پێنجوێن دەڕۆن و خوێنەر لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ ئەو کوێستانە، خوێنەریش لە خەمی ئەوەدایە ئەم گەشتە تەواو نەبێت و زیاتر درێژە بکێشێت.
لە ساڵیاوا کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند هەبووە
 لە گوندی (سپیارە) سۆراغی (شەفیق)ی شاعیر دەکەن، دەچنە شێخەڵمارێن، لەوێ (عەتیق)ی شاعیر دەناسن، پڕ لە زانیاری ئاینی و زەوقی شیعریی بووە، لەوێوە دەچنە بێستانە و ساڵیاوا، لە ساڵیاوا کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند هەبووە، داخۆ دەبێت ئێستا ئەو کتێبخانەیە لە کوێ بێت.
 دەچنە ناوەندی قەزای پێنجوێن و گوندی قزڵجەی نیشتمانی زانا گەورەکان، سەردانی چوێسە و دارۆخان دەکەن، لە دارۆخان (مەلاکەیان سەیدێکی تەنگە قەوی بوو، لە کەنوی بەتاڵ دەچوو، هیچی لانەبوو) دەچنە نزارەو کۆتایی بە گەشتی ناوچەکە دەهێنن.
 سەردانی سەید سادق و پێنجوێن دەکەن، لەوێش سۆراغی دەستنووس و سیپارەو بەیتی شیعری و حیکایەتخوان دەکەن، لە بەرزنجە بە دەست بەتاڵی دەگەڕێنەوە.
 دوای گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی لەدوای دوو رۆژ روو دەکەنە بەری قەرەداغ، لە سۆڵەی دەربەند کەریمی عەبەچەتوون بە دەنگە زوڵاڵەکەی گەشتەکەیان بۆ خۆشتر دەکات، دواتر روو دەکەنە گوندە دڵگیرەکەی دێلێژە و مەزاری شێخ رەزا، دێلێژە گوندێکی جوانی ناوچەی قەرەداغە و شێخە دێیە، لە کۆنەوە مزگەوت و حوجرەی تێدابووە، هەردوو بنەماڵەی موفتی چاوەمار و بنەماڵەی سەفوەت لە بنەڕەتدا خەڵکی دێلێژەن.
ئاخۆ دەبێت (نەمری) ئێستا لە ژیاندابێت؟
گەشتەکەیان بەرەو خاوێ و قازانقایە درێژە پێدەدەن، دواتر دەچنە گوندەکانی دۆڵانی سەرو و خوارو، لە دۆڵانی سەرو کچە شاعیرێکی زیرەک بە ناوی (نەمری) شیعرەکانی خۆی بۆ شێخی نووسەر دەخوێنێتەوە، داخۆ دەبێت (نەمری) ئێستا لە ژیاندابێت و شیعرەکانی لە کوێ بن؟ نووسەر خۆی خەڵکی ناوچەی قەرەداغە و خەڵکی دۆڵان هەندێکی خزم و کەسی ئەوانن، بۆچی هەتا ئێستا سۆراغێکی نەمری و شیعرەکانی ئەویان نەکردووە، ئەمیش بووەتە شیوەنە درەنگ وەختەکەی بۆ هەوڵەکەیان لای کۆڕی زانیاری.
پەردەی شانۆ گەشتەکە دادرایەوە
هەرچەندە خوێنەر حەزی نەدەکرد ئەم گەشتە تەواوبێت، بەڵام پێش ئەوەی ناوچەی قەرەداغ تەواوبگەڕێن و دەیان چیرۆکی نەبیستراو بنووسنەوە، پەردەی شانۆ گەشتەکە دادرایەوە، بەڵام لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی نووسەر و مامۆستا ئالانی کە لەو گەشتەیاندا رەنجی فەرهادیان کێشاوەو زۆر بە دڵسۆزانە گوڵەوەچنی گوڵی ئەدەب و شیعر و کەلەپوری کوردیان کردووە، کێوماڵێکی زۆر وردو بە سەلیقە و لێبڕانەیان کردووە، بۆچی لە هەشتاکاندا سۆراغێکی دەفتەرە 400 لاپەڕەییەکە و کاسێتە تۆمارکراوەکانیان نەکردووە؟ ئەی بۆچی لە نەوەدەکاندا هەوڵیان نەدا؟ ئەی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003 دا بۆ کەس خەمی ئەرشیفی کۆڕی زانیاری نەخوارد و ئەو گەنجینە گرانبەهایانە کە بە رەنجی چەندین فەرهادی خۆنەویست کۆکراونەتەوە لە لەناوچوون رزگار نەکرا، ئەی ئێستا ئەم شیوەنە درەنگ وەختە دەبێت کەسانێک بجوڵێنێ و بکەونە سۆراغی ئەرشیفی کۆڕی زانیاری؟ بەو هیوایەی بێ هیوا نەبین.

 

 

سەرچاوە: knwe